ئەم ئاوە لە کۆنەوە بۆمان ڕژاوە

زیاتر لە دوو سەدە پێش ئەمڕۆ، سنووری دێگەڵە و پاشقولدان و ململانێی براکان و ڕەنگ و دەنگ و ڕۆڵ دابەشکردن هەر هەبووە و بگرە دوورتریش لەوە ڕەگێکی قوڵتری لەمێژووماندا داکوتاوە و ماوەتەوە… ئەوکات ناکۆکییەکانی هەردوو میرنیشینی بابان(١٦٤٩ _ ١٨٥٠) و سۆران (١٣٩٩ _ ١٨٣٥)، گەشتبووە ئاستێک هەم دەستی دەرەکی ڕۆڵی هەبێت و ئاراستەیان بکات و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریانبهێنن، هەمیش هەناسەی لە خەڵکەکەی خۆیان بڕیبوو، هەربۆیە گەشتن بە ژیانێکی دامەزراو و ئاسودە وەک خەونێکی لێهاتبوو بۆیان.

لە کتێبی(چەند لێکۆڵینەوەیەک لە مێژووی بابان، سۆران، بۆتان)لە نوسینی : دکتۆر کاوس قەفتان دەربارەی ئەم ناکۆکییانەی نێوماڵی کورد لە سەردەمی میرنشینەکانی بابان و سۆراندا هەبووە نووسیویەتی :”دووبەرەکی و شەڕوشۆڕی نێوان میرنشینی بابان و میرنشینەکانی دراوسێی وەکو میرنشینی سۆران ، لە جێی ئەوەی ئەو هێزانە یەک کەون، بە پارچە پارچەیی و ناکۆکی مابوونەوە، کە ئەم هۆیەیان نەک ببووە مایەی لاوازی میرنشینە کوردەکان بەڵکە بووە هۆی تێداچوونی میرنشینەکانیش و بەهێزبوونی ئێران بەگشتی و دەوڵەتی عوسمانی بەتایبەتی و سەرکەوتنیان.”

هەڵکەوتەی جوگرافیای میرنشینی بابانیش وەها بوو، کە کەتبووە ناوچەی پێکداهەڵپژانی هەردوو دەسەڵاتی فارسی و عوسمانییەکان، ئەمەش بەتەواوی کاریکردبووە سەر ژیانی خەڵکەکەی  بەجۆرێک کاتێک کلۆدیوس جیمس ڕیچ  لە گەشتەکەیدا ، کە لە ئایاری ١٨٢٠دا دێتە سلێمانی و لە زمانی  کاربەدەستێکی میرنشینی بابانەوە دەگێڕێتەوە، کە پێیدەڵێت : “ماڵ بۆ دروست بکەین و چاکی بکەینەوە و دەستی پیابهێنین، لەکاتێکدا لەوە دڵنیانین تاسەر تیایدا بژین، ماڵوێرانی ئەم وڵاتە لە بێ ئاسایشیدایە.”

ئەم کاریگەرییە ناسەقامگیرییەی ژیانیان ببووە هۆی داتەپینی ئابووری و کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتیش دروست کردووە ،”ئەمەش بووە کۆسپ لە ڕێی پێشکەوتن و  پێگەیشتنی میرنشینی بابان، چونکە دواکەوتنە کۆمەڵایەتییەکە لە ئەنجامی دۆخە ئابوورییە دوواکەوتووە پەرێشانەکەوە بووە.”

(سەرچاوەـ چەند لێکۆڵینەوەیەک لە مێژووی بابان، سۆران، بۆتان، د.کاوس قەفتان، چاپی یەکەم، چاپخانەی الحوادث ، بەغداد، ١٩٨٥، لاپەڕەکانی، ١٦ و ١٧ .

ڕانانی : هەردی عومەر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *