بەرکوڵێک لە کتێبی نهێنیەکانی دادگایکردنی قازی محمد و هاوڕێیانی

شای ئێران : من حوکمی سێدارەدانی قازییەکانم واژۆ نەکردووە .
کاتێک پێشەوا قازی محمد لەبەرامبەر دادوەرانی دادگای سەربازی پێکهێنراوی دادگاییەکەی ڕاوەستاوە، پێشەوا لە وەڵامی پرسیارێکی دادوەرەکە، کە پێیدەڵێت:”ئێوە داڵدەتان بردۆتە لای دوژمن”(مەبەست ڕووسەکانە).
پێشەوا قازی دەڵێت:”ئەی ئێوە لە کوێ بوون تا بەرگری لەو کارەساتە بکەن؟ ئێوە بەم هەموو ئەستێرە و مەدالیاوە لە کوێ بوون کاتێک کە ئەم دوژمنە هاتووەتە ناو خاکی نیشتمان؟”
دەوترێت تەواوی پرۆسەی دادگاییەکە چوار ڕۆژی خایاندووە، لە دووەم ڕۆژدا پێشەوا نزیک بە چواردە کاتژمێر قسەی کردووە و تۆمەتەکانی ڕەتکردووەتەوە و بەرگری کردووە: “من لە سوچی زیندانەوە هاوار دەکەمە سەر دەوڵەتی تاران و سەرانی، دەڵێم: کە ئێوە تاوانبارن نەک ئێمە…ئێوە وڵاتی ئێمەتان داگیرکردووە و هێرشتان کردووەتە سەرمان و لەماڵی خۆماندا بەدیل دەمانگرن و دەمانخەنە بەندیخانەوە… گشت ئەو مەسەلانەی ڕوویانداوە سەرچاوەکەی سیاسەتی زاڵمانەی حکومەتە، تەنانەت حکومەت ڕێگەنادات خەڵکەکە خۆیان نوێنەرەکانیان هەڵبژێرن و بینێرنە پەرلەمان… ئەگەر دەوڵەت تەواوی کوردەکان بەخائین دەزانێت، با دەست لەو ناوچەیە هەڵبگرێت و ئەگەر بە وڵاتپارێزی دەزانێت ڕێگە بدات خۆیان کاروبارەکانیان بەڕێوەبەرن…”
پێش ئەوەی پێشەوا قازی و هاوڕێکانی ببرێتە بەردەم پەتی سێدارە، لە بەرەبەیانی ٣١ی ئازاری١٩٤٧ لە بینای شارەوانی مهاباددا لەبەردەم ژمارەیەک بەرپرسانی دەسەڵاتی ئێرانی، پێشەوا دوو وەسیەتنامە دەنووسێت، یەکێکیان بۆ خانەوادەکەی و ئەویتریان بۆ نەتەوەی کورد، بەڵام ئەو وەسێتنامەی بۆ نەتەوەکەی نووسیوە بزرکراوە و پیشان نەدراوە. لە وەسێتنامەکەی بۆ خانەوادەکەی هاتووە: “بەو هەموو تواناوە لەبەر دەستمدا بوو، ئەگەر شەڕمان بکردایە ، ڕەنگە شکستمان نەهێنایە، بەڵام بۆ بەرگری لە وێرانبوونی مەهاباد و کوژرانی خەڵک، شەڕمان نەکرد. بەو هەموو دەرفەت و تواناوە لەبەردەستمدابوو، دەمانتوانی لە مهاباد دوور بکەوینەوە، من ئەو خاڵە دیسانەوە لە قسەکانمدا بۆ خەڵکی مهاباد گێڕاومەتەوە، دەمزانی ئەگەر هەڵبێم، لێرەدا (مەهاباد) هەروەکو تەورێز کوژران و تاڵان ڕوویدەدا، بە خەڵکم ڕاگەیاندبوو ڕەنگە من دەستگیربکەن و بمکوژن، بەڵام بۆ ئەوەی نامووستان بپارێزرێت و نەکەونە بەردەستدرێژییەوە، من ڕاناکەم و خۆم قوربانی ئێوە دەکەم. ئێستا من وەفا بە بەڵێنەکەم دەکەم و لەسەر ئەو باوەڕەم بەدرێژایی مێژوو فیداکارییەکی وەها نەبینراوە.
ئەڵبەت ئێوەش پێویستە بۆ کەسانی بنەماڵەم وەفادار بمێنن و تۆڵەی من بسەننەوە. شانازی دەکەم لە ڕێگەی نەتەوەکەمدا خۆم فیدا بکەم. بژی ئازادی و سەربەخۆیی…”
کاتێکیش پێشەوا ڕووە و پەتی هەڵواسراوی گەردنی هەنگاو دەنێت، دەسماڵێک دەهێنن هەتا چاوی دابەستن، بەڵام پێشەوا  ڕێگەنادات چاوی دابەستن، پێیان دەڵێت: “ئەی خائینەکان ، من لەبەرامبەر نەتەوە و نیشتمانەکەمدا شەرمەزارنیم تا چاوم ببەستم… دەمەوێ لەدوایین چرکەکانی ژیانمدا بەباوەڕ و سەربەرزییەوە سەیری ئاسۆی نیشتمانی خۆشەویست و جوان و دڵڕفێنم بکەم، کە بە چ شێوازێک تاریکی لەناو دەبات. من ڕۆڵەی وەفاداری میللەت بووم و ئێستاش هەم. مەرگ بۆ داگیرکەران، مەرگ بۆ پەهلەوی، بژی ئێرانی ئازاد، بژی نەتەوەی کورد و سڵاو بۆ کورد و کوردستان…”
دوای دوو ساڵ لە سێدارەدانی قازی و هاوڕێکانی، محمد ڕەزا شا لە سەفەرێکیدا بۆ مەهاباد لەبەرامبەر خێزانەکەی پێشەوا قازی محمددا دەڵێت : “من حوکمی لە سێدارەدانی قازییەکانم واژۆ نەکردووە، سیاسەتی جیهانی وایکرد.
هەردی عومەر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *