قسەی ناشیرین لە ناخی جوانەوە دەرناچێت

نوسینی: پارێزەر محمد عبدالکریم

مەلا عەبدولکەریمی مودەریس دەفەرمووێت:

نیشانەی کەسێ کە دڵی چاکە
ئەوەڵ ئەوەیە کە دەمی پاکە
دەم تەرجومانە بۆ خەزێنەی دڵ
بە خراپە بدوێ یاخود بە چاکە

زوبان تەنها ئامڕازێکە بۆ دەربڕینی ئەوەی لەناخدایە، ئەگەر ناخ جوان و پاك بوو ئەوا زوبان تەنها جوانی و پاکی دەگوازێتەوە، وە گەر ناخ ناشیرین و ڕەش بووبێت ناشیرینی دێنێتە سەر زار.

هەروەکو مەولانا دەڵێت: ئەوەی مرۆڤ دەیهێنێتە سەر زار ئەوەیە کە لەناخیدایە هەروەك چۆن ئەگەر بەرمیلێك شیری تێدا بێت ئەوا بەلوعەکانی شیریان لێوە دێت و، ئەگەر خوێنی تێدابێت ئەوا خوێنی لێوە دێت.

إبن عباس لە ڕاڤەی (الطیبات للطیبین) دا دەڵێت: واتا وشەی پاك لە ناخی پاکەوە دەردەچێت.

مرۆڤ تاوەکو ناخی پاك بێت پێویستی بە تەزکیەی دەرون و پەروەردەکردنی ناخی هەیە و پێویستە ڕاهێنان بکات لەسەر خراپە نەکردن و خراپ نەگوتن، بەو واتایەی کەسێك بۆ ئەوەی ڕاستگۆ بێت پێویستە ڕاهێنان بکات لەسەر ئەوەی درۆ نەکات و، بۆ ئەوەی دەست پاك بێت پێویستە ڕاهێنان بکات لەسەر ئەوەی دزی نەکات.

واتا تاوەکو ناخ پاك بێت پێویستە زوبان لەسەر خراپ نەگوتن ڕابهێندرێت و، هەرکاتێك ناخ پاك بوویەوە ئەوا زوبان بۆ خۆی تەنها چاکە لە ناخەوە دەگوازێتەوە، چونکە سەرچاوەی ووشەکان ناخە و ڕۆڵی زمان گواستنەوەی ئەوەیە کە لەناخدایە.

گەر بڕوانین پێغەمبەر (ص) داوای ئەم خۆ ڕاهێنانەمان لێ دەکات لەسەر ئەوەی کە خراپ نەڵێین و، تەنها چاك بێنینە سەر زار
(فلا تقل بلسانك إلا معروفا) و (فلیقل خیرا أو لیصمت).

هەروەکو پێغەمبەر (ص) لە فەرموودەیەکی تردا باس لەم پەیوەندییە ڕاستەوخۆیەی نێوان ناخ و زوبان دەکات و، دەفەرمووێت: باوەڕی بەندە دامەزراو نابێت هەتا دڵی دامەزراو نەبێت و، دڵی دامەزراو نابێت هەتا زوبانی ڕێك و دامەزراو نەبێت.

گەر سەرنج بدەین لە ئاینی ئیسلامدا زۆر بایەخ بە زمان پاکی و چاك وتن دراوە، خودای گەورە لە دوای فەرمان بە تەقوا و خۆپارێزی فەرمانی بە وتەی چاك کردووە (یا أیها الذین آمنوا اتقوا اللە و قولوا قولا سدیدا).

هەر لە بایەخی زمان پاکیدا سەروەر (ص) دەفەرمووێت: هەرکەس زامنی ئەوەی نێوان شەویلگەکانی بکات منیش زامنی بەهەشتی دەکەم.

کاتێك مرۆڤ لەڕێی پەروەردە و ڕاهێنانەوە ناخی خۆی پاك کردەوە و بیر و خەیاڵی لە پیسیەکان ڕزگار کرد، ئیتر ئەو مرۆڤە توانای خراپ گوتنی نامێنێت و، تەنها چاکە لەزاریەوە دەردەچێت هەروەك کاتێك کە مەولانا لەگەڵ خوێندکارەکانیدا به گەڕەکێکدا دەڕۆیشت کەسێك هاتە پێشەوە و قسەی ناشیرین و جوێنی بە مەولانا گوت.
مەولانا بە جوانی وەڵامی دایەوە، خوێندکارەکانی سەریان سوڕما و ووتیان: مامۆستا بۆ بەهەمان شێوە وەڵامی نادەیتەوە؟!
مەولانا فەرمووی: ئەوەی ئەو وتی ئەوەیە کە لەناخیدایە و ئەوەی من وتم ئەوەیە کە لەناخمدایە، واتە ئەو دەربڕینی لە ناخی خۆی کرد و من دەربڕینم لە ناخی خۆم کرد.

چونکە مەولانا لەڕێی خۆ پەروەردەکردنەوە گەیشتبووە ئاستێك کە توانای ئازاردانی دڵی ئەوانی دیکەی نەبوو وەك خۆی دەیگوت: شکاندنی دڵی ئەوانی دیکە لە قاموسی مندا کوفرە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *