گەنج کۆچ دەکا یان هەڵدێت؟

سەهەند ملا
کاسمان علی
ڕۆیشتنی گەنج دەبێتە مەترسیەکی گەورە لەسەر ئاییندەی هەر وڵاتێک، وەک هەمووان دەزانن وڵات بەبێ دەستی کاری ناوخۆیی نە پێشدەکەوێت نە داهاتوویەکی پڕشنگداری دەبێت. بۆیە پێویستە هەموومان بەپێێ ئاست و توانای خۆمان بەڕێگای جیاواز ڕێ نەدەین بەم لێشاوی کۆچکردنەی گەنجانی ئەم وڵاتە، کەمن پێم وایە کۆچکردن نیە بەڵکو هەڵاتنە لەو بارودۆخەی لە وڵاتدا هەیە، زۆرکات ترس هەیە لە ڕوبەڕووبونەوەی کێشە و گرفتەکان کە لە ناوخۆیی وڵاتدا هەیە، هەر لە گەندەڵی و زوڵم و ستەم و هتد..
پەندێکی باو هەیە دەڵێت (تا خۆر هەڵنەیەت، ئەڵماس و زێڕەکان لە تاریکیدا نابریسکێنەوە). بەزۆر پێوەر، لەم نەوەیەدا هەزاران خاوەن عەقڵ و ژیری و زانستخواز و داهێنەر سەرپێکەوتوون، کە دەتوانن ئاییندەی وڵات ڕوناک بکەنەوە.
کۆچکردن: بریتییە لە جێهێشتنی خاک و خەڵک و نیشتمان کە تێیدا دەژی، بەرەو خاک و خەڵک و نیشتمانێکی دیکە بە ئامانج و مەبەستێکی دیاریکراو و نیەتێکی پێشوەختە لەبەر هۆکار و بەربەستی جیاواز…
گەنج: کە بەسەرمایەی وڵات دەژمێردرێ واپێناسەکراوە: بریتییە لەو کەسەی نەخشە بۆ ئایندە دادەڕێژێت و بەشێوەیەکی سیستماتیک کار و تێکۆشان دەکات بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو، واتا؛ گەنج گرنگترین چینی کۆمەڵگەیە و بەسامانی وڵات دادەنرێت.
بەڵێ ڕێگەگرتن لە کۆچی گەنجان ئەرکی دەسەڵاتە کە دەبێت بەئاستێک بڕوانێتە ئەو کێشەیە لە چوارچێوەی بەرژەوەندی باڵاو ئاسایشی نەتەوەییدا، لەهەمان کاتتدا گەنجیش دەبێ درک بە بەرپرسیارێتی خۆی بکات و لەو ئاستەدا بیر بکاتەوە، ئەگەر دەسەڵات بەباوکیش پێناسە بکات ئەوا ئەرک و بەرپرسیارێتیەکە دەبێت دوو لایەنە بێ، نەک وەک کەسێکی بێ توانا و بێ ئیرادە لە چاوەڕوانی باوکدا بێ. گەنج بە پێی ئەو وزەیەی هەیەتی چاوەڕوان دەکرێت خولقێنەر، داهێنەر بێ، نوێگەری و دروستکەری ستایلی ژیانی نوێ و کلتوری نوێ بێ. جیاواز و باشتر و پێشکەوتووتر بێ لە ستایلی ژیانی باب و باپیرانی.
هەژاری و نەبوونی هەلی کار و گەندەڵی…هتد وەک هۆکار ناودەبرێن بۆ کۆچی گەنجان، هەژاری هیچ وڵاتێک بەراورد ناکرێت بە هەژاری وڵاتێکی دیکە، واتە هەژاری چەمکێکی ڕێژەییە، هەژاری گەنجێکی کورد دەکرێت لەوەدا بەرجەستە بێت بۆ نمونە توانای هاوسەرگیری و پێدانی کرێی خانووی نەبێت، یان ناتوانێت ببێتە خاوەن خانووی خۆی، یان ئەگەر سەیری کەرتی تەندروستی بکەین بەهۆی نەبوونی بیمەی تەندروستی و سیستەمێکی پێشکەوتووی تەندروستییەوە وایکردووە خەرجی نەخۆش و نەخۆشخانەش کێشەیەکی جددی هەموو کۆمەڵگەکەمان بێت، بەڵام گەنجانی ئەوروپی یان گەنجانی زۆرێک لە وڵاتە عەرەبیەکان ئەم کێشانەیان نییە!
پێویستە دەسەڵات بەرەنگاری ئەو جۆرە هەژارییە ببێتەوە کە گەنجی کورد دووچاری بۆتەوە، چونکە دابینکردنی پێداویستییە سەرەکیەکانی ژیانکردن بۆ هەموو چینەکانی کۆمەڵگە و بە تایبەت گەنجان کاری لە پێشینەی هەموو دەوڵەت و حکومەتێکە، لەگەڵ هەوڵدان بۆ نەهێشتن و کەمکردنەوەی دیاردەی گەندەڵی کە دەبێت زۆر بەجدی و هەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، چونکە لێکەوتە و کاریگەرییەکانی گەندەڵی مەترسیدارن و تەنانەت بەهۆکارێکی ڕاستەوخۆی کۆچی گەنجانیش دادەنرێن.
ئەم پێداویستییە بنەڕەتییانەی کە مافی ئاسایی و سروشتی هەموو گەنجێکە: بوونی کارێک وەک سەرچاوەی بژێوی ژیان و پێکهێنانی ژیانی هاوسەری،بوونی شوێنی نیشتەجێبوون. و دڵنیایی و نەبوونی ترس و دڵەراوکێ بۆ داهاتوو.

هۆکارەکانی کۆچی گەنجان زۆر بەکورتی:
١- دەرەنجامی گەندەڵی و نادادی و نایەکسانی و حزب حزبێنە و خزم خزمێنە و مەعسوبیەت.
٢- نائومێدی گەنجان و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، لە هەموو شتێک چونکە ڕۆژانە شت بەچاوی خۆیان دەبینن.
٣- نەبوونی حکومەتێکی یەکگرتوو تێیدا مافی هاوڵاتیان بەرجەستە بێت.
٤- بێ توانایی لە بونیادنانی ژێرخانی ئابووری.
٥- لە رۆژگاری ئێستادا باری گەنج قورستربووە و ڕەوشی گەنج زۆر خراتر بووە.
٦- ڕەوشی کوردستان ٣٠ ساڵە هەر بە پینە و پەڕۆ هاتووە و هیچ پلانێکی جدی بۆ داهاتوو نەبووە، ڕاستە وەزارەتی پلان دانانمان هەبووە بەڵام بێ سوود بوە.
٧-نەبوونی دەزگایەکی شەفاف بۆ نەوت و کۆمپانیاکان بە شێوەیەک کە بۆڕی و نەوت بەتانکەر شەفاف بێت و گەنجانی کوردستان لێی سوودمەند بن.
٨- نەبوونی هێزێکی سەربازی یەکگرتووی نیشتیمانی.
٩- هەتاوەکو ئێستاش دوو ئیدارییە.
١٠- نەبوون یاخود لاوازی کەرتی تایبەت و کارگەکان بۆ ئەوەی گەنجان کاری لەسەر بکەن.
١١- نەبوون یان کەمی پڕۆژەی تایبەت بە سەددەی ئاو بۆ بوارەکانی تایبەت بە کارەبا و ماسی و گەشتوگوزار.
١٢- خراپی ڕێگە و بانەکان.
١٣- بێکاری.
١٤- نەبوونی سلفەی هاوسەرگیری و سلفەی عەقاری و سلفەی زراعی.
١٥- گرانی نرخی کەلوپەل لە بازاڕدا.
١٦- دابەش نەکردنی نەوت و غاز بەنرخی هەرزان بەسەر هاوڵاتیان.
١٧- نەمانی ئینتمای قەومی و نیشتمانی لای تاکی کورد.
١٨- نەبوونی دامەزراندن لە کەرتی گشتی.
١٩- نەبوونی سیستەمێکی پەروەردەیی هاوچەرخ.
٢٠- دانەنانی کەسی شیاو لە شوێنی شیاو. ئەمانە و چەندان هۆکاری دیکە وایانکردووە کۆچی گەنجان ببێتە دیفاکتۆیەکی ناچاریی.
چارەسەرەکان:
١- چارەسەرە سیاسییەکان؛ پارتی سیاسیی ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگە، چونکە بەڕێوەبردنی وڵات و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی هاونیشتمانیان و بەشداری و پێکهێنانی دەزگا فەرمیەکانی وڵات بەشی زۆری لەڕێگای پارتە سیاسییەکانەوە دەبێ، بۆیە پێویستە لەسەریان گرنگی تایبەت بە گەنج بدەن و وازبێنن لە دروشم و بەکارهێنانی ناوی گەنج و پێهەڵدانی بێ کردار.
٢- چارەسەر کردنی قەیرانەکانی هەرێم، بەتایبەت مووچە و بژێوی هاوڵاتیان.
٣- چالاک کردن و ئەکتیڤ کردنی دامەزراوە جیاوازەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
بەداخەوە ئەم قەیرانە داراییەی دروستیانکردوە، کراوەتە بەهانەیەکی گەورە و ئاسان بۆ خۆدەربازکردن لەهەموو بەرپرسیاریەتیەکان و ئەنجامنەدانی کارە پێویستیەکان و کەمتەرخەمی لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکاندا، چونکە ئێمە لەکاتی ئاسایی و بێ کێشەییشدا ناتوانین بەپلان و دوربینی کار و ئەرکەکان بە ئەنجام بگەیەنین، جا لە کاتی قەیران و شەڕدا دەبێت چۆن بتوانین؟
٤- دەزگا پەروەردەییەکانی کۆمەڵگە ڕۆڵی خۆیان ببینن لە پەروەردەکردن و ئاڕاستەکردنی گەنجان وەک خێزان و خوێندنگە و شوێنە ئایینیەکان و کەلتووری نێو کۆمەڵگە.
٥- دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕۆڵی ئیجابی بگێرن بە بەخشینی ئومێد و هیوا بە داهاتوو لای گەنج درووست بکەن.
٦- توێژینەوەی زانستی: ئەنجامدانی توێژینەوەی تایبەت بە گرفتەکانی گەنجان و دیاردەی کۆچکردن و کاریگەری هۆکار و ڕێگاکانی چارەسەربوون و بخرێتە ڕوو لەلایەن دەزگای تایبەت و لایەنی پەیوەندیدار.
٧- پەرەپێدان و بونیادنانی تواناکانی گەنجان و دۆزینەوەی دەرفەتی کار و بەگەڕخستنی توانا و وزەکانی گەنج بەباشترین شێوە.
٨- بەهێزکردنی ئینتیمای نیشتمانی و خۆشویستنی وڵات و کۆچ نەکردن لە خاک و نیشتیمان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *