سەگە کوردییەکەی مەلیک غازی

دوای ئەوەی یەکەم پادشای عێراق(مەلیک فەیسەڵی یەکەم)بەهۆی نەخۆشی دڵەوە لە (٨ی ئەیلولی ١٩٣٣)لە سویسرا کۆچی دوای دەکات، کوڕەکەی(غازی)جێگەی دەگرێتەوە و دەبێتە پادشای عێراق.
مەلیک غازی (ئازاری ١٩٢٦ )دەچێتە لەندەن و لە (Harrow School)
دەست بە خوێندن دەکات.
دوای گەڕانەوەی بۆ عێراق و لە ساڵی(١٩٢٨) بۆ ماوەی چوار ساڵ لە کۆلێژی سەربازی خوێندوویەتی. لە کۆلێژی سەربازی لەگەڵ قوتابییەکی کورددا بە ناوی(فواد عارف)ی خوشکەزای (ماجد مستەفا)پێکەوە دەبنە هاوڕێ و دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی کۆلێژی سەربازی و پێدانی پلەی ئەفسەری، (غازی)لە کۆشکی(ئەلزهور)ی سەرۆکایەتی (فواد عارف)دادەمەزرێنێت و دەیکات بە بەرپرسی پاسەوانەکانی کۆشک.
مەلیک غازی حەزێکی تایبەتی بۆ ئاژەڵان هەبووە، بە تایبەت ئەسپ و سەگ، هەر بۆیە ئەدۆڵف هیتلەر لە ئەڵمانیاوە بە دیاری دوو سەکی گەورەی بۆ دەنێرێتە بەغدا. بەڵام بەهۆی تەزووی کارەباوە یەکێک لە سەگە ئەڵمانییەکەی مەلیک غازی ئەتۆپێ.
مەلیک بۆ سەگە لە دەستچووەکەی زۆر خەفەتبار دەبێ ، بۆ جێگرتنەوەی ئەو سەگە نامەیەک بۆ (عەباسی مەحموود ئاغا)ی سەرۆکی هۆزی پشدەر دەنووسێت و داوای لێ دەکات، سەگێکی پشدەری بۆ بنێرێت.
فواد عارف لە یادداشتەکانیدا دەنووسێت: “سەگەکە بە ئۆتۆمبێلێکی لۆری گەیەنرایە کۆشک، لە سلێمانییەوە هاتبوو. لەو کاتەدا مەلیک خەوتبوو، کرێی لۆرییەکەم دا و ڕۆیشت. بەدابی کوردەواری خۆمان یەکەم ژەمی خواردنم بە سەگەکەدا، کە بریتی بوو لە هێلکەی کوڵاو بە ڕۆن. دوای ئەوە پەیوەندیم بە مەلیکەوە کرد، کە سەگەکە لە سلێمانییەوە گەشتووە. هەر لەو کاتەدا گوێمان لە وەڕین و حەپەی سەگەکە بوو.
مەلیک هات و سەگەکەی بینی و زۆر پێی سەرسام بوو. داوای کرد سەگە ئەڵمانییەکەش بهێنن و وتی: (با بە شەڕیان بدەین.)
سەگە تازەکە(کوردییەکە)زۆر دڕ بوو، هەرکە سەگە ئەڵمانییەکەی بینی هێرشی کردە سەر و خوڵماندییەوە، بەزۆر لەژێر دەستی ڕزگارمان کرد.
مەلیک ئەوەندەیتر سەرسام بوو بە سەگەکە و بردی بۆلای خۆی. ڕاهێنانی پێکرد لەسەر پاسەوانی، تا بوو بە سەگێکی پاسەوانی زۆر نایاب.
مەلیک لەسەربان دەخەوت پێیگوتم : سەگەکە ڕاستەوخۆ لەژێر قەرەوێڵەکەم دەخەوێت. شەوانە لەسەربان دەهاتە خوارەوە و ماڵی دەپشکنی و دوای ئەوە دەچووە سەرەوە و بەدەوری قەرەوێڵەکەی مەلیکدا سوڕی دەخوارد و ئەوجا دەچوو لەژێر قەرەوێڵەکە دەخەوت. ئەو سەگە مەلیک و شابانو زۆریان خۆشدەویست.”
بەرەبەیانی ڕۆژی(٤ی نیسانی ١٩٣٩)کاتێک مەلیک غازی خەریکی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەکەی بووە لە نزیک کۆشکی حاریسە خۆی دەکێشێت بە ستونێکی کارەبادا و کۆچی دوای دەکات.
“کاتێک مەلیک غازی کۆچی دوای دەکات، سەگەکەش مانی لە خواردن گرت، سەگەکەی برایە ماڵی کەسێک لە دەرەوەی کۆشکی ئەلزهور ، چونکە زۆر توڕە و بێتاقەت بوو، وەک ئەوەی هەستی کردبێت شتێک ڕوویداوە، لەو ماڵەش نە نان نە ئاوی نەخوارد بوو هەتا تۆپی بوو.”
(سەرچاوە ـ یاداشتەکانی فواد عارف، وەرگێڕانی : مستەفا سەعید عەلی، سلێمانی، ٢٠٢١، لاپەڕەکانی ٥١ ، ٥٢، ٥٣ و ٥٣)
هەردی عومەر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *