چاوەپشیلە لە شێرپەنجە دەتپارێزێت.


چای چاوەپشیلە (گوڵە بەیبون) یەکێکە لە خواردنەوە بەناوبانگەکان و چەندین سوودی تەندروستی هەیە

چاوەپشیلە گیایەکە سەر بە خێزانی (ئەستێراسی)یە و چەندین سەدە وەک چارەسەری سروشتی بەکارهاتووە.
بۆ دروستکردنی چای چاوەپشیلە، پێویستە گوڵەکان وشک بکرێنەوە و پاشان بخرێنە نێو ئاوی گەرم.
هەندێ کەس چای چاوەپشیلە وەک خواردنەوەیەکی بێ کافایین و لەبری چای سەوز و ڕەش بەکاردەهێنن، چونکە تامێکی خاکی و تاڕادەیەک شیرینی هەیە.
لەگەڵ ئەوەشدا، چای چاوەپشیلە بڕێکی زۆر دژەئۆکسانی تێدایە و ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە کەمکردنەوەی مەترسییەکانی زۆرێک لە نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە. هەروەها یاریدەدەرێکی باشە بۆ سیستەمی خەو و کۆئەندامی هەرس.
ئەم وتارە (٥) سوودی تەندروستی گرنگی چای چاوەپشیلە لەخۆدەگرێت.
١. چای چاوەپشیلە چەندین تایبەتمەندی بێ وێنەی هەیە بۆ باشکردنی کوالیتی خەو.
ئەم چایە دژەئۆکسانی (ئەپیجینین)ی تێدایە و فەرمان دەنێرێت بۆ مێشک و واتلێدەکات هەست بە خەواڵوویی بکەیت و کەم خەویی و بێداری درێژخایەن کەم دەکاتەوە.
لێکۆڵینەوەیەک ئاماژە بەوە دەکات، ئەو ئافرەتە زەیستانانەی کە بۆ ماوەی دوو هەفتە چای چاوەپشیلەیان خواردۆتەوە (بە بەراورد بەو ئافرەتانەی کە نەیانخواردۆتەوە) کوالیتی خەویان باشتربووە و کەمتر نیشانەکانی پشێوی و کەم خەوییان پێوەدیارە.
لێکۆڵینەوەیەکی دیکە بۆی دەرکەوتووە، (٢٧٠) میلیگرام چاوەپشیلە، ڕۆژی دووجار و بۆ ماوەی (٢٨) ڕۆژ، بەڕێژەیی (١/٣) کەم خەویی کەم دەکاتەوە و (١٥) خولەک خێراتر لەو کەسانە دەخەویت کە چاوەپشیلە بەکارناهێنن.
ئەگەر کێشەی کەم خەویت هەیە، بەڕاستی شایەنی ئەوەیە پێش نوستن چای چاوەپشیلە تاقی بکەیتەوە.
٢. تەندروستی کۆئەندامی هەرس باشتر دەکات.
تەندروستی کۆئەندامی هەرس زۆر گرنگە بۆ تەندروستی تەواوی جەستە. بەگوێرەی چەند بەڵگەیەک چای چاوەپشیلە یارمەتی باشترکردنی هەرس دەدات و نەخۆشییەکانی ناوسک کەم دەکاتەوە.
چەند لێکۆڵینەوەیەک دەریانخستووە چاوەپشیلە توانایەکی بەهێزی هەیە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی سکچوون لە مشکدا. ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە پێکهاتەی دژە هەوکردنی تێدایە.
لێکۆڵینەوەیەکی دیکە دەریخستووە چای چاوەپشیلە جرج لە برینی گەدە دەپارێزێت، چونکە ترشێتی گەدە کەم دەکاتەوە و گەشەی ئەو بەکتریایانە ڕادەگرێت کە دەبنە هۆی برینی گەدە.  
چەندین ئەزموونی کرداری ئاماژە بەوە دەکەن، چای چاوەپشیلە گەدە ئارام دەکاتەوە. لە ڕابردوودا، خەڵکی وەک نەریتی خۆیان بەکاریان هێناوە بۆ چارەسەرکردنی چەندین حاڵەتی وەک دڵ تێکەڵهاتن و غازات.
٣. مرۆڤ لە چەندین جۆری شێرپەنجە دەپارێزێت.
ئەو دژە ئۆکسانانەی کە لە چای چاوەپشیلەدا دۆزراونەتەوە، مرۆڤ لە چەند جۆرێک شێرپەنجە دەپارێزن.
چای چاوەپشیلە دژەئۆکسانی (ئەپێجینین)ی تێدایە. لە تیوبی تاقیکردنەوەدا بینراوە ئەم دژەئۆکسانە لەگەڵ خانەکانی شێرپەنجەدا جەنگاوە، بەتایبەتی شێرپەنجەی مەمک، کۆئەندامی هەرس، پێست، پرۆستات و مناڵدان.
لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە لەسەر (٥٣٧) کەس ئەنجامدراوە، بینراوە ئەو کەسانەی کە لە هەفتەیەکدا (٢-٦) جار چای چاوەپشیلەیان خواردۆتەوە، کەمتر خانەکانی شێرپەنجە لە لیمفە ڕژێنەکانیاندا گەشەی کردووە، بە بەراورد بەو کەسانەی کە ئەم چایەیان نەخواردۆتەوە.
٤. کۆنترۆڵی شەکرە دەکات.
خواردنەوەی چای چاوەپشیلە دەبێتە هۆی نزمبوونەوەی ڕێژەی شەکر لە خوێندا.
ئەم چایە تایبەتمەندی دژە هەوکردنی هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی پاراستنی پەنکریاس لە زیانانەی کە بەهۆی بەرزبوونەوەی درێژخایەنی شەکرەی خوێنەوە ڕوبەڕوی دەبێتەوە.
تەندروستی پەنکریاس زۆر گرنگە، چونکە هۆرمۆنی ئینسۆلین بەرهەم دەهێنێت، هۆرمۆنی ئینسۆلین بەرپرسە لە هاوسەنگکردنی ڕێژەی شەکری نێو خوێن.
لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە لە سەر (٦٤) تووشبووی نەخۆشی شەکرە ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە ئەو کەسانەی کە ڕۆژانە و بۆ ماوەی (٨) هەفتە چای چاوەپشیلەیان خواردۆتەوە بەڕادەیەکی بەرچاو ڕێژەی شەکرەیان نزمبووەتەوە، بە بەراورد بەو نەخۆشانەی کە تەنها ئاویان خواردۆتەوە.
٥. تەندروستی دڵ باشتر دەکات.
چای چاوەپشیلە ڕێژەیەکی زۆر دژەئۆکسانی (فلەیڤۆن)ی تێدایە. ئەم دژەئۆکسانە لێکۆڵینەوەی لەبارەوە کراوە و دەرکەوتووە پەستانی خوێن و ڕێژەی کۆلیسترۆڵ نزم دەکاتەوە، ئەم نەخۆشییانە نیشانەی ئەوەن  تەندروستی دڵت لە مەترسی دایە.
لێکۆڵینەوەیەک کە لەسەر (٦٤) تووشبووی نەخۆشی شەکرە ئەنجامدراوە، نیشانیداوە ئەو نەخۆشانەی کە لەگەڵ ژەمەکاندا چای چاوەپشیلەیان خواردۆتەوە، بەڕێژەیەکی بەرچاو کۆلیسترۆڵ و چەوری سیانی و کۆلیسترۆڵی زیانبەخشی (LDL)یان دابەزیووە، بە بەراورد بە کەسانەی کە تەنها ئاویان خواردۆتەوە.
وەرگێڕانی: وریا عومەر
سەرچاوە: www.healthline.com

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *