ئەرستۆ (٣٨٤ی پ. ز – ٣٢٢ی پ. ز)فەیلەسووفی یۆنانی دەڵێت ئەگەر مرۆڤ بەسروشت بونەوەرێکی کۆمەڵایەتی بێت ، بەجورێک ناتوانێ بەتەنها بژی و پێویستی بەپێکەوە ژیان بێت بۆمانەوەی بەمرۆڤی و دروست بوونی سیفاتە مرۆڤایەتیەکان تیایدا ، ئەوا لە ئەنجامی ئەو پێکەوە ژیانەی لەگەڵ مرۆڤەکانی دیکەدا پێویستی بەیاسایەک دەبێت بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا .
لەسەردەمی ئەمڕۆدا هیچ لایەنێکی ژیان نەماوە ،کەیاسا گرنگی پێنەدابێ بەبەندو مادەی یاسایی ڕێکنەخرابێت ، مەگەر ئەو پەیوەندی و ڕەفتارە کۆمەڵایەتیە ئەوەندە کەم بایەخ بن کەپێویست بەیاسا نەکات و تەنها بنەما ئیتکی و ئاینیەکان بەس بن بۆ ڕێکخستنی
بەرلە ڕاپەرینی ئازاری ١٩٩١ ی کۆمەڵانی خەڵک لەباشوری کوردستان ، لەسەردەمی کۆماری عێراقدا ، بۆدەرچوونی هەر ڕۆژنامە و گۆڤار و رادیۆ و تەلەفزیۆنێک بەگوێرەی یاسای چاپەمەنی عێراق ژمارە ٢٠٦ ساڵی ١٩٦٨ ڕێگەی پێدەدرا و لەدوای راپەرین و دروستکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، لە ٢٥-٤-١٩٩٣ ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان یاسای ژمارە ١٠چاپەمەنی هەرێمی کوردستانی لەسەرپێشنیاری وەزارەتی ڕۆشنبیری دەرکرد .
ئەم یاسایە لە نۆزدە مادە پێک هاتبوو ئەم یاسایە ، جیاوازیەکی زۆری هەبوو لەگەڵ یاسایی ژمارە ٢٠٦ چاپەمەنی عێراق و لەهەندێک مادەش وەکو یاسا عێراقیەکە بوو
دوای نزیکەی ١٤ ساڵ ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان – عێراق لەسەرداوای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان یاسایی ژمارە ٣٥ یاسای رۆژنامەگەری لەساڵی ٢٠٠٧ دەرچوواند، کەتائیستاش یاساکە بەرکارە و لەدادگاکان کاری پێ دەکرێت.
بەبڕوای شارەزایانی بواری رۆژنامەنوسی یاسای رۆژنامەنوسی بریتیە لەو کۆت و بەند و مادانەی کەپیشەی رۆژنامەنوسی بەشێوازێکی گشتی و ئەبستراکت و زۆرەکی ڕێک دەخەن و یاسا بەگشتی و یاسای رۆژنامەنوسی بەتایبەتی ، بەتەنها پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ڕێک دەخات ، هیچ پەیوەندیەکی بەڕێکخستنی پەوەندی نێوان مرۆڤ و خوا یان مرۆڤ و خودی خۆیەوە نیە ، کەدەچێتە چوارچێوەی بنەما ئایینیەکان یان ئیتیکیەکان.
یاسای ٣٥ ی ساڵی ٢٠٠٧ رۆژنامەگەری کوردستان لەچواردە مادە پێک هاتوە و لەهۆکاری دەرچواندنی یاساکە هاتوە ، ئەمرۆ رۆژنامەگەری لەکۆمەڵگای کوردستانی و نێودەوڵەتیدا گرنگی زۆری هەیه و ئاسۆیەکی فراوانی لەئازادی لەبەردەمدایە ، ئەمەش وای خواستوە یاسایەکی تایبەتی بۆ دەربچێت تاکو کاری رۆژنامەگەری بەجۆرێکی وا رێک بخات کەلەگەڵ گیانی سەردەم و گەشەسەندنەکانیدا بگونجێ و وابکات هاولاتی ئاگاداری راستی روداوەکان بێت و لەپێناو دابینکردنی پێداویستیەکانی ئازادیی رۆژنامەگەری بەرونی و پیشەیی و دەربڕینی بیرو بۆچونەکان بۆ بەشداریکردنی کاریگەر لەدامەزراندنی کۆمەڵی مەدەنی و رەخساندنی پرەنسیپەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ ئەم یاسایە دانرا.
بەگوێرەی مادەی دووی یاسای ٣٥ ساڵی ٢٠٠٧ یاسای کاری رۆژنامەنوسی
یەکەم: رۆژنامەگەری ئازادەو هیچ سانسۆرێکی لەسەرنیە و ئازادیی دەربڕین و بڵاوکردنەوە بۆ هەموو هاوڵاتیان دەستەبەرە.
دووەم : رۆژنامەنوس بۆی هەیە لەسەرچاوە جیاوازەکانەوە هەر زانیاریەک کەبایەخی بۆ هاوڵاتیان هەبێ و پەیوەندی بەبەرژەوەندی گشتیەوە بێ بەدەست بێنێ بەپێی یاسا.
سێ هەم : سەبارەت بەو داواکارییانەی دەخرێتە بەردەم دادگا رۆژنامەنوس بۆی هەیە ، سەرچاوەی ئەو زانیاری ، یان ئەو هەواڵانەی کەبەدەستیان دێنێ نهێنیان ببپارێزێ مەگەر دادگای تایبەتمەند ، بەپێچەوانەوە بڕیار بدا.
چوارەم : هەرکەسێکی سروشتی یان مەعنەوی مافی خاوەندارێتی رۆژنامەی هەیە ، دەتوانێ بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسا دەری بکات.
پێنجەم :رۆژنامە قەدەغە ناکرێ و دەستی بەسەردا ناگیرێ
مادەی سێهەمی ئەم یاسایە خاڵی جەوهەری گرنگ و وەرچەرخانی گرنگ بوو کار ئاسانی بۆ دەرکردنی رۆژنامە و بلاوکراوەکان کرد ، بەگوێرەی ئەم مادەیە دەرکردنی رۆژنامە پێویستی بەوەیە ،خاوەن ئیمتیاز یان دامەزرێنەرەکەری راگەیاندنێک لەدوو رۆژنامەی رۆژانەی هەرێم بڵاو بکاتەوە ، کەناو نازناوو رەگەزنامە وشوێنی نیشتەجێبوونی خاوەن ئیمتیاز یاخود ، دامەزرێنەر و ناوی رۆژنامەکەو ئەو زمانەی کەپێی بڵاو دەکرێتەوە ، لەگەڵ ناوی سەرنوسەر و ماوەی دەرچونی تێدا بنوسرێ ، راگەیاندنەکەش بەبەیانی دەرکردنی رۆژنامە دادەنرێت.
خاڵێکی تری گرنگی یاسای رۆژنامەنوسی مادەی شەشەمە کە ئەگەر رۆژنامە زانیاری نادروستی بڵاوکردەوە ، ئەوا ئەو کەسەی کەبابەتە بڵاوکراوەکەی پێ پەیوەستە ، یاخود یەکێک لەمیراتگرانی ، یان ئەوەی لەرووی یاساییەوە جێگریەتی بۆی هەیە داوای راستکردنەوەی بکا و وەڵامی هەوال ، یان وتارەکەبداتەوە، پێویستە سەرنوسەریش راستکردنەوە ، یاخود وەڵامدانەوەکە لەیەکێک لەدوو ژمارەی دوای مێژووی گەیشتنی وەلامەکە لەهەمان جێ و بەهەمان پیت و هەمان ئەو قەبارەیەی کەپیێ بلاوکراوەتەوە بڵاو بکاتەوە. ئەگەر رۆژنامە وەلامدانەوە یان راستکردنەوەی بڵاونەکردەوە بەبڕێک پارە کە لەیەک ملیۆن دینار کەمتر و لەدووملیۆن دینار زیاتر نەبێت غەرامە دەکرێت،
بەپێچەوانە سەڕنوسەر مافی بلانەکردنەوەی وەلامدانەوەکەی هەیە ،
١- ئەگەر رۆژنامەکە بەر لەگەیشتنی وەلام یان راستکردنەوەکە ،بابەتە بڵاوکراوەکەی بەشێوەیەکی وردتر و تەواو راستکردبووە ،
٢-ئەگەر وەڵامدانەوه ، یان راستکردنەوەکە بەناوێکی خوازراوە بوو
٣-ئەگەر وەڵامدانەوە و راستکردنەوەکە پێچەوانەی یاسا بێت
٤-ئەگەر وەڵامدانەو و راستکردنەوە دوای ٩٠رۆژ لەبڵاوکردنەوەی هەواڵ یان وتارە وەڵامدراوەکە گەیشت.
لەمادەی حەوتەمی یاساکە ، باس لەماف و ئیمتیازەکانی رۆژنامەنوسان دەکات ، هاتوە تێیدا ، رۆژنامەنوس سەربەخۆیە لەکاتی ئەنجامدانی پیشەکەی و هیچ دەسەڵاتێکی بەسەرەوە نیە ، جگە لەدەسەڵاتی یاسا . نابێ راو بۆچون و ئەو زانیاریانەی کەبڵاویان دەکاتەوا و ببنە هۆی تێکدانی باری ژیانی ، یان زیان بەخۆی و مافەکانی بگەیەنێت و رۆژنامەنوس مافی ئەوەی هەیە سەرچاوەی زانیاری ئاشکرا نەکات و مافی بەشداری لەکۆنگرەو چالاکییە گشتیەکاندا هەیە و سوکایەتیکردن یان دەستدرێژیکردنە سەر رۆژنامەنوس ، وەکو سوکایەتیکردنە بەفەرمانبەرێک دەوڵەت.
مادەی نۆیەمی یاساکەش ئەو سزایانە دەگریتەوە کەرۆژنڵمەنوس و سەرنوسەری پێ غرامە دەکرێت کە لەیەک ملیۆن دینار کەمتر و لەو پێنج ملیۆن دینار پتر نەبێت لەکاتێکدا یەکێک لەم خاڵانەی خوارەوەی بڵاوکردەوە
١- چاندنی تۆی رق و کینە و لێکترازاندنی پێکهاتەکانی کۆمەڵ.
٢- سوکایەتیکردن بەبیروباوەڕ و ڕێورەسمە ئاینیەکان.
٣-سوکایەتیکردن بەسیمبوڵ و پیرۆزییەکانی هەر ئاین و ئاینزایەک و لەکەدارکردنیان.
٤-هەر بابەتێک پەیوەندیی بەنهێنیەکانی ژیانی تایبەتی تاکەوە هەبێ ، هەر چەندە راستیش بێت ، بەڵام بڵاوکردنەوەی ببێتە هۆی لەکەدار بوونی .
٥- جنێودان و توانجی ناڕەواو ناوزڕاندن.
٦- هەربابەتێک زیان بەرێکاری لێکۆڵینەوە و دادوەری بگەیەنێت تەنیا مەگەر دادگا رێگای بەبڵاوکردنەوەی دابێت.
٧- پێشیلکردنی پرەنسیپەکانی بەڵێنامەی (میساقی شەرەف) فیدراسیۆنی نیودەوڵەتی ساڵی ١٩٥٤ی هەموارکراو.
مادەی یازدەهەمی یاساکەش دەڵێت ،هەربابەتێک لەسەرچاوەکانی دەرەوەی هرێم وەرگیرابێت ،یاخود وەرگێڕدرابێت ، لەبەرپرسیاریتی تاوانەکانی بڵاوکردنەوە نابوردرێت.
جگە لەیاسای ژمارە (٣٥ )ی سالی ٢٠٠٧ یاسای رۆژنامەگەری لە ھەرێمی کوردستان. _یاسای ژمارە ژمارە (١١ )ی ساڵی ٢٠١٣ یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری لە ھەرێمی کوردستان . _یاسای ژمارە (٦ )ی سالی ٢٠٠٨ یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە ھەرێمی کوردستان هەیە.
ئامادەکردنی : ئەبوبەکر حسین.