کاتێک باوک و دایکم کاغەزی جیابوونەوەکەیان واژۆ کرد

دایکم پێی وتم:”

خەم مەخۆ، جیابوونەوەمان ئەوەندە خراپ نییە کە تۆ بیری لێ دەکەیتەوە.”

باوک یشم پێی وتم:”هاوڕێکانت یەک ماڵیان هەیە، تۆ ئیتر دوو ماڵت دەبێت. چەند بە شەنسیت.”

ژوورەکەم لە ماڵەکۆنەکەی خۆمان وەک خۆی مایەوە و باوکیشم لەخانووە تازەکەی، ژوورێکی بۆم درووستکرد.

بەڵام،

بە مشارێکی کۆن، جەستەمیان کرد بە دوو لەتەوە.

نیوەی ڕاستم لای دایکم بوو، بە چاوی ڕاست و باڵی ڕاست و قاچی ڕاستم.

بە نیوە چەپەکەی جەستەشم ڕۆشتم بۆ لای باوکم، لەگەڵ چاوی چەپ و باڵ و قاچی چەپم.

بەڵام، هەرکاتێک بمگوتایە کە بیری نیوە ڕاستەکەم دەکەم، ئەوا باوکم بە زلە لێی دەدام.

 گەر لای دایکیشم بمگوتایە بیری نیوە چەپەکەی جەستەم دەکەم، ئەوا لە ژوورەکەم زیندانیی دەکردم بۆ ئەوەی لەگەڵ نیوەکەی تری جەستەم، کە لای باوکمە، یەک نەگرنەوە.

وام لێهات، چاوی چەپم  زەردەخەنەی بۆ باوکم دەکرد، چاوی ڕاستیشم بۆ دایکم.

نەمدەتوانی پێیان بڵێم:” دوو ماڵ و دوو ژوور و دوو جێگەخەوم هەیە، بەڵام ڕۆحم لە سەر جادەکان دەخەوێ.”

ـــــــــــــــ

وەرگێڕانی خالید قوبادی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *