کاریگەری میدیا لەسەر تاک و کۆمەڵگە .

١-میدیا :
یەکێکە لە گرنگترین بەرهەمی هزری مرۆڤ. کەمرۆڤەکان دەتوانن لە ڕێگەی میدیاوە بگەن بە زۆرێک لە زانیارییە جۆراوجۆرەکان و ئاگاداری ڕووداو و پێشهاتەکانی کۆمەڵگە و دەرەوەی کۆمەڵگەش ببن، هتد.
میدیا، چ وەک (ڕۆژنامە یان تەلەڤزیۆن یان ڕادیۆ) یان وەک مۆدێرنەکان وەک ڕۆژنامەگەری ئەلکترۆنی و سایتەکانی هەواڵ، هەروەها تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە گشتی و فەیسبووک و توویتەر بە تایبەتی، کە ئێستا یەکێکن لە بەناوبانگترین ئامڕازەکانی گواستنەوەی هەواڵ لە جیهاندا. هەموو ئەمانە کاریگەری بەرچاویان هەیە لەسەر پێکهێنانی پێکهاتەی مەعریفی تاک یان کۆمەڵگە، هەروەها بەشداری لە پێکهێنانی دیدی تاک و کۆمەڵگە دەکات. بەرامبەر بە کێشە بە کۆمەڵەکان.
وە لە ڕێگەی ئەم ئامڕازانەوە دەتوانێ بیرکردنەوەی تاک و کۆمەڵ بگۆڕێ بەرامبەر بە رووداو و کێشەکانی کۆمەڵگە. زۆر کات لەوانەیە وەرگر، بیرکردنەوەیەکی تایبەتی خۆی هەبێت بۆ ئەو بابەتانەی کە لە کۆمەڵگەدا ڕوودەدات، بەڵام میدیا لە ڕێگەی ئامڕازەکانیەوە هەوڵ دەدات بیرکردنەوەی تاک بگۆڕێ، بەو شێوەیەی کە خۆی دەیەوێت.
هەندێک کات، میدیا دەتوانێت تەواو لەوە سەرکەوتوو بێت کە پەیامە ڕەوشتی و کەلتووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکانی بگەیەنێت، بە ئامانجی ئەوەی وەرگر بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و بیکات بە بینەری سەرەکی خۆی و دواتر ئەو پەیام و ئەجێندایەی کە خۆی هەیەتی بڵاوی دەکاتەوە و دەیخاتە بەردەم دیدی وەرگر… بەڵام هەندێک کاتیش ناتوانێ سەرکەوتوو بێت لە گەیاندنی پەیامە ڕؤشنبیرییەکان و کۆمەڵایەتیەکان… هتد. بۆیە پەنا دەباتە بەر ڕێگایەکی تر، کە ئەویش ئەوەیە هەوڵدەدا بزانێت کە وەرگر حەزی بە چ شتێک هەیە کە لە میدیادا پێشان بدرێت و خواستی زۆری لەسەرە، دواتر وای لێ دەکات کە هەردەم چاوی لەسەر میدیا بێت.

٢- زاڵبوونی میدیا :
زۆرێک لە زانایانی ڕاگەیاندن ئەوە دووپات دەکەنەوە کە، وڵاتان و حکومەت و ڕژێمە سیاسیەکان زۆر لە هەوڵی ئەوەدان کە میدیا زاڵ بکەن بەسەر کۆمەڵگەدا.
بۆ ئەوەی تاک بەتەواوی لە ژێر کاریگەری میدیا و ئەجێندای سیاسییەکان بمێنێتەوە و خۆی خاوەنی فکر و بیر و ڕای خۆی نەبێت، وە بۆ هەموو زانیاری و شیکردنەوەیەک ڕوو لە میدیا بکات و وا هەست بکات کە میدیا دەبێ لەجیات ئەو لێکدانەوە بۆ کێشەکان بکات و خۆی ناتوانێ. هەروەها توێژینەوە کراوە و ئەوەی پشتڕاست کردۆتەوە، کە ئەو کەسەی بەشێوەیەکی بەرچاو تەماشای تەلەڤزیۆن ناکات ئەوا خۆی سەرچاوەی زۆری زانیاری هەیە بۆ زۆرێک لە بابەت و هەواڵەکان. بەڵام ئەوانەی بەردەوام لەبەردەم تەلەڤزیۆندان، سەرچاوەی کەم و سنوورداریان هەیە.
هاوکات ئەوانەی خۆیان زانیارییان هەیە، زۆر باش لەوە تێدەگەن کە ئایا میدیاکان چەواشەی دەکەن یان دەیانەوێت ئاڕاستەی بیرکردنەوەی بگۆڕن بۆ بەرژەوەندی دەوڵەت یان لاینێکی سیاسی و سیستەمی سیاسی. یان ئەوانەی کە بەسەر میدیادا زاڵن وەک بازرگان و ئەوانەی نزیکن لە دەسەڵات، یان ئەوانەی کە پاشماوەی ڕژێمە کۆنەکانن. وە هەروەها زۆر باش لەوەش تێدەگات ئەگەر میدیا گوزارشت لە واقعی بابەتەکان بکات، کە خەڵکیش هەمان گوزارشتی واقعیان هەیە بۆ بابەتەکان، ئەوکات میدیا و جەماوەر بەیەکەوە کۆدەبنەوە… بۆیە ئەگەر میدیا بیەوێت ڕێژەی زۆری جەماوەر کۆبکاتەوە دەبێت ئەو زانیاریانەی کە دەیدات بۆ بەرژەوەندی جەماوەر بێت، وە کێشە گرنگرکانی کۆمەڵگە بەرزبکاتەوە بۆ سەرەوە. ئەمە وادەکات میدیا و جەماوەر بەیەکەوە کۆببنەوە.

٣. ئەو هۆکارانەی کە وادەکەن میدیا ئەجێندا درووست بکات:

✓ بابەتەکانی تازە بێت و تا ڕادەیەک نامۆ بن.
✓ گرنگی بابەتەکە، واتە پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەبێت بە خەڵک و کۆمەڵگەوە.
✓ ماوەی زەمەنی، واتە پیویستە ئەو مەسەلەیەی کە میدیا دەیخاتە ڕوو بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت، بە ئامانجی دروستکردنی ئەجێندا.
✓ زۆر دووبارەکردنەوەی بابەتەکان.

٤-میدیا و کاریگەرییە ئیجابییەکانی :
میدیاکان ڕۆڵێکی زۆریان هەیە لە پێکهێنانی ڕای گشتی و خستنەڕووی مەسەلە سیاسی و ئابووری و نەتەوەییەکان و کۆمەڵایەتییەکان، کە هەموو ئەوانە وادەکەن جەماوەر لە دەوری میدیاکە کۆببنەوە. وە ڕۆڵی هەیە لە بەرزکردنەوەی ئاستی مەعریفی تاک لە هەموو بوارەکاندا، لێرەدا میدیا پۆزەتیڤانە کار دەکات، بە ئامانجی پەروەردەکردنی تاک و بەرزکردنەوەی ئاستی مەعریفی کۆمەڵگە، بە ئامانجی درووستکردنی کۆمەڵگەیەکی درووست. هەروەک برنارد کۆهن لە ساڵی ١٩٦٣دا دەڵێت: ”لەوانەیە میدیا زۆر سەرکەوتوو نەبێت لەوەی کە بە خەڵکی بڵێت لە چی بیردەکەنەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە بەتەواوی لەوە سەرکەوتووە کە بزانێت خەڵکی دەبێت دەربارەی چی بیربکەنەوە”.
میدیا ناتوانێت ڕێنوێنی کەسێک بکات کە دەبێ چۆن بیربکاتەوە، بەڵکو ڕای خۆی لەسەر مەسەلەیەکی دیاریکراو ئاڕاستەی تاک دەکات، بە ئامانجی ئەوەی کاریگەری لەسەر درووست بکات. لە بەرژەوەندی ڕەوتێکی دیاریکراو یان کەسێکی دیاریکراو .

٥-میدیا پۆزەتیڤەکان چەند ئامانجێکیان هەیە :

١- بەشداری لە پەروەردەکردن و هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان دەکەن.
٢- هەوڵێکی زۆر دەدەن بۆ ئاشکراکردنی گەندەڵی.
٣- ڕۆڵی پاسەوانی لە بەرامبەر ئازادی ڕادەربڕین دەگێڕێت و دڵنیای دەکاتەوە کە ئەم مافە موڵکی تایبەتی هەموو هاوڵاتییەک بێت.
٤- درووستکردنی نموونەیەکی کۆمەڵایەتی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا.
٥- ئازادی و یەکسانی و ڕێزگرتن لە یاساکان و بابەتەکانی تر.
٦- هەوڵدەدات بۆ ڕۆشنبیرکردنی تاک و کۆمەڵگە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی هۆشیاری تاک و پێشکەوتنی وڵات.
٧- پاراستنی سەربەخۆیی میدیا و ڕێگە نەدان بەهیچ لایەنێک کەبەسەریدا زاڵ ببێ، لەلایەن خەڵکەوە نەبێت.

بەم ئامانجانە میدیا دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی لەسەر تاک درووست بکات،
بەڵام لە رووی واقعیەوە میدیا ئەوەندە ڕۆشن و نموونەیی نیە کە سەربەخۆ کار بکات و ئامانجە پۆزەتیڤیەکانی جێبەجێ بکات، وەک دەبینین لە هەموو وڵات حکومەت، یان لایەنێک دەیەوێت خۆی زاڵ بکات بەسەر میدیادا و خۆی چاودێری هۆشیارکردنەوەی تاک و کۆمەڵگە بکات.

٦- کاریگەری نەرێنی میدیا و چۆنیەتی ئاڕاستەکردنی ئامانجەکانی :

کاتێک دەوڵەت یان لایەنێک زاڵ دەبێت بەسەر میدیادا،هەموو کارێک دەکات بۆ ڕاکێشانی جەماوەر بۆ لای خۆی و هەوڵ دەدات ئەوەی کە پێویستە بڵاوی دەکاتەوە بە ئامانجی ڕاکێشانی سەرنجی بینەر، وە گرنگی بەوە نادات ئەو بابەتانەی کە بڵاوی دەکاتەوە تا چەند زەرەر و سوودی بۆ تاک هەیە، تەنها بۆ بەرژەوەندی خاوەنەکەی کار دەکات و هەوڵی کۆکردنەوەی جەماوەر دەدات.

کاریگەرییە نەرێنیەکانی:
١- تێکدانی کەلتووری گشتی و هاندانی تاک بۆ گوێ نەدان بە کەلتووری خۆی، واتە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی تاک کەلتووری خۆی واز لێ بهێنێت و ڕوو لەو کەلتوورە بکات کە لەبەرژەوەندی خودی میدیاکەو خاوەنەکەی دایە. ئەم کاریگەرییەش درووست دەکات لەڕێگەی ڕیکلام، دراما و فیلمەکان، بەرنامە جۆراوجۆرەکان، نیشاندانی زۆری دیمەنی وڵاتەکانی تر.
٢- زیادبوونی ئەنجامدانی کاری بێ بەزەییانە و پێشێلکردنی یاساکان: میدیا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ئەو بابەتانەی کە بڵاوی دەکاتەوە وا لە وەرگر بکات هەمان شت دووبارە بکاتەوە و بە کارێکی باشی بزانێت، زۆربەی کات دراما و فیلم پێشانی جەماوەر دەدات، کە تێیدا توندوتیژی زۆری تێدا هەیە و وا لە بینەر دەکات ئارەزووی دووبارەکردنەوەی لا درووست بکات.
وە کاتێک لە دراما و فیلمەکان وا پێشان دەدرێت کە هەر ڕووداوێک ڕوودەدات خۆت هەوڵی چارەسەرکردنی بدە و بێ گوێدانە یاسا و دەوڵەت، کە ئەمەش وادەکات کاتێک جەماوەر هەمان شت دووبارە بکەنەوە، دەبێتە هۆی ئاڵۆزی درووست کردن لە کۆمەڵگەدا و پێشێلکردنی یاساکان و تێکدانی ئارامی کۆمەڵگە.
٣- کارکردن بۆ تێکدانی ڕەوشتی تاک و داڕمانی ئەخلاقی: زۆربەی کات میدیا لە ڕێگەی دراما و فیلمەکانیەوە هەوڵ دەدات بۆ تێکدانی ڕەوشتی تاک و کۆمەڵگە، بۆ بەرژەوەندی لایەنێک و بە ئامانجی مەشغوڵکردنی تاک و دورخستنەوەی تاک لە واقعی بابەتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە.
٤- سەرکەوتکردنی توانا و داهێنان: میدیا لێرەدا هەوڵ دەدا بۆ بێ هیوا کردنی تاک و هاننەدانی بۆ داهێنان، ئەمەش بۆ خزمەتکردنی لایەنێک. وە ئەو کەسانەی دەتوانن داهێنان بکەن لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، ئەوا هیچ لایەنێک دەستی یارمەتی بۆ درێژ ناکات و وای لێ دەکەن بێ هیوا بێت و واز لە خولیای داهێنان بهێنێت.
٥- هەوڵدان بۆ دابەشکردنی کۆمەڵگە و جیاکردنەوەیان بۆ چەند گرووپێک،
ئەوەش لە پێناو بەرژەوەندی ئەو لایەنەی کە کۆنتڕۆڵی میدیای کردووە.
٦- هەوڵدان بۆ قبوڵکردنی کاری گەندەڵی و درۆکردن، ئەوەش بۆ بەرژەوەندی خاوەنی میدیا و دەسەڵات، وە هەڵوێست دەرنەبڕینی تاک لە بەرامبەر گەندەڵی و ئەو کارانەی کە ئەنجامی دەدات بۆ بەرژەوەندی خۆی.
٧- درووستکردنی نەوەیەکی تازە کە گرنگی بە کاری سیاسەت و بوارەکانی حکومەت و دەسەڵات نەدەن و مەشغوڵیان بکەن بە کۆمەڵێک بابەتی تر. وە هاندانی منداڵەکان بۆ یاخی بوون لە (خێزان، کۆمەڵگە، بەها ئایینی و ئەخلاقییەکان)، ئەوەش بۆ بەرژەوەندی خۆی. بۆ گەشتن بەو ئامانجەشی، سوود لە فیلم و دراماکان دەبینێت و دیمەنە تووندوتیژیەکانی ناو فیلمەکان زەق دەکاتەوە، وە زۆر نیشاندان و جوانکردنی ڕۆڵی پاڵەوانەکانی ناو فیلمەکان، بۆ ئەوەی هانی گەنج و لاوان بدات بۆ دووبارەکردنەوەی.
زۆر نیشاندانی ئەو دیمەنەنای کە منداڵ یاخی دەبێت لە خێزانەکەی و ڕێزی دایک وباوک ناگرێت و ئەوە دەکات کە خۆی دەیەوێت، بە ئامانجی تێکدانی خێزان.
لێرەدا میدیا هیچ ئامانجێکی درووستی نیە کە لە بەرژەوەندی تاک و کۆمەڵگەدا بێت، وە هیچ هەوڵی هۆشیارکردنەوەی تاک نادات و هەوڵی شوشتنەوی مێشکی دەدات. بۆ سەرخستنی بیروبۆچوونی خۆی و زاڵکردنی.

سەرچاوەکان:
▪ http;//academia-arabia.com
▪ https;//aceproject.org
▪ https;//www.edarabia.com
▪ https;//nir-osra.org
▪ https;//khutabaa.com
▪ https;//www.researchgate.net
▪ https;//www.jawad-book.com

ئامادەکردنی ڕاپۆرت : سەهەند ملا ،خوێندکاری قۆناغی سێیەمی بەشی ڕاگەیاندن
– زانکۆی هەڵەبجە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *