پیاوێک ماوەی ١٧ی ساڵە ژن و دوو کوڕەکەی لە ژوورێکی بەند کردووە

پۆلیسی بەرازیل پیاوێکیان دەستگیرکردووە، کە ژن و دوو کوڕەکەی ماوەی ١٧ ساڵە لە ژورێکی پیسدا بەندکردوون و سزدایی دەروونیی و جەستەی داون.

ئەو ژنە لە دوای ئازادکردنی کردنی ناخۆشییەکانی خۆی و دوو کوڕەکەی گێڕاوەتەوە کە بەدەست مێردەکەیەوە لەو ماوەدا چەشتوویانە، رایگەیاندووە لە ژوورێکی پیسدابوون و یەک قەرەوێڵەی کۆنی تێدا بووە تەنانەت جار هەبووە بۆ ماوەی سێ رۆژ هەرسێکیان نانیان پێ نەدراوە و جگە لە ئاو هیچیان نەخواردووە.

ئەو ژنە ئاشکرایکردووە، ماوەی ٢٣ ساڵە هاوسەرگیریی لەگەڵ ئەو پیاوەدا کردووە و هەڕەشەی لێکردووە و پێی وتووە “مەگەر من بمرم رێگە بدەم تۆ لە ماڵ بچیتە دەرەوە”.

بەگوێرەی راپۆرتی پۆلیسی بەرازیل، کوڕەکان تەمەنیان ٢٢ و ١٩ ساڵە، لەوکاتەی رزگارکراون هەردووکیان لە سوچێکی ژوورەکەدا بوون، بەرپرسی سەربازی وڵاتەکە لە لێدوانێکدا بە رۆژنامەی ئۆدیای بەرزایلی وتووە “سەرەتا کە دوو گەنجەکەمان بینی وامانزانی منداڵن، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە هەرزەکارن و بەهۆی بەدخۆراکی و وشکبوونەوەی جەستەیانەوە بەوجۆرە دەرکەوتوون، تەنانەت دراوسێکانیان پێیان وابووە کە هەفتەیەک ناژین و دەمرن بەهۆی ئەوەی تەندروستییان زۆر خراپ بووە”.

میدیا ناوخۆییەکانیت بەرازیلیش ئاشکرایانکردووە، دوای رزگارکردنی دایکەکە و دوو کوڕەکەی بەخێرایی گەیەنراونەتە نەخۆشخانە و چارەسەری وشکبوونەوەی جەستە و بەدخۆراکییان کراون.

بەهۆی ئەو رووداوەوە پۆلیسی ناوچەکە لێکۆڵینەوەی ورد لە بارەی ئەو خێزانەوە دەکات کە بۆچی لەو ماوە زۆرەدا کەس هاوکاریی نەکردوون، ئەمە لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٠ سکاڵا لە بارەی خراپی گوزەرانی ئەو خێزانەوە بە بنکەی پۆلیسی ناوچەکە درابوو.

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *