چی دەربارەی راستیی و نوێیەتیی یەکەم وێنە لە وێنەکانی خوارەوە؟

لاوان عوسمان
شەوی ٢٧/٧/٢٠٢٢ و لە دوادوای بەسەردادان و چوونەژوورەوەی جەماوەری «صەدرییەکان- دژبەرەی یەکەمی مالیکیی لە عێراق» بۆ نێو ناوچەی سەوز، لە چەندیین پێگەوە ئەم وێنەیە کە بەرای زۆربەمان وێنەیەکی سەیرە وەکو بڵاوبوونەوەی ئاگر لە نێو پووشدا بڵاوبوویەوە!

کاردانەوە گاڵتەئامێزەکان وایانکرد کە هەوڵی بەلاڕێدابردنی بینەر بدرێت و ئەوەبوو کە لە رێی چەندیین پێگەوە هەوڵدرا وا بڵاوبکرێتەوە کە گوایە مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ سەرەتاکانی هاتنی د١عش و کۆنترۆڵکردنی چەند شارێکی عێراق لەلایەن ئەو رێکخراوەوە!

وەلێ من هەر لەگەڵ یەکەم وردبوونەوەدا بۆم دەرکەوت کە وێنەکە نوێیە و هاوکاتە لەگەڵ بەرەوپێشچوونەکانی دوێنێ بۆ ئەمەش چەند نیشانە و قەریینەیەکی بەهێز هەن:

١- رووخساری مالیکیی و بەتایبەت رییشە تەنکە و سپییەکەی و فراوانبوونی رووتانەوەی قژی بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٤دا هاوتان لەگەڵ تەمەنی ئێستای کە دەکاتە (٧٢ ساڵ).

٢- چاویلکەکەی مالیکیی لێرەدا کە من لە کۆتا دیداری تەلەفزیۆنییدا بەر لە(٦) رۆژ لەبەر نامۆیی بە رووخساری دیقەتی نوێیەتییەکەیم دا هەر هەمان چاویلەکەیە. ( لە خوارەوە بۆ دڵنیابوون وێنەیەک لە کۆتا دیداری تەلەفزیۆنیی دادەنێم).

٣- بوونی موعەقەمی پزیشکیی(دژە بەکتریا و ڤایرۆس) لەسەر ئەو مێزەی کە لە پشتی مالیکییەوەیە بەڵگەیەکی دیکەی بەهێزە بۆ نوێیەتیی وێنەکە.
چونکە وەک دەزانین ساڵی (٢٠١٤) کۆرۆنا هێشتا سەری هەڵنەدابوو.

٤- پاشان بڵاوکردنەوەی دوو وێنەکەی خوارەوەش کە تێیاندا مالیکیی لە نێو گرووپێک لە چەکدار و پاسەواندا دەردەکەوێت دوای بڵاوکردنەوەی هەواڵی هەڵهاتنی لە ناوچەی سەوز لەلایەن چەن پێگەیەکی نزیک لە صەدرییەکانەوە دووبارە بەڵگەیەکی بەهێز و حاشاهەڵنەگرە لەسەر راستیی و هەروەها نوێیەتیی وێنەکان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *