مۆبایلت پێیە ؟

گەر وەڵامەکەت بەڵێ بوو ،
ئەم بابەتە بخوێنەرەوە :

من بیر ئەکەمەوە کەوایە من هەم ( دیکارت )

بەشی یەکەم بەپێنوســی ( ئــۆرهــان کـــایــا )

زیاتر لەبیست ساڵ پێش ئێستا لەکتێبی ( الأنسان ذلك المجهول ) نووسەر ( الكسس كاريل ) ،
ئەو ڕستەم خوێندەوە ،
( من بیر ئەکەمەوە کەوابوو من هەم )
ئەوکات تێگەیشتم مرۆڤ بەبێ بیر کردنەوە ، مرۆڤ نیە ، جیاوازی نێوان ئاژەڵ و مرۆڤ ژیرییە ، مرۆڤ ئەبێت ژییری بەکار بهێنێت ، بەپێچەوانەوە لەمرۆڤایەتی ئەچێتە دەرەوە .

ئەمڕۆ ڕۆژگارێک تێئەپەڕێنین زۆر کەمن ئەوانەی بیر ئەکەنەوە و ئەخوێننەوە ، مرۆڤ کائینێکی جیاوازی سەر ئەم هەسارەیە جگە لەپێوویستی گەدە و جەستە پێوویستی بەتێر کردنی مێشک و ناخ هەیە ، هەڵبەت خوێندنەوەو بیر کردنەوە خۆراکی مرۆڤی ژیرە ، کەسێک کە ناخوێنێتەوە ناتوانێت لەژیان تێبگات ، ناتوانێت لەبەربەست و تاقیکردنەوەکانی ژیان بەئاسانی دەرباز ببێت ،

ئەمڕۆ کوردستان بەدەست نەفامی و جەهالەتەوە ئەناڵێنێت ، کەسانی فاشیل و دەست بەتاڵ بوون بەلۆگۆ و ڕابەری خەڵک ، هەڵبەت سۆشیال میدیا ڕۆڵی سەرەکی ئەبینێت لەگەوجاندنی گەنجان و ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگا …!
بۆ …؟
چونکە سۆشیال میدیا خاوەنی نیە !
هەموو کەس ئەتوانێت چی بوێت بیکات ، یان بینووسێت ،
بەکورتی فلتەری زانستی و پەروەردەیی وجودی نیە ،
ئەوەی مایەی تێڕامانە زۆر بەدەگمەن ئەبیستیت یان ئەبینیت دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان بەدوای زانست و سەرچاوەکانی زانیندا بگەڕێن ،

با بگەڕێینەوە بۆ زیاتر لەبیست ساڵ لەمەو پێش
لەنێو بازاڕی ئەم شارە چەندین کتێبخانە هەبوو ،
ڕۆژنامە و گۆڤار هەبوو ، هەموومان ئیشتیراکی چەندین رۆژنامەو گۆڤارمان هەبوو ، زۆر جار ئیشتیراکەکەشمان ئەفرۆشرا و نیگەران ئەبووین تا سبەی بۆمان بهێنن …!
سیمینار و کۆڕ و ۆرک شۆپ و دەیان چالاکی ، کتێب دەیان دەستی ئەکرد ، عاشقی کتێب و مەعریفە بووین !
هەموو ئەو پێشکەوتن و فەزا ڕۆشنبیریە بوو بەقوربانی سۆشیال میدیا ،

ئایا ئێمە سوودمان لەئەنتەرنێت وەرگرت یان نا …؟
ئەم مۆبایلە نەگریسە هەزاران گەنج و کچ و کوڕی یەم وڵاتەی کرد بەگۆشەگیر و سەدان گرفت و نەخۆشی دەروونی و خەمۆکی و هتد ….

گەنجان بناغەی شۆڕش و پێشکەوتن و داهێنانن ، چ کارەساتێکی نەگریسە گەنجەکانمان هەموو کاتیان بەدیار کۆمەڵێک ئەپ و بابەتی بێ ناوەڕۆک و جنێو گرتەی نەشیاو و گاڵتەجاڕیەوە بەسەر ئەبەن …!

خێزان و تاک بەتاکی ئەم کۆمەڵگا بوو بەقوربانی ئەم ئامێرە سارد و سڕە ، لەبازاڕ و شوێنە گشتیەکان ، لەنزیک دۆستان و خۆشەویستانت ئەوەستیت هەست بەوجودت ناکەن ،
بڕوانامە و ڕۆشنبیر و ئازایەتی و جوانی ناخی گۆڕیەوە بەماڵی دونیا و مۆدێل …!
مرۆڤ بوو بەکاڵا ، گەنجەکان بوون بەقوربانی ئەم ئامێرە سارد و سڕە ،

ئێمە نەمان توانی ئەنتەر نێت بەکار بهێنین !

ئێمە نەمان توانی ئەپەکانی مۆبایل بەکار بێنین بەپێچەوانەوە مۆبایل و ئەپەکانی مۆبایل ئێمەیان بەکار هێنا و هەموو جوانی ژیان و بەهاکانی مرۆڤایەتیان لەئێمە داڕنی ،
لەهەموو ڕوویەکەوە زیانی بەژیان و ئایدیامان گەیاند ، تەنانەت کاریگەری جددی کردە سەر بەها مرۆڤایەتیەکانمان ، ناوی گۆڕین ، ڕەگەزی گۆڕین ، وێنە و ناسنامەی گۆڕین ، لەمرۆڤێکی جوانەوە ئێمەی کرد بەو مرۆڤە ساختەی نە قسەکانی ڕاستن ، نەبەڵێن و نەقسەکانی ، سەدان کچ و کوڕی ئەم وڵاتە بوون بەقوربانی مرۆڤی ساختە و لات و پوت ، بەجۆرێک مرۆڤ نازانێت کامەیە ڕاستگۆ و کامەیە درۆزن …!

ئەو مرۆڤەی خوا کردی بەجێنشین و لەسیافاتەکانی خۆی بێبەشی نەکرد ، ئێستا بووەتە دڕندەیەکی بێویژدان و بەڕاست و چەپدا ماف و جوانی مرۆڤایەتی یەکتر ئەسڕنەوە ، ئەم ئامێرە نەگریسە مرۆڤی کردە کەرەستە و بەهەموو شێوەیەک بەکاری ئەهێنێت ، ڕۆژەکانی هەفتەی برد بۆ خۆی ، کاتی نان خواردن و میوان و ئازیزانی لەجوانی خێزان سەندەوە ، شەو و رۆژی گۆڕی بۆ خەم و فێڵ و درۆ ،
مرۆڤی لەڕەسانەیەتی خۆی داڕنی …

میلان کۆندێرا ئەڵێت : کاتێک مرۆڤ خۆی لەئەسڵ و ڕەسانەیەتی خۆی داڕنی چی ئەمێنێتەوە …؟

ئایا مرۆڤ لەئەنجامی بیر نەکردنەوەی بوو بەکۆیلەی تەکنەلۆژیا …؟
ئایا مرۆڤ تەکنەلۆژیا بەکار ئەهێنێت یاخود ئەو مرۆڤ بەکار ئەهێنێت …

زۆربا: مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێت بە ڕاستی و شەرافەتمەندانە بیر بکاتەوە دەبێت لەسەرخۆ بێت و تەمەنێکی تێپەڕاندبێت و ددانی نەمابێ، کە مرۆڤ ددانی نەبوو بەئاسانی دەتوانێت بڵێت: “مناڵینە! تەریق ببنەوە، گاز مەگرن!”
بەڵام کە سی و دوو ددانەکەی لە جێی خۆیدا بێت بڵێم چی… مرۆڤ لە گەنجیدا گیاندارێکی دڕندەیە، بەڵێ سەرۆک، گیاندارێکی دڕندەی مرۆڤخۆر…”

زۆربا سەری لەقاند و دیسان کەوتە ئاخاوتن:

  • مەڕیش دەخوات، مریشک و بەرازیش دەخوات، بەڵام تا گۆشتی مرۆڤ نەخوات تێر نابێت…!

تۆ کەبیر ناکەیتەوە واتە : نیت …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *