یانەی شارەزوور بەشداری جامی کوردستان دەکات

یە کێتی تۆپی پێی کوردستان ڕۆژی پێنج شەمە تیروپشتی جامی کوردستان ئەنجام دەدات بۆ یانە نایاب و پلە یەک و پلە دووەکان.
لە جامی کوردستاندا یانەی شارەزوور لەسەر ئاستی پلە دووەکان بەشدارە.
شارەزوورنیوز بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر یانەکە و ئەنجامدانی ئامادەکاری بۆ جامەکە چەند پرسیارێک ئاڕاستەی سەرۆکی یانەی شارەزوور ئاراس فایەق دەکات.
پێشەکیەک لەسەر یانەی شارەزوور؟
– یانەی شارەزوور لە ساڵی 1995 لەلایەن کۆمەڵێک وەرزشکاری شارەکەوە دامەزراوە ، پاشان بە بڕیاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لەگەڵ یانەی وەرزشی زەڕایەن کران بە یەک یانە بە ناوی یانەی وەرزشی شەهیدان.
لە ساڵی 2021  یانەی شەهیدان کرا بە دوو یانە ، یانەی وەرزشی شارەزوور بۆ قەزای شارەزوور  ، یانەی وەرزشی زەڕایەن بۆ ناحیەی زەڕایەن
چۆن بوو بڕیارتان دا بەشداری لە جامی شارەزوور بکەن ؟
– یانەی شارەزوور 12 ساڵ و یانەی شەهیدان زیاتر لە 5  ساڵە هیچ یاریەکیان لە قەزاکە ئەنجام نەداوە ، هەر بۆیە دەستەی کارگێڕی یانە بڕیاریاندا  ئەمساڵ بە ناوی یانەی شارەزوورەوە بە پێی توانا بەشداری خولەکانی کوردستان بکەن ، بەشداری کردنیش بە مەبەستی خۆ ئامادە کردنە بۆ خولی پلە دوەکانی کوردستان.
باری دارایی یانەکە چۆنە ئایا دەتوانن تا کۆتای جامەکە بەشداربن و کێشەی دارایتان نەبێت، کێ پاڵپشتیاتن دەکات ؟
– باری دارایی یانەکە لە ئیستادا، یانەکانی کوردستان زۆربەیان باری دارییان خراپە و ئەو یانانەی کە بە پرۆژە و داهاتی خۆیان بوودجەی یانەکەیان دابین دەکەن لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکەن و زۆربەیان لە لایەن حکومەت و لایەنە سیاسیەکانەوە هاوکاری دەکرێن لە ڕابردودا یانەی شارەزوور  هیچ پرۆژەیەکی ئابوری نەبووە تا داهاتی هەبێت بۆ یانەکە.

ئێمە لە هەوڵداین لە ئایندەدا چەند پرۆژەیەک بۆ یانەکە ئەنجام بدەین بۆ ئەوەی بەشێک لە داهاتی یانەکە دابین بکات. بۆ خولەکانی ئەمساڵیش دەستەی کارگێڕی یانەکەمان هەوڵ دەدەین لە چەند ڕێگەیەکی جیاوازەوە خەرجی خولەکان دابین بکەین.
یانەکە لە هەوڵدایە تیپێکی باش دروست بکات لە یاریزانی شارەکە بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەیەکی باش یاریزان ئامادەییان دەربڕیوە بێنە یانەکەوە .
پەیامتان بۆ هاندەرانتان چیە ، دەتوانن بەڵێنی ئەوە بدەن بە ئەنجامەکانتان دڵخۆشیان بکەن؟
– سەبارەت بە هاندەران و وەرزشکارانی شارەزوور هەمیشە وتوومە هاندەرانی شارەزوور جوانترین هاندەرن لە کوردستاندا٫بە درێژای میژوی ئەم شارە هەرگیز هاندەران نەبونوتە بارگرانی و سەر ئێشە بۆ یانەکە و موشکیلەیان دروستنەکردووە لە کاتی بەڕێووەچونی خولەکاندا،بە پێچەوانەوە هەمیشە پاڵپشت و پشتگیری یانەکە بوون. هیوادارم هاندەران لە جاران جوانتر هانی یانەکە بدەن بۆ ئەوەی وەرزشی ئەمشارە قۆناغێک بچیتە پێشەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *