ئۆتیزم گرفتێکی هزری و پێگەیشتنە و بەڕاهێنانی باش کۆنترۆڵدەبێن

ئامادەکردنی: شارەزوور نیوز
د. سەید عەلی سەمەدی، پسپۆڕی گشتی گرفتەکانی گەشەو ژیری و ئۆتیزم لە٢٠٠٧ەوە کار لەسەر
کەسانی خاوەن ئۆتیزم دەکات و لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی شارەزوور نیوز ڕایگەیاند: ئۆتیزم،
گرفتێکی دەماری گەشەییە و پێی دەڵێین (جیاوازی نۆرۆ دیڤلۆپمێنتاڵ)، ئۆتیزمەکان جیاوازی
هەڵسوکەوت و کۆمەڵایەتییان هەیە، کوردستان تائێستا پێناسەیان دیارینەکردووە بۆ ئۆتیزم. ئەوانەی
توانایان زۆرترەو کێشەیان کەمترە حاڵەتی جینات تیایاندا زۆرترە بەڵام کەسانی خاوەن توانا نزمترەکان
زیاتر بزوێنەرەکانی ژینگە کاریگەری لەسەر ئۆتیزمی ئەوان هەیە.
دەقی چاوپێکەوتنی شارەزوور نیوز لەگەڵ د. سەید عەلی سەمەدی، پسپۆڕی گشتی گرفتەکانی گەشەو
ژیری و ئۆتیزم.


شارەزوور نیوز: ئۆتیزم چیە؟


د. سەید عەلی سەمەدی
: ئۆتیزم، بەپێی زانیاری ئیستای ئێمە گرفتێکی دەماری گەشەییەو پێیدەڵێین
(جیاوازی نۆرۆ دیڤلۆپمێنتاڵ). پانزدە ساڵە کار لەسەر ئەوە دەکەم، هەروەها دوو کەسی خاوەن ئۆتیزم
وەکو یەک نین و جیاوازن، بەڵام بۆچی بەھەموویان دەوترێت ئۆتیزم! ئەمەش لەدوو خاڵدایە جیاوازن
یەکەم داخوازی ھەڵسوکەوت و کۆمەڵایەتی تایبەتیان ھەیە، واتە دورە پەرێزن و حەز ناکەن تێکەڵ ببن و
تایبەتن لەکاتی قسەکردنیش دەنگیان تایبەتە، پەیوەندی چاو کەمتر بەکاردێنن. لەکاتی قسەکردندا سەیری
دەوروبەریان دەکەن. وە لەبواری ڕەفتاریش جیاوازن و دوبارەکردنەوەی ڕەفتاریان هەیەو حەز بەگۆڕینی
ڕۆتینەکانیان ناکەن و نەگۆڕانی ژینگەیان پێخۆشە. گۆڕانی ژیان تێکیان دەدات واتە جیاوازی
ھەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی و ڕەفتارییان ھەیە. لەکاتی دەستنیشانکردن بەو دوو خاڵە دەوترێت (کەموکوڕی
دوو دانەی)ی. دیاریکردنی ئەوەی ئایا ئەم کەسەی ئۆتیزمی هەیە وشک و نەگۆڕە! یان کۆمەڵگاو
ژینگەکەیان، یاخود هەردووکیان زۆر گرنگە.


شارەزوور نیوز: توێژینەوەکان بەو جۆرە ئۆتیزمان دەستنیشانکردووە ڕاستە؟


د. سەید عەلی سەمەدی: بەڵێ، ئەو سەرچاوانەی کە ناسراون لە جیھاندا (ئای.سی.دی) ژمارە ١١ لەگەڵ
(دی.ئێس.ئێم) ژمارە پێنج بەو جۆرەیە ئۆتیزم ناسراوە ساڵ بەساڵ دەگۆڕدرێت، پێش ساڵی ٢٠١٣
دەیانوت پێنچ جۆر کێشەیان ھەیە، یەکەم کەس بەنەخۆشی ئۆتیزم دەستنیشانکرا (دۆناڵد گرێ تریپلێت)ی
هەشتاو چەند ساڵه بوو تا مانگی ڕابردوو دەژیا، ئۆتیزم ٨٠ ساڵە ھاتووەتە ناو کتێبەکان بەڵام تازە
دەیناسین.


شارەزوور نیوز: ئاماژەت بەوەکرد نەڵێین ئۆتیزم نەخۆشییە، گەر نەخۆشی نەبێت ئایا دەروونیە،
زۆربەی پزیشکانی دەروونی دەڵێین؛ ئەم حاڵەتە نەخۆشیەکی دەروونیە، پێویستە ئۆتیزم بەچی
ناوبھێنرێت؟

د. سەید عەلی سەمەدی: پەنجەتان لەسەر گرنگترین خاڵ دانا، پێتان بڵێم بۆچی گرنگە، گەر سەرەتا
لەخۆمانەوە سەیر بکەین، کاتێک بەکەسێک دەڵێین نەخۆشە کە بەدوای چارەسەردا بگەڕێین وەکو
نەخۆشییە باوەکان. من ئەو گرفتە گەورەم لەکوردستاندا ھەیە تائێستا پێناسەیان دیارینەکردووە، گروپێک
لەوان کە پزیشکن دەڵێین؛ ئۆتیزم نەخۆشییە، دەچن بۆ نەخۆشخانەکان و دەکەون و دەرمان و مادەی
کیمیایی بەکاردێنن، بۆچی پێناسە گرنگە! گەر ئۆتیزم گرفتێکی ھزری و فێربوونە دێیت قوتابخانەیان بۆ
دادەنێیت و فێری ڕەنگ و گەورەو بچوک و چوارگۆشەو بازنەو سێگۆشەیان دەکەیت، بەڵام گەر وتت
نەخۆشییە دێیت نەخۆشخانەیان بۆ دروستدەکەیت. کاتێک دەڵێی جیاوازییە هەست دەکەیت کە دەبێت
باشتریان بناسی هەوڵ بۆ ناسینی زۆرتر دەدەیت. لەکوردستان ھەست بەوە ناکەن پێناسە گرنگە، بۆیە
پاڵپشتییەکان زۆر بەربڵاون، پەیوەندیان لەگەڵ یەک نیە. نابێت بزانین گرفتەکە سەرەتا چیە ھەتاوەکو
بەدوای چارەسەردا بگەڕێین؟


شارەزوور نیوز: چۆن زیاتر ئۆتیزم بناسینەوە؟


د. سەید عەلی سەمەدی: نمونەیەک دێنینەوە، کەسێک بەسەر میندا ڕۆشتووە قاچی لەدەستداوە ئەو کەسە
نەخۆشە یان نا! گەر نەخۆش بێت ئایا چاکدەبێتەوەو قاچی دروست دەبێتەوە؟ نەخێر، کۆمەڵێیک گرفتمان
ھەیە پێی دەڵێین (دیڤلۆپمێنتاڵ دیزەیبڵیتیز یان دیڤلۆپمێنتاڵ دیزۆردەز) ئەو گرفتانە گرفتی گەشەو پێگەیشتنە
تا مرۆڤ زیندووە لەگەڵیەتی، سەرەتا نەماندەزانی چۆن چاودێری بکەین مادام تا مردنە پێیدەوترێت
گروپێکی جیاواز کە وتیشمان جیاواز دەبێت ھەوڵ بدەین تێبگەین، گەورەترین ھەڵە لەکوردستاندا ئەوەیە
ئەو کەسەی بەرپرسی ئۆتیزمە دەڵێیت؛ منیان بەزۆر لەو پۆستە داناوە کارکردنم لەگەڵ منداڵ پێ خۆش
نیە، وتم؛ ئەی خودا ئەم پسپۆڕە وا دەزانێت ئۆتیزم گرفتی منداڵانە، من کەیسی پەنجا ساڵەو شەست ساڵەم
ھەیە، ئۆتیزم لەتەمەنی منداڵییەوە دەستنیشان دەکرێت وادەزانن گرفتێکی منداڵانەیە، ئۆتیزم جیاوازی
ھەڵسوکەوت و ڕەفتارە لەو کەسانەدا دەستنیشانکردووە تا مردنی دەبێت لەگەڵیان بین. بەگۆڕینی ڕوانگە
دەتوانین ئۆتیزم باشتر بناسین.


شارەزوور نیوز: دووبارەی دەکینەوە ئۆتیزم نەخۆشیەکی دەروونیە؟


د. سەید عەلی سەمەدی: بابەتێکە زۆر ھەڵدەگرێت، حاڵەتێکی جیاوازە ئەو کەسانە وەکو تەواوی
کەسانیتر ئەگەر پاڵپشتی بکرێن بەڵێ دەروونیە، گەر پێچەوانە بێ ئەوان زیاتر توشی ریسک و گرفتی
دەروونی دەبنەوەو جیاوازن، گەر پێداویستییەکانیان بۆ دابین نەکەین لەکاتێکدا بەشێک لەوان زۆر بەھۆشن
و زیرەکن. ئۆتیزم لەو کتێبانەدا ھەیە کە باسی گرفتەکانی دەرونی دەکات یان زانایانی ئۆتیزم دەڵێین
لەدەروونناسی بھێننە دەرەوە لەبایەلۆجی بیناسن، هەربۆیە جیاوازن و نەخۆش نین واتە بایەلۆجیشە چونکە
کێشەی دەماریان ھەیە، کاتێک بەو کەسانە دەڵێین ئۆتیزمیان ھەیە پشتەوەی مێشکیان زیاتر کاردەکات
بەپێچەوانەی کەسی ئاسایی، کارەکانیشیان تایبەتە بەخۆیان. گفتوگۆکردن لەسەر کاریگەرییە ئابورییەکانی
نەبوونی پاڵپشتی و پشتگوێخستنی خزمەتگوزاری لەلایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگاو شکستهێنان
لەدابینکردنی پێداویستییەکانی ئەو کەسانەی ئۆتیزمیان هەیە لەناو کۆمەڵگاو دیاریکردنی ئەوەی کە
ئەوانەی بەهۆی ئەم کەمبوونەوەیەوە زیانیان بەرکەوتووە کەسانی ئۆتیزمن (نەک باجدەران و

ڕێکخراوەکان). دەبێت خۆمان بەدوور بگرین لەوەی کە بەوترێت ئۆتیزم خۆی فاکتەرێکی زیانبەخشەو
لەکۆتاییدا دەبێتەهۆی ئەنجامی خراپ و بێ مانا.


شارەزوور نیوز: ئۆتیزم ڕێژەیە، لەڕێژەی چەندەوە دەستپێدەکات؟


د. سەید عەلی سەمەدی: پێش ٢٠١٣ دەمانوت ئۆتیزم پێنج جۆری هەیەو گرفتەکانی گەشەی پێگەشتووە
وەکو (پی.دی.دی)ی نەناسراو لەگەڵ چەند جۆرێکیتر وەک رێت، ئاسپێرگر و… هتد، لە ٢٠١٣ەوە ھاتن
وتیان ئەم ھەموو نێوانە چیە! بەپێی ڕێژە ھەموان ئۆتیزمیان ھەیە وەکو گرفتەکانی شەبەنگی ئۆتیزم ئەم
ڕێژە بەشێکی قورسەو قسە ناکەن پێداویستییەکانیان زۆر زۆرە، بەشێکی دیکەیان سوکەو پێدەچێت
دراوسێی خۆم بێت یان براو خوشک یان ھاوکاری من بێت، ئەویش زوو دڵی دەشکێت و کێشەی
تێگەشتنی ھەیە، یاخود بەنمونە ڕێژەی ١٠ زۆر بە زەحمەت دەناسرێتەوە وەکو خۆگونجاندن لەگەڵ
دەوروبەر یان ھەستیارن بەمڵچە مڵچ، یانیش ئەو کەسانەی کاتژمێر چواری بەیانی بەتوندی دەرگا
دادەخات وادەزانێ کە خۆی ھەستاوە دونیا ھەستاوە. ئیستا لەئەمەریکا لە ٤٤ کەس یەکێک توشبوی
ئۆتیزمە.


شارەزوور نیوز: تاچەند ئۆتیزم جیناتە یان ژینگەییە یاخود تەکنەلۆجیاو ئینتەرنێتە لەگەڵ مۆبایلی
زیرەک، بەگشتی ھۆکاری توشبون بەئۆتیزم چیە؟


د. سەید عەلی سەمەدی: ئەوانەی توانایان زۆرترەو کێشەیان کەمترە حاڵەتی جینات تیایاندا زۆرترە، یان
کەسێک کە پلەیەکی زۆر بەرزی ھەیە لەبەڕێوەبەرایەتیەکدا کە تاکەکەسییە، پێویستی بەهەڵسوکەوت لەگەڵ
کەسانیتر نییە زۆر جوان پێوەی دیارە کە حاڵەتی ئۆتیزمی ھەیە لەسەرەتای قسەکردنیەوە تا کۆتایی
سەیری ناوچاوت ناکات و زیاتر ھەڵسوکەوتی تایبەتە ئەوانەش پێیان دەڵێین (ھایفاکشن یان ئۆتیزم
بەلێهاتویی بەرز)، بەڵام ئەوانەی زۆر زۆر شەدیدن بزوێنەری ژینگەیان لەسەرە، بزوێنەرەکانیش وەکو
ئاوی ئارسنیکدار یان جیوە یان جەنگی بۆمباران. لەھەموو ئۆتیزمێکدا سەرچاوەو بنەمایەک ھەیە ئەویش
جیناتە واتە لەکاتی جەنگدا ھەندێک توش دەبن ھەندێک توش نابن، ھۆکاری جەنگە دەریدەخات ئەم کەسە
دەورژێت و دەردەکەوێت ئۆتیزمی ھەیە کە پێیدەڵێین بزوێنەرێکی سروشتی یان ژینگەییان دەوێت بۆ
ئەوەی دەربکەوێ ئۆتیزمی هەیە ئەویش پێی دەڵێین (تریگەر). منداڵ بەھیچ جۆرێک لە تەمەنی ھەژدە
مانگی نابێت تەماشای سمارتفۆن(مۆبایلەکان) یان تەلەفزیۆن بکات، چونکە ئەو شاشانە بزوێنەری زۆر
ھەیەو کاردەکاتە سەر مێشکی تەمەن خوار ھەژدە مانگی چونکە ناتوانێت ھەموو ئەو وێنەو دەنگ و
ڕەنگانە وەربگرێت و لێیان حاڵی ببێت، لەبەرئەوەی نازانێت سەیری کامیان بکات ھەندێکجار منداڵەکە
لەتاوا دەگری، هەربۆیە لەتەمەنی دوو ساڵی دەتوانێت بۆ ماوەی نیو کاتژمێر یان کاتژمێرێک سەیری
کارتۆن لەسەر شاشەکان بکات. لەکوردستان ئەو گرفتە ھەیە دەڵێین سمارتفۆنەکان ھۆکاری توشبونن
بەئۆتیزم، نەخێر! بەڵکو ئەوانەی بنەمای ئۆتیزمیان ھەیە بەمانە دەردەکەون، ئەمە مانای ئەوەنیە بڵێم
مۆبایل بدەنە دەست منداڵ.


شارەزوور نیوز: چ ھۆکارێکی دیکە دەریدەخات ئەو منداڵە ئۆتیزمە؟

د. سەید عەلی سەمەدی: بەپێی کلتور خاڵەکانی ئۆتیزم جیاوازە، توێژینەوەکانیشمان وەرگێراوەتەسەر
کوردی بەڵام بۆ کوردستان گونجاو نەبووە، چونکە ئەو شتەی دایک و باوکی ئەورپا بێزار دەکات
جیاوازە لەکوردستان و ئێران لەگەڵ تورکیا، ھەربۆیە دەبێت پێوەری خۆمان ھەبێت بۆ لەبێژنگدان،
بەوهۆیەوە سکیڵ(کارامەی)ی ھیوامان بەکارھێنا لەکوردستان کە خۆی لە ١٠ خاڵ دەبینێتەوە بۆ ماوەی
دوو ساڵ کە تیایدا دایک بەچ شتێکی منداڵەکەی ھەستیار دەبێ؟ بە بێدەنگیەکەی یان دەنگ دەرنەکات
یاخود لاسایکردنەوەی نەبێت، ماوەی دوو ساڵ لە کوردستان بەکارمھێنا تاڕادەیەک دەگونجا بەڵام دواتر
سکیڵێکی تازەترم بەکارھێنا بۆ لەبێژنگدانی ئەو منداڵانە کە پێدەچێت بۆ عەرەبەکان نەگونجێت چونکە
بەخێوکردنی منداڵیان جیاوازە.


شارەزوور نیوز: نیشانەکان و ڕەفتارەکانی کەسانی خاوەن ئۆتیزم چۆنەو بەچی ھەستیارن، چونکە
زۆرێك لەخەڵکی ئاسایی لەتوندوتیژی منداڵی ئۆتیزم دەترسن منداڵەکانیان لێ دوردەخەنەوە، ئایا منداڵی
ئۆتیزم توندوتیژن؟


د. سەید عەلی سەمەدی: بەداخەوە بەگشتی توندوتیژیان تێدایەو ڕەفتاری کۆنترۆڵ نەکراویان هەیە،
بۆنمونە ڕەفتاری خۆ ئازاردان یان هەڵسوکەوتی دوژمنکارانە. بەڵام ھۆکاری ھەیە ھەموویان جۆرێک
لەتوندوتیژیان ھەیە چونکە کەس لێیان تێناگا لەبەرئەوەی گرفتی دروستکردنی پەیوەندی کۆمەڵگەیان ھەیە
یان گرفتی ھەستییان ھەیە. کاتێک ئەوان دەیانەوێت باوەش بەمنداڵێکدا بکەن، بەڵام ھەستی بەجۆرێک
لێکیدەداتەوە وەکو پاڵنان بێت یان ئازاری توندی بدات یاخود چۆن کەسەکە ئاوڕبداتەوە بۆی وەکو
قژڕاکێشان دەریدەبڕێت، لەو دۆخەدا چارەسەری ھەستییان بۆ دەکەین ئەویش پێیان نیشان دەدەین نەک
قسەکردن یاخود وشە وشە بەمەش ھەستیاریان دێتە خوارەوە، هەروەها زمانێکی تایبەتیان بۆ خۆیان
دروستکردووە تەنیا دایک و باوکیان لێیان تێدەگەن، هەربۆیە دەبێت خەڵک فێر بکەین کەسانی خاوەن
ئۆتیزم بەو جۆرەن، زانیاری کەسی زۆر گرنگە. خەڵک وادەزانن ئۆتیزم گواستراوەیە منداڵەکانیان
دووردەخەنەوە لێیان.


شارەزوور نیوز: ئەم پرسیارە دووبارە بکەینەوە، دیاریترین نیشانەکان و ڕەفتارکانی توشبوانی ئۆتیزم
کە مرۆڤی ئاسایی بیناسێتەوە چیە؟


د. سەید عەلی سەمەدی: وەکو پێویست سەیری چاوت ناکات و لەکاتی یاریکردن لاسایکردنەوەیان نیە،
وە زۆرجار دڵەڕاوکێیان ھەیەو بێ ھۆ ترس و تۆقانیان ھەیە وە دەنگی (یییییی) زۆر دەبزوێنن وە
خەڵکییان لەدەوروبەر بێت ھیچ کاردانەوەیەکیان نیە یان ناوی بھێنیت تا چەندجار ئینجا وەڵام دەداتەوە
چونکە کاردانەوەی بەناوی خۆی نیە، یاخود ھەستیارن بە بۆن ھەموو دەچێتەوە سەر خاڵەكانی سەرەتا کە
باسمانکرد ئەویش جیاوازی کۆمەڵایەتی و ڕەفتارو ھەستکردنە. خاڵێکیتر ڕۆشتن لەسەر نوکی پەنجە، ئەم
منداڵانە نە نابیستن نە لاڵن بەڵام کە بانگ دەکرێت ھیچ جۆرێکیانی نییە پێیاندەوترێت (لاڵی ھەڵبژاردە)
تەنھا بەو شتانە لادەکەنەوە کە پێی ھەستیارن.


شارەزوور نیوز: دایک و باوک بەچیدا بزانێت لە کۆرپەییەوە منداڵەکەی ئۆتیزمە، تاچەند ڕاستە
لەدوای تەمەنی شەش ساڵی چارەسەر نەکرێن چارەسەریان زەحمەتە؟

د. سەید عەلی سەمەدی: بەداخەوە لە ھەفتە تا شەش مانگ زۆر ئەستەمە بناسرێنەوە، چونکە ڕەفتاریان
زۆر لەمنداڵی ئاسای دەکات جیاکردنەوەی گرانە. بەپێی سکیڵەکانمان لەتەمەنی ٢٤ مانگیەوە دەناسرێنەوە،
چونکە لە بێژنگدانی باشمان نیە لەوبارەیەوە بۆ ناسینەوەیان بەڕەفتارەکان دەناسرێنەوەو زیاتر لەجۆرێکی
تێدابێت وەکو دووبارەکردنەوەی ھەڵسوکەوتێک، لەدوو ساڵی یان هەژدە مانگی دەردەکەوێت ئەویش دەبێت
دایک و باوک فێر بکرێن. سەبارەت بەتەمەنی شەش ساڵیش تەمەنی زێڕینیان پێنج ساڵە، ھەر گرفتێکیان
ھەبێت بەڕاھێنان سود وەردەگرێت چونکە لەو تەمەنەدا زوتر شت وەردەگرن، بەڵام چارەسەری دوای
شەش ساڵی زۆر گرنگە نابێت ئیھمال بکرێت ئەویش نابێت پسپۆڕەکە بیکات، بەڵکو دەبێت دایکەکە لەژێر
چاوەدێری پسپۆربیکات چونکە ئەوان شارەزاترن. هەربۆیە چارەسەرەکان زۆرن تەنانەت بۆ تەمەنی ٢٠
ساڵیش بەڵام زەحمەتی زۆر دەبێت. پێویستە پسپۆڕەکان سەردانی ماڵی دایک و باوک بکەن تا بزانرێت
پێویستییەکانی ماڵیان چۆنەو کاریگەری لەسەر ئەو منداڵە دەبێت، گرنگە سەیری گڵۆپ و پەردەو ژووری
منداڵەکە ئایا ھەوا کێشی ھەیە وە چۆن بیشوات و لفەکەکەی چۆن بێت، بەوهۆیەوە دەبێت ژینگەی منداڵەکە
بزانرێت تا بەو جۆرە ڕاھێنان بەدایک و باوک بدرێت.

شارەزوور نیوز: ھۆشداریتان چیە بۆ ئەو دایک و باوکانەی منداڵەکانیان دەبەن بۆ لای ھەموو جۆرێک
لە پسپۆڕی منداڵان؟ پێویستە منداڵ ببردرێت بۆ لای کێ، ئایا دەبێت سەد لەسەد پشت بەپزیشکی
دەروونی ببەسترێت؟


د. سەید عەلی سەمەدی: دایک و باوک دەبێت منداڵەکەی بیباتە لای پسپۆڕێک کە زانیاری ھەیە، دەبێت
یەک پزیشک بێت لەتەمەنی بچوکییەوە لەگەڵ ئەم خێزانە بێت کە بەداخەوە لەکوردستان نیمانە ئەوانەشی
ھەیە زانیاریان نەدراوەتێ یاخود کەمە، یاخود دەچنە لای دکتۆری دەروونی کە ھیچ پسپۆڕی لەئۆتیزم
نییەو زانیاری وەرنەگرتووە، بەڵکو لەڕێ لادەدرێن. وە ھیچ چارەسەرێکی کیمیایمان نییە بۆ ئۆتیزم بریا
ھەمنبا، دایک و باوک دەبێت بچنە لای چ پزیشکی دەروونی بێت یان منداڵان تەنیا زانیاری ئۆتیزمی
ھەبێت، وە پزیشکەکان کە سەردانم کردوون دانیان بەوەداناوە کە زانیاریان کەمەو کۆمەڵگەش
بەھەمانشێوە، ئەگەر ئەو پزیشکە زانیاریی نییە دەبێت بنێردرێت بۆ لای کەسێکی شارەزا، یاخود منداڵیان
بردووە بۆ دەرەوەی وڵات پزیشکەکە چەند خولەک منداڵەکەی دیوە پێیوتون ئۆتیزمی نییە! تەنیا بەچاو
چەند پرسیارێکی کردووەو دواتریش بەخۆشحاڵییەوە ھاتووەتەوە.

شارەزوور نیوز: چارەسەری جسنییان چۆن بۆ دەکەن، ئایا ئەمە زوڵم نابێت ئەندامی جێندەریان
دەربھێنرێت؟


د. سەید عەلی سەمەدی: کاتێك ئەندامی جێندەریان دەردەھێنرێت دەیانەوێت ئەو حاڵەتە پاکبکەنەوە نەک
چارەسەری بکەن، یان توانای جنسیان لەبن دەبەن (خەساندن یان خەفێنراو) ئەوانیش مافی خۆیانە،
لەھەموو ڕویەکەوە ئەوە پێشێلی مافی ئەو ئۆتیزمە دەکەن، چارەسەر چیە! بەبەرنامەی (ئەی.بی.ئەی) کە
شیکاری ڕەفتاریە یان لەبواری چوارچێوەدانی سروشتییە پێی دەڵێین (تیچ TEACH) یاخود ئەوانەی
لەبواری ھەڵسوکەوتدا ھەمووی شێوازی تایبەتی ھەیە بۆ فێربوونی جنسی، ھیچ بەرنامەیەکمان نییە فێریان
بکات توانای جنسییان نەبێت ھەموو شتێک بەڕاھێنان دەکرێت، نابێت دایک و باوک ئەو چوارچێوەیان بۆ
داناوە لەوە دەربچن یاخود دەرگای لێبکەنەوە. حاڵەتێکی داونمان ھەبوو ئۆتیزم بوو دەچوو دەرگا

دادەخست سەرینیشی لەپشتی دەرگاکە دادەنا بوکەڵەی ھەبوو دەیگرتە باوەش دایک و باوکی دەرگایان
دەشکاند نەیاندەھێشت یان بوکەڵەکەیان لێدەشاردەوە، لەبەرامبەردا منداڵەکە پیسایەکەی کردبوو بەھەموو
ماڵەکەدا، بەدایک و باوکیانم وت؛ بۆ واز لەو چوارچێوەی ناھێنن زۆر ژیرانەش بیریان کردووەتەوە،
ھیوادارم لەکوردستانیش ئەو ھەنگاوە ببڕین و نەبێت بەعەیبەو بەرنامەمان بۆ ئەو خاڵەش ھەبێت گەر بێت
و بەرنامەمان نەبێت، دەبێت بەکارەسات.

شارەزوور نیوز: ئەو منداڵانەی داونن کاتێك توشی ئۆتیزم دەبن حاڵەت تیایاندا قورسترە یاخود وەکو
ئۆتیزمەکانی دیکەن؟


د. سەید عەلی سەمەدی: ئەوانەی داونیان ھەیە لەگەڵ ئەوانەی دیکە جیاوازیان ھەیە چونکە دانەیەک
کرۆمۆسۆمیان زۆرترە یان جێگای گۆڕاوە یان پەڕینی کڕۆمۆسۆم پێیاندەڵێین (سەندرومی داون)،
لەکۆمەڵگەی ئێمەدا لەملیۆنێک منداڵ ١٠ ھەزاریان ئۆتیزمی ھەیەو لەھەر ٢٠ کەسێکی داون یەکێکی
ئۆتیزمە، هەربۆیە ڕێژەکە لەناو ئەواندا زیاترەو بەوانە دەڵێین (دەبڵ دایەگنۆزس) تەشخیسی دودانەیین ھەم
ئۆتیزمن ھەم داون چونکە بەرگریان کەمترەو لەسەد کەس ٢٠ کەسی داون ئۆتیزمە.


شارەزوور نیوز: ئۆتیزم زیاتر لەناو کچاندا زۆرترە یاخود لەکوڕاندا؟


د. سەید عەلی سەمەدی: ئۆتیزم لەناو کوڕاندا زۆرترە، لەچوار کوڕدا کچێک ئۆتیزمە، لەتیۆریەکان
لەسەر مێشک ھاتووە ئۆتیزم مێشکی پیاوانەیە پیاوانیش زیاتر خۆیان لەبەرچاو دەگرن، بەڵام خانم خەڵک
و دەوروبەریش لەبەرچاو دەگرێت پیاو زیاتر بۆ خۆی دەژی، بەنمونە کاتێک پیاوێک سەیری تۆپتۆپێن
دەکات وادەزانێت ھەمووان حەزیان پێیەتی ئۆتیزمیشی نیە بەڵام مێشکی ئۆتیزمی ھەیە چاولێکەری
ئۆتیزمی ھەیە، هەربۆیە ژنان مامۆستایەکی باشن بەڵام پیاوان ئەندازیارێکی باشن زۆرترین شت
لەبەرچاو دەگرێت، ئەو ڕێژەش لەژندا ھەبێت پیاوانە توشی ئۆتیزم دەبن.


شارەزوور نیوز: دەتوانین بڵێین تاقەو وزەی زۆر لەکەسێکدا ئەگەری دوچاربوون بەئۆتیزمی ھەیە؟


د. سەید عەلی سەمەدی: وزەی زۆر لەگرفتێکدا ھەمانە (ئەی.دی.ئێچ.دی). ئەو دوانە لەیەک جیاوازن.
پێش ٢٠١٣ لەکاتی دەستنیشانکردن لەنێوان ئۆتیزم و (ئەی.دی.ئێچ.دی) دەبوایە دانەیەکمان
دەستنیشانکردبا. بەڵام ئێستا دەتوانین هەردوکیان لەبەرچاو بگرین، تاک دەتوانێت هەم ئوتیزمی هەبێت و
هەم (ئەی.دی.ئێچ.دی). ئەو کاسانەی وزەو جوڵەیان زۆرە هەڵسوکەوتیان وەک کەسانیترە. ئەو کەسانە
تەرکیزیان کەمە بەڵام کەسانی خاوەن ئوتیزم تەرکیزیان هەیە بەڵام لەسەر شتی تایبەت. ئەگەر وایە
دەتوانین بڵێن ئەو دوو تەشخیسە هاوبەشیان هەیە بەڵام زۆر لەیەکتر جیاوازن.


شارەزوور نیوز: دەتوانین بڵێین نەبوونی هاوسانگی لەنێوان جۆری خوێنی باوان کاریگەری هەیە
لەسەر ئوتیزمی منداڵ؟


د. سەید عەلی سەمەدی: سێ جۆر خوێنمان هەیە ABO. توێژینەوەکان ڕایانگەیاندووە کە چۆن ئۆتیزم
زۆرتر لەڕێگای جیناتەوە بەمنداڵ دەگات، جۆری دیاریکراوی خوێنی دایک و باوک لەوانەیە بەشداربن
لەدەستنیشانکردنی منداڵ بەئۆتیزم، بەهەندێک میکانیزمی بۆماوەیی نەزانراو کە دواتر گەشەی دەماری

کۆرپە دەگۆڕێت. لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ جیاوازیەکی گەورە نەدۆزراوەتەوە لەنێوان دابەشکردنی جۆری
خوێنی ABO لەدایک و باوکی ئەو منداڵانەی کە ئۆتیزمیان هەیەو ئەوەی کە پێگەیشتنی ئاساییان هەیە. ئەم
لێکۆڵینەوانە بەڵگەی ئەوە زیاد دەکات کە هیچ پەیوەندییەکی هۆکاری لەنێوان جۆری خوێن باوان و
ئوتیزمی منداڵدا نییەو بۆ ناسینی زیاتری پەیوەندی توێژینەوە زیاتر پێویستە.


شارەزوور نیوز: چارەسەرەکان لەڕێگای حەب و شروب و دەرزی لەگەڵ چارەسەر بەڕاھێنان،
دەتوانێت ئەوەمان پێ بڵێیت ئومێدێک هەیە کەسانی ئۆتیزم ببنەوە مرۆڤێکی ئاسایی؟


د. سەید عەلی سەمەدی: ئەو کەسەی ئۆتیزمی ھەیە گرفتی خواردن و خەوتن و ھەرسکردن لەگەڵ
ڕیخۆڵەکانی هەیە، چونکە قەبزن بۆ ئەوانە چارەسەرمان بەدەرمان دەوێت، بەتایبەت لەتەمەن گەورەکان
کە توشی خەمۆکی یان زۆر بەوزەن ئەوانە دەرمان دەخۆن، بەڵام بۆ ئۆتیزم ھیچ چارەسەرێکی نییە تەنھا
ڕاھێنان و زانستی کۆمەڵگە. پرسیارەکەی ئێوە بە پرسێکیتر وەڵام بدەمەوە، ئایا داھاتووی کەسێکی
ھەردوو لاقی لەدەستداوە، ئایا قاچی شین دەبێتەوە! بەدڵنیاییەوە نەخێر، بەڵام گەر بێت و بەجۆرێک
پاڵپشتیان لێبکریت کەرەستەی پێویست بۆیان ساز بکرێت و ڕێگاو شوێنی تایبەت ھەبێت، دەتوانن بێن بۆ
ناو کۆمەڵگا. کەسانی خاوەن ئۆتیزمیش هەر بەمجورەن. ئێستا ناتوانن ھاوسەرگیری بکەن، بەڵام
لەداهاتوو لەوانەیە هەلومەرج بگوڕێت، بەرنامە دانان بۆ ئۆتیزم درێژخایەنە ڕۆژێک لە بێژنگدانە
ڕۆژێک چارەسەری بنەماکانە پاشان چونە قوتابخانە دواتر چارەسەری پیشەیی و جنسی و… هتد،
لەکۆتایدا هاتنە ناو کۆمەڵگا. ھەربۆیە چارەسەری کۆتایی ئۆتیزم لەدەست خەڵکە ئەگەرھاوکاریان ببن و
قبوڵیان بکەن و جیاوازبوون شورەیی نەبیت داهاتوو ڕونە، بەڵام ئەگەر لەدەرەوە گاڵتەیان پێبکەن و
جێگایەک لەناو کۆمەڵگا بۆیان نەبێت قەت نایەنە دەرەوەو لەسەنتەرەکان دەمێننەوە. بۆ گەییشتن بەو
ئامانجە پێویستە سەنتەری پڕۆفیشناڵ بکرێتەوە. بەداخەوە سەنتەرەکان پڕۆفیشناڵ نین، زیاتر خێرخوازین
و ناپسپۆڕان لەوێ کاردەکەن ولەجێگای بەکارهێنانی شێوازی زانستی و هەوڵدان بۆ پێش خستنی
ستانداردەکانی خزمەتگوزاری هەوڵ دەدەن تێچوەکانی ئابوری کەمبکەنەوە. کەیسەکانیان دەبژێرن تاوەکو
دەسکەوتی مانگانە حیساب بکەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *