شارەزوور؛ پێویستی بە لاندفیڵە بۆ کۆکردنەوەی خاشاک

لەقەزای شارەزوور ڕۆژانە زیاتر لە ٦٠ تۆن خۆڵ و خاشاک فڕێدەدرێت، سەرۆکی شارەوانی شارەزوور دەڵێت لاندفیڵمان نیەو خۆڵ و خاشاک لەتانجەرۆ فڕێدەدرێت و ژێر خاک دەکرێت، لەکاتێکدا تانجەرۆ هیچ مەرجێکی تەندروستی تێدا نیە.

سالار ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی شارەزوور لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی شارەزوور نیوز وتی: “ئەو خۆڵ و خاشاکەی لەقەزاکە کۆدەکرێتەوە دەکرێتە تانجەرۆ و ژێر خاک دەکرێت، وە هیچ لایەنێکی تەندروستی تێدا نیە، چونکە دەبێت خۆڵ و خاشاک لەشوێنێک دابپۆشرێت کە ئاوی ژێر زەوی و چەموو دۆڵی تێدا نەبێت، ئەو تایبەتمەندیانەش هیچی لەتانجەرۆدا نیە”.

سەرۆکی شارەوانی شارەزوور وتیشی: “هەرچەندە تانجەرۆ لەڕووی ژینگەوە گونجاو نیە، بەڵام لەقەزایەکی وەک شارەزوور شوێنێکی لەوە گونجاوتر نیە کە خۆڵ و خاشاکی تێدا فڕێ بدرێت”.

“ئەو خۆڵ و خاشاکەی فڕێ دەدرێت هیچی جیاناکرێتەوە، هەر لەخواردن و پلاستیک و نایلۆن و شوشە و ئاسن، هەمووی ژێر خاک دەکرێت واتە چاڵی بۆ هەڵدەکەندرێت و خۆڵی بەسەردا دەکرێت، ئەمەش دەکرا بە دروستکردنی پڕۆژەی ڕیسایکلین جارێکی تر سود لەو بەرهەمانە وەربگیرێت و بەکاربهێنرێتەوە”، سەرۆکی شارەوانی شارەزوور وای دەڵێت

بەپێی بەدواداچونی ماڵپەڕی شارەزوور نیوز، ڕۆژانە زیاتر لە 60 تۆن خۆڵ و خاشاک لەقەزای شارەزوور و دەوروبەری فڕێدەدرێت، بەمەش بۆ مانگێک لە قەزای شارەزوور هەزار و ٨٠٠ تۆن خاشاک فڕێدەدرێت، هەروەها بۆ ژێر خاککردنی ئەو خۆڵ و خاشاکانەش بلدۆزەرێک و شۆفڵێک و حەفارەیەک بەکاردەهێنرت.

لەبارەی نەبوونی پڕۆژەی لاندفیڵ لەتانجەرۆدا، سەرۆکی شارەوانی شارەزوور ئاماژەی بە ئەوە کرد: “نەبوونی لاندفیڵ مەترسیەکی گەورە لەسەر تەندروستی هاوڵاتیان دروست دەکات، چونکە ئەو خۆڵ و خاشاکە بە شێوەیەکی سەرەتایی  ژێر خاک دەکرێت و هیچ مەرجێکی ژینگەیی و تەندروستی نیە، تەنانەت دەرچونی ئاوەڕۆکانیش کە ئاوەڕۆی قورسی پێدەوترێت دەچێتە سەر زەویە کشتوکاڵیەکان و بەرهەمی کشتوکاڵی تێدا دەکرێت”.

سەبارەت بە خەرجی لاندفیڵێک، سالار ئەحمەد دەڵێت: “بڕی تێچونی هەر لاندفیڵێک بەپێی تایبەتمەندی لاندفیڵەکە دیاری دەکرێت”.

لەبارەی ئەوەی هیچ پڕۆژەیەکی ڕیسایکلین پێشکەشکراوە بۆ چارەسەرکردنی خاشاک لەدەڤەرەکەدا، ناوبراو ئاشکرایکرد: “پرۆژەی دروستکردنی کارگەی ڕیسایکلین بەپێی ئەو دوو گرێبەستەی کە لەڕابردوودا هەوڵی بۆ درا، بە یەکێک لە پرۆژە گرنگەکان دادەنرا و بەڕێوبەرایەتی شارەوانی سەرپەرەشتی دەکرد، بەڵام جێبەجێ نەکرا”.

دەشڵێت: “فرۆشتنی خۆڵ و خاشاک بڕیارێکە لە ئاستی بەڕێوبەرایەتیە گشتیەکانیشدا نادرێت، چونکە ئەو بڕیارە تایبەتە بە وەزارەت و لە ئاستی وەزارەتدا دەدرێت”.

ئامادەکردنی : نیگا علی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *