بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی په‌یامێكی به‌په‌له بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌و داواده‌كه‌ن، “ڕیفراندۆم بۆ كاتێكی گونجاو دوابخرێت”، جهختیشدهكهنهوه، “پێویسته هه‌ڵبژاردنه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێم له‌واده‌ی دیاریكراوی خۆیاندا ئه‌نجامبدرێن”.
به‌یانی ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه چواری ئه‌یلولی 2017، وه‌فدێكی باڵای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه پێكهاتبون له‌هه‌ریه‌ك له عومه‌ر سه‌ید عه‌لی ڕێكخه‌ری گشتیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و عوسمانی حاجی مهحمودو جه‌لال جه‌وهه‌ر سه‌ردانی ئه‌نجومه‌نی سیاسی كۆمه‌ڵی ئیسلامیان له‌شاری سلێمانی كرد‌و له‌لایه‌ن عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی و عه‌بدوستار مه‌جیدو ڕێبوار حه‌مه‌دو ئه‌نوه‌ر سه‌نگاوی پێشوازیان لێكرا، دوای كۆبونه‌وه‌یه‌ك ڕاگه‌یه‌نراوێكیان بڵاوكرده‌وه.
له‌و ڕاگهیهنراوهدا كه وێنه‌یه‌كی بۆ “شارەزوور نیوز” نێردراوه گۆڕان كۆمه‌ڵ ڕایانگه‌یاندوه، “هه‌ردولا داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاری پاشه‌كه‌وتی موچه‌و چاككردنی گوزه‌رانی خه‌ڵكمان كردوه له‌گه‌ڵ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان”.
ئاماژه به‌وه‌شكراوه، “پێویسته ڕیفراندۆم دوابخرێ بۆ كاتێكی گونجاو تاوه‌كو له‌ڕێگه‌ی په‌رله‌مانه‌وه بڕیار‌و یاسای بۆ ده‌ربكرێت و هه‌ڵبژاردنه‌كانیش له‌كاتی یاسایی خۆیدا ئه‌نجامبدرێن”.
هه‌روه‌ك له‌كۆتایی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا گۆڕان و كۆمه‌ڵ ئاشكرایانكردوه، ئاماده‌یی خۆیان نوێكردۆته‌وه بۆ گفتوگۆی جدی له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كاندا.