شارەزوو نیوز هەڵوێستی مامۆستایان سەبارەت بە بایکۆت کردن لەم ساڵ ئاشکرا دەکات






یەكێتی مامۆستایان و بەرپرسانی پەروەردە، لەسەر پرۆسەی خوێندن و شێوازی دەوامكردنی مامۆستایان بۆ ئەمساڵی خوێندن رێكدەكەون، بەرپرسێكی یەكێتی مامۆستایانیش ڕایدەگەیەنێت: لەدوو ڕۆژی داهاتوودا دوا بڕیار لەوبارەیەوە دەدرێت.
تۆفیق كەریم، كارگێڕی لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، بە SNNی ڕاگەیاند: لەمیانەی كۆبونەوەماندا لەگەڵ بەرپرسانی پەروەردەی سلێمانی، جەختمان لەسەر داواكاری مامۆستایان كردەوەو داواشمانكرد بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە داوا لەوەزارەت بكات بۆ خەرجكردنی پارەی سێ مانگی هاندان، كە تا ئێستا دابەشنەكراوە.
سەبارەت بەشێوازی دەوامكردنی مامۆستایان بۆ ئەمساڵی خوێندن، تۆفیق كەریم وتی:” تا ئێستا هیچ بڕیارێك نەدراوە، بەڵام داوامانكردووە لەلایەن ئیدارەی قوتابخانەكانەوە، كارئاسانی بۆ مامۆستایان بكەن، بڕیاریشە بۆ سەرجەم قوتابخانەو خوێندنگەكانی هەرێمی كوردستان یەك بڕیار دەربچَت، نەك هەر ناوچەیەك و بەشێوازێك دەوام بكەن، لەدوو ڕۆژی داهاتووشدا لەگەڵ سكرتاریەت و لقەكانی یەكێتی مامۆستایان كۆبونەوەیەك لەسەر ئاستی باڵا دەكرێت و بڕیارێك لەوبارەیەوە دەردەچێت”.
هەر لەبارەی دەوامی مامۆستایانەوە زانیاری زیاتری خستەڕوو، وتیشی:”بەپێی یاسا شەش ڕۆژ لەهەفتەیەكدا دەوام دەكرێت، بەڵام یان دەبێت یاساكە هەمواربكرێتەوە، یاخود ڕەچاوی دۆخەكە بكرێت، بۆئەو مەبەستەش دەسەڵات دەدرێتە بەڕێوەبەری قوتابخانەكان، داواش لەدەوڵەمەندو سەرمایەداران دەكرێت هاوكاری خوێندنگەكان بكەن.
كارگێڕی لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایان ئاشكراشیكرد: هەوڵەكان بەو ئاراستەیەن كە ئەو فەوزایەی ساڵی ڕابردوو هەبوو، لەمساڵدا ڕوونەداتەوە، تاوەكو 2ی مانگی داهاتوو بڕیارێك دەدرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *