کورتەیەک لەسەر یۆگا

کورتەیەک لەسەر یۆگا:
مێژووی یۆگا دەگەڕێتەوە بۆ پێنج ھەزار ساڵ لەمەوبەر، بە وەرزشی دەروون ناسراوە.  جۆرە جوڵەیەکە لە سروشت وەرگیراوەو سەر بە ھیچ ئاینێک نییە. زانستێکی سەربەخۆیەو ئێستا لە ھیندستان گرنگی زۆری پێدەدرێت و قوتابخانەو زانکۆی تایبەت بۆ یۆگا ھەیە.
پەرەنگ محەمەد جیھانی، خەڵکی شاری مھابادە، ماوەی ١٠ ساڵە  سەرقاڵی یۆگایە، ئەو ژنە بەجۆرێک تێکەڵی یۆگا بووە وەکخۆی ئاماژەی بۆ دەکات ھیچ شتیک ناتوانێ دووری بخاتەوە  لێی “زۆر گرفت و کێشەم بۆ ھاتۆتە پێش، بەڵام لەو بەشە گرنگەی ژیانم دانەبڕاوم، من یۆگا بە تەواوکەری خۆم دەزانم.”
لەبارەی گرنگی ئەو زانستە بۆ مرۆڤ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، مرۆڤەکان ئەمڕۆ جوڵەیان کەمە، بەھۆی بڵاوی ژیان و بوونی تەکنەلۆژیا، لە رابردوو زیاتر سەرقاڵن و دەروونیان ئاڵۆزە، بۆیە گرنگە ئاشنا بن بە یۆگا.
 پەرەنگ بە ھێمنییەوە لە یەکێک لە ھۆڵەکانی سەنتەری ھەولێر بۆ وەرزش، قسەی بۆ مەگەژن کرد “یۆگا بەر لە ھەموو شتێک ئارامت دەکاتەوە، دەتکات بە مرۆڤێکی ھێمن و لەسەرخۆ، خۆشەویستیت پێدەبەخشێ.”
دەشڵێ “پێش چەند ساڵێک لەگەڵ خێزانەکەم ھاتینە باشوور، لە ھەولێر نیشتەجێ بووین، یەکەم ھەنگاوم گەڕان بوو بەدوای ناوەندێک، شوێنێک بۆ ئەوەی بتوانم  ھاووڵاتیانی ئێرە ئاشنا بکەم بە یۆگا بەھۆی تێنەگەیشتن لە یۆگا، نەبوونی داھات نەمتوانی سەنتەرەکەم فراوان بکەم، بەناچاری دامخست، لەبەرئەوەی لێرە یۆگا پێشوازییەکی باشی لێناکرێ.”
پەرەنگ جیھانی لە سەنتەری ھەولێر، راھێنان بە ژن دەکات، لەبارەی سوودەکانی یۆگا بۆ ژن، روونیدەکاتەوە یۆگا بۆ مرۆڤ بە گشتی سوودی ھەیە، بەڵام بۆ ژن سوودەکەی دووھێندە دەبێتەوە “بەھۆی ئەوەی ژن زیاتر ھەست بەسەریدا زاڵە و  لایەنی سۆزداری زیاترە لە رەگەزی بەرامبەر، بۆیە گرفت و کێشەکانی دەروبەرو ژینگە زیاتر کاری تێدەکات، یۆگا کاریگەری زیاتر دەبێت بۆ ژن و سوودی زیاتری لێوەردەگرێت.”
لەمبارەیەوە زیاتر دەڵێ “یۆگا کاریگەری راستەوخۆی ھەیە بۆ سەر منداڵدانی ژن، ماسولکەکانی تەندروستتر دەکات و سوودی ئێجگار زۆری بۆ ماسولکەکانی منداڵدانی ژن ھەیە، ئەو ژنانەی یۆگیـن لەکاتی منداڵبوون ئازاریان کەمە، تەنانەت ئازارەکانی سوڕی مانگانەش کەمدەکاتەوە، کە بەشێکی زۆر لە ژنان بەدەست ئەو ئازارەوە گیرۆدەن.”
پەرەنگ چاوەکانی دادەخات و ھەردوو دەستی ئەخاتە ناو یەک و دەڵێ “بۆ منی ژن یۆگا بەشێکە لە ژیانم ھەرگیز ناتوانم دەست لە یۆگا ھەڵگرم، ھیوام ئەوەیە رۆژێک بگەم بە ئاستێکی بەرز حەزدەکەم ھەموو ژنێک لە کوردستان  نزیکبێ لە یۆگا، ئەگەر باسی ئەزموونی خۆم بکەم، لەرووی دەروونیەوە چێژێکی زۆرم لە یۆگا وەرگرتووە، یۆگا زۆر وانەی گەورەت فێردەکات”.
سەنتەر و ناوەندەکانی تایبەت و پەیوەندیدار بە ژن، بەر لە ھەموو کەس زیاتر پێویستە بیر لەوە بکەنەوە، بە بەرنامەی تازە خزمەت بکەن، پەرەنگ دەڵێ “زۆر گرنگە کار لەسەر دەروونی تاکەکان بکەن، دەروونیان ئارام بکەنەوە، لە رێگەی یۆگا”.
 دەشڵێ “بەھۆی یۆگا، وزەی زیاتر لە ژیان وەردەگیرێت زیاتر خۆت دەناسی، تا خۆت نەناسی ناتوانی ھیچ جۆرێک بەرنامەت ھەبێت و بەردەوام بیت لە ژیان.
وردبینترت دەکات لەو کاتەی کە تێیدا دەژی، ھەست بە بوون دەکەیت، ئەوە یەکێکە لە دەستکەوتەکانی ژیانت، ھەست کردن بە کاتەکانی ژیانت زۆر گرنگە یۆگاش هەموو ئەمانەت بۆ دەستەبەر دەکات.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *