بۆچی مسعود بارزانی ببێت بە سەرۆک کۆماری عێراق

بۆچی مەسعود بارزانی ببێتە سەرۆک کۆماری عێراق؟
دیارە بە پێی ئەو تەوافوقە ساسیەی کە لە نێوان پێکهاتەکانی عێراق کراوە پاڵپشت بە دەستووری عێراق دەسەڵاتەکان بە جۆرێک دابەشکراوە کە هەریەک لە سێ دەسەڵاتە باڵاکەی عێراق بۆ پێکهاتەیەک و مەزهەبێک بێت، بە پێی ئەو دابەش کاریە کوردیش یەکێک لە پۆستە باڵاکان وەردەگرێت، ئەویش پۆستی سەرۆک کۆمارە، کە لە دوای کەوتنی سەدامەوە و دواتر دروست کردنی عێراقی تازە لە ساڵی ۲۰۰٥وە ئەو پۆستە وەک عورفێک بۆ کورد بووە، بۆ دوو خولی یەک لە دوای یەکیش کەسێکی تا ڕادەیەک شایستە هەم بۆ کورد و هەم بۆ عیراق لەو پۆستەدا بوو ئەویش خوا لێخۆشبوو( مام جەلال )بوو کە تا کاتی نەخۆش کەوتنی و دوورکەوتنەوەی لە دنیای سیاسەت ئەدایەکی باش و کاریگەری هەبوو لە عێراق کە ئەویش چ لە ڕێگەی پۆستەکەیەوە یان ڕێگەی کەسایەتی بە هێزی خۆی لەو پوستەدا، پاش هەڵبژاردنی ۲۰۱٤ جارێکی تر کورد ئەو پۆستەی وەرگرتەوە ئەویش (فواد مەعسوم) بوو، کە بوونی ئەو کەسایەتیە چەندین تێبینی و پرسیار بە دوای خۆیدا هێنا، کە لە ڕاستیدا فەراغێک بوو بە پێی ڕای زۆربەی چاودێران کە دەورێکی ئەوتۆی لە چارەسەی کێشەکان چ لە عێراق چ لە کوردستان نەبینی، کە زۆرێک لە کێشەی قوڵ لەو دەمەدا ڕووی لە ناوچەکە کرد، لە ئێستادا و دوای هەڵبژاردنە کانی مانگی ئایار دەنگۆیەک هەیە لە ناوەندی سیاسی کوردوستان و عێراق کە بۆ من تا ڕادەیەک جێگەی هەڵوێستە لەسەر کردنە ئەویش کاندید بوونی مەسعود بارزانیە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، دیارە مەسعود بارزانی بۆ ماوەی چەندین ساڵە سەرۆکی پارتیە و بۆ دوو خول و دوو ساڵی بۆ درێژ کراویش سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە، ئەم پیاوە جگە لەوەی کەسایەتیەکی سیاسی حساب بۆ کراوە چ لە عێراق و چ لە نێودەوڵەیشدا، یەکێکیش بووە لەو سەرکردانەی کە بەشدار بووە لە بنیادنانەوەی هەیکەلیەی عێراقی دوای سەدام، دوور و نزیکیش بەشدار بووە لە ئەو کێشمە کێش و ڕووداوانەی کە لە عێراق ڕووی داوە لەم ساڵانەی دوایدا، بەڵێ مەسعود بارزانی چەندین تێبینی لەسەر بووە لە ماوەی دەسەڵاتی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە ئێستادا تاکە سەرکردەیەک کە بتوانێ باڵانسی داروخاوی هێزی کوردی لە بەغدا بە قازانجی کورد ڕاست بکاتەوە مەسعود بارزانیە، کە خۆی هەر یەکێک بووە لەو کەسانەی بە تێکدەری پەیوەندی نێوان هەرێم و ناوەند تۆمەتبار دەکرێت، گەورەترین ڕوداویش کە تا ڕادەیەکی زۆر بوە مایەی تێکدانی ئەو پەیوەندیە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ بە سەرکردایەتی ناو براو، کە دواجار سەری نەگرت و چەندین لێکەوتەی نەخوازراوی لێکەوتەوە بۆ هەرێم، کە ئەویش پەیوەندی بەو گەمە نێودەوڵەتیەوە هەبوو کە لە ناوچەکەدا ڕووی دا و دیارە وڵاتانی زلهێز و خاوەن بەرژەوەندی لە ناوچەکەدا لەگەڵ ئەوە نەبوون یان بەرژەوەندیان لەگەڵ ئەوە نەبوو کە کیانێک بۆ کوردی باشوور دروست بکرێت، وە بۆیە لە ئیستادا دەبێت کورد بە جۆرێکی تر لەگەڵ هەلومەرجی عێراق هەڵبکاتەوە و بە هێزێکی زۆر و کەسایەتی بە هێزی خاوەن هەیمەنە و دەسەڵات بگەڕێتەوە بەغدا بۆ ئەوەی سەرجەم مافە دەستووری و یاسایەکان بۆ کورد و سەرجەم گەلانی عێراق بگێڕنەوە، ئەویش لەڕێگەی ئەو پۆستە باڵایانەی کە بە کورد دەدرێت لە نێویشاندا پۆستی سەرۆک کۆمارە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *