لە بارەی شێتییەوە


لە بارەی شێتییەوە

نوسینی ـ سـەرهــەد فــتاح تاوگۆزی
شێتی، لە هەموو کاتێکدا دەشێت میوانێکی نەخوازراوی ژێری بێت، شێتی وەک دۆخ و بارێکی ناهاوسەنگی لەلایەک دەروون و
 لەلایەکی تریشەوە عەقڵ، لەڕاستیدا ئێمە لە هیچ زانستێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتیدا ناتوانین لــۆمە و سەرزەنشتی دۆخێکی ژیری نەخوزراو، یان کەم توانایی لەمرۆڤدا بکەین، هەتا ژیری نەخەینە ناو چوارچێوەی پێناسێکەوە، بە مانایەکی تر، هەتا ڕێکەوتنێک، ئەگەر زانستیش نەبێت، ئەوا لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا دەبێت هەبێت، هەتا سیماو خاسیەتەکانی شێتی دیاریبکرێن، ئەمە تەنها بۆ دەستڕاکێشان و سووکایەتی مرۆڤگەلێک مەبەست نییە کە ڕەفتار و ڕوخسارو لە ئاست چاوەڕوانیەکانی ئێمەدا نیە، و ئێمە لە هەر ناوچەیەکدا پێی دەڵێین(شێت)!، بەڵکو مەبەستەکە ئەوەیە چەند شێتی ڕاستەقینە، لەژێر پەردەی( ژیری/عاقڵ)دا لە هەموو ئاستێکی ژیانی تاکی و خێزانی و سیاسی و ئاینیدا، لە ناو ژیانی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەکانمان، ئیماندار و خوێندەوار و مامۆستاو هاوشێوەکانی لە هەوڵی دروستکردنی کۆمەڵکایەکی شێوە شێتخانەدان، پرسیار ئەوەیە کە کەم کەس لەم لە کۆمەڵگای ئێمەدا لە خۆی دەکات، ئاماری نەخۆشیە دەروونیەکانی چەند ساڵی ڕابردوو بە ئێستاشەوە لە زیادبووندان چیە؟ 
یان ڕوونتر شاردنەوەی نەخۆشە دەروونیەکان لەبری چارەسەری دەروونی چوونە بۆ لای شێخ و مەلا چیە؟ لە هەمووی سەیرتر بڕواکردن بەو چارەسەرە کلتوری و دوور لە هەموو بەهاو ئەخلاقێکی مرۆیی و تەندروستی، ڕازیبوونمان وەک چارەسەر بۆچی دەگەڕێتەوە؟ئەم (ژیریە)کە بەشێکە لە ژیری و، ژیری عەوام/و هەستی گشتی، چۆن دەبێت بیخوێنینەوە؟ دەبێت ئەوەش بڵێین، ئامارەکانی تێکچونی هەموو پەیوەندییەک خێزانی، هاوڕێییەتی، هاوسەرێیتی، دراوسێ و …. ئەوە بە ئێمە نیشان دەدات، بەر لەوەی خۆمان بە بەرگ و دەمامکی ترەوە دابپۆشین، بە شێتە ئاساییە بازاڕییەکان پێ بکەنیین، دەبێ بە ڕاستی ئاوڕێک لەو شێتخانەیە بدەینەوە کە هەموومان کەم تا زۆر دەستمان لە دروستکردنیدا هەیە، شێتخانەیەک بە پلەی یەکە م لە چۆنیەتی بەکارهێنانی زمان لە نزمترین ئاستدا دەتوانین دەستنیشان بکەین، زمان لە پەیوەندی کۆمەڵایەتیانەی ئێمەدا، ڕەنگدانەوەی ڕاگەیاندن و گوتاری سیاسی و ئایدۆلۆژیای سواوی زاڵـە، ئەم زمانەش لە بری ئەوەی تاک/من، وا لێبکات، وەک بەرپرسیار، خاوەن بیر، توانای خوێندنەوەو خوێندنەوەی ڕووداومان هەبێت، بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە (من)لەناو زۆنگای ئێمە ـ دا/کە هێمایە بۆ ڕەنگ و بیرو دیدێکی تایبەت، بۆ ژیان و بوون، بتوێنێتەوە. بۆیە تەندروستی هەموو کۆمەڵگایەک، بە ڕەخنەگرتنی ژیرەکانەوە دەست پێ دەکات سەرەتا لە خۆیان، پاشــان دیاردە نەخوازراوەکان، بۆ ئەوەی بەناوی ژیریەوە نەکەونە ناو زەلکاوی شێتیەوە، شێتێک ناــ داوای نان و ئاو دەکات و بەرگی پێویستی لەبەردانیە، بەڵکو شێتێک بەناوی ڕۆشنیرو دوکتۆر و مژدەی بەهەشت و ناوی جۆر بەجۆرەوە دەستی لەتێکدان و وێرانکردنی تەواوی کایە ژیانی ئەوانی تردا هەیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *