کورتەیەک لەسەر ژیانی نالی ئەدیب و شاعیری ناوچەی شارەزوور

ناوی تەواوی ، مەلا خدر ( خضر ) کوڕی ئەحمەدی شاوەیسی ئاڵی بەگی میکایلی ناسراو بە نالی، دامەزرێنەر و دانەری بەردی بناغەی قوتابخانە‌‌‌ی شیعری بابانە، لە یەکەمین و بەناوبانگترین شاعیرانی شێوەزاری کوردیی ناوەندییە.

لە ساڵی (١٨٠٠ ) زاینی ،لە گوندی خاک و خۆڵی دەشتی شارەزوور ھاتوەتە دنیاوە.

ھەر لە تەمەنی منداڵی خراوەتە بەر خوێندن لە حوجرە، لە سەرەتاوە وردە کتێبی فارسی و قورئانی خوێندووە، دواتر زانستەکانی تری قورئان و فەرموودە و سەرف و نەحو و کەلام، بەلاغە، و فەلەک و فیقھ و سیرەی خوێندووە.

تا خوێندنی ئەمانەی تەواو کردووە و دواتر ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتوو، لە چەندەھا شوێن وەک سنە و سابڵاخ و زەردیاوا( قەرەداغ) و ھەڵەبجە و سلێمانی و لای چەندەھا مامۆستای باشی ئەو سەردەمەی خۆی خوێندویەتی. لەقەرەداغ لای شێخ موحەمەدی ئیبنولخەیاط خوێندویەتی . لە تەکیەی قەرەداغیش ڕیاضیاتی لای شێخ عەلی مەلا خوێندوە .

لە سلێمانی لە مزگەوتی (سەید حەسەن )لای مەلا عەبدوڵای ڕەش خوێندویەتی .

زۆرتر دەوری موستەعیدی لە خانەقای( مەولانا خالید ) لە سلێمانی بینیوە .

هەروەها زۆریش لە هەڵەبجە و سلێمانی لای شێخ ئەوڵای خەرپانی خوێندویەتی . دوای تەواوبوونی خوێندنەکەی، نالی مەلایەکی باش و ڕۆشنبیرێکی گەورەی لێدەردەچێت، بێجگە لە زاراوەی دایکی کە کوردی بووە فارسی و تورکی و عەرەبیشی بە باشی زانیوە، شیعری پێ نووسیوون

لە کتێبی (نالی لە بەڵگەنامەکانی عوسمانیدا )ئەوە ساغبووەتەوە، کە نالی لە ساڵی (١٨٧٧) زاینی لە ئیستەنبوڵ کۆچی دوای کردووەو بە داخی دوری نیشتیمانەوە سەریناوەتەوە .

 نالی و مەبەستی شیعری

ئەو مەبەستانەی کە (نالی) لە شیعرەکانیدا ڕەچاوی کردون ئەمانەن:

١- دڵداری :

کە بەشی زۆری شیعرەکانی لەم جۆرەیە ،یەکێکە لەو شاعیرانەی جوانترین شیعری دڵداری نوسیوە ، و بەدەم هەست دەربڕینەوە بە وەسفێکی بەرز و جوان و وردی ئافرەت هاتۆتە ناو شیعری کوردییە وە وەک دەڵێت :
زوڵفت بە قەدتدا کە پەرێشان و بڵاوە
ئەمڕۆ لە منی شیفتە، ئاڵۆزو بەرداوە

بۆچی نەگریم، سەد کەڕەتم دڵ دەشکێنی
بۆ مەی نەڕژێ شوشە لە سەد لاوە شکاوە

٢- وەسف، بەتایبەتی وەسفی بەهار و دیمەنی سروشت کە لە وەسفی بەهاردا دەڵێت :
گەرمی و تەڕیی بەهارە کە پشکۆ کوژایەوە
پشکۆی گوڵ ئاتەشین بە نەسیم بو، گەشایەوە

٣- نزاو پاڕانەوە لە خوا .

کە دێتە مەیدانی نزا و پاڕانەوە لە بارەگای یەزدان پاڕانەوەش بە تەواوی ئەچێتە جیهانی ڕۆحییەوە و بەرامبەر بە پەروەردگار و پێغەمبەری خوا ئەوپەڕی ملکەچی ئەنوێنێ . وەک دەڵێت :
بەقوربانی علومی ئەووەلین و ئاخیرینت بم
لەگەڵ ئەسراری قورئانت کەوا ئەلطافی سوبحانە .

مورادم زیللەت و پاڕانەوەی حاڵە نەوەک نەعتە
بەچەند بەیتێکی کوردانە کە قورئانت .سەنا خوانە .

٤- مەدح و پیا هەڵدان :

ئەم چەشنە شیعرە لە بەرهەمەکانی نالیدا شێوەیەکی تری هەیە ، وەک ستایشی پێغەمبەر و دەربڕینی هەستی خۆشەویستی خۆی بەرامبەر پێغەمبەر و خاکی مەکەو مەدینە وەک لە وەسفی خاکی مەکەو مەدییە دا دەڵێت :
ئەگەر چی کوردی دەوری شارەزووری قەسوەتم، ئەمما
وەسیلەم طەیبەوو حیلمی شەفیع و
فەضلی مەننانە

بەسەر هاتومە ئەو خاکەی کە هەر مسقاڵە زەڕێکی
بە میزانی شەفاعەت کێوی حیلم و بەحری غوفرانە .

دەتوانین بڵێین نالی تەنها شاعیرێک نییە بەڵکو قوتابخانەیە ، نالی هێزو توانای داهێنەرانەی زمانی کوردی لە دەربڕیندا دەرخستوە و توانیویەتی زمانی کوردی بکاتە زمانێکی یەکگرتوو بۆ ئەم ناوچەیە ، نالی لە دروست کردنی وێنەی شیعری و ڕازاندنەوەی وشە دەستێکی باڵای هەبووە ، شاعیرانی دوای خۆی لاساییان کردوەتەوە، شێوازی نالی تەنها لە سلێمانی نەمایەوە بەڵکو پەڕییەوە بۆ زۆر شوێنی دیکە وەک گەرمیان و کۆیە و تەنانەت ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ، پارچە شیعری (( قوربانی تۆزی ڕێگەتم))ەکەی ،یەکێکە لە شاکارەکانی تێکڕای شیعری سەرانسەری ڕۆژهەڵات ، تابلۆیەکی چڕو پڕ لە وێنەو ڕوداوی کارەساتاوییە زەمینەکەی نەخشەیەکی گەورەی ڕێگایەکی دورو درێژە لە شامەوە تا شارەزوور ، ئەمەش ئەو پارچە شیعرەیە کە خۆی لە هەر کەس زیاتر و لە هەر پیاچوونەوە و لە سەرنوسێک زیاتر کلیلی نهێنییە کانی دڵ و دەروونی نالی ئەداتە دەستی ئەوانەی ئەیخوێننەوە :

قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەی بادی خۆش مروور!
ئەی پەیکی شارەزا بە هەموو شاری شارەزوور !

ئەی لەطفەکەت خەفی یو هەوا خواهو هەمدەمە!
وەی سروەکەت بەشارەتی سەر گۆشەیی حوضور!

ئەی هەم میزاجی ئەشکی تەڕو گەرمی عاشقان:
طۆفانی دیدەوو شەرەری قەلبی وەک تەنوور !

گاهێ دەبی بە ڕۆح و دەکەی باوەشێنی دڵ،
گاهێ دەبی بە دەم دەدەمێنی دەمی غروور !

مەحوی قەبووڵی خاطری عاطر شەمیمتە
گەردی شیمال و کیژی جەنووب و کزەی دەبوور.


سەرچاوە : ١-دیوانی نالی ، لێکۆڵینەوەو لێکدانەوەی مەلاعبدولکریمی مدرس و فاتح عبدالکریم

٢- نالی ،لەکڵاو ڕژانەی شیعرەکانییە وە ، لێکۆڵینەوەی محمدی مەلا کەریم .

ئامادەکردنی : ڕێناس محمد

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *