بەرهەم هێنانی برنج لە کوردستان و جیهان .




ئامادەکردنی: ستار حسن

برنج یەکێکە لەو دانەوێڵانەی کە مرۆڤ ناتوانێت دەستبەرداری بێت و بووە بە بەشێکی گرنگی ئاسایشی خۆراکیی هەندێک لە گەڵانی جیهان بە تایبەت لە کیشوەری ئاسیا دا.

زاناکان مێژووی دەرکەوتنی ڕوواندنی برنج دەگەڕێننەوە وڵاتی چین لە دۆڵی ڕووباری یانگتیسی، کە ١٠٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا لەوێ بەرھەم ھێنراوە، ئەمڕۆکە برنج لەسەرتاسەری جیھان بەرھەم دەھێنرێت.

لە جیهاندا دوو خێزانی باوی برنج هەن، ئەوانیش خێزانی (جابونیكا و ئیندیكا)یە، كۆمەڵەی جاپۆنیكا زیاتر بۆ كەشوهەوای باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا گونجاوە. بەڵام كۆمەڵەی ئیندیكا لە زەوییە نزمە ئاوییەكانی ئاسیا دەچێنرێ، قەبارەی برنجەكەشی سێ جۆرە (درێژ، مامناوەند، خڕ)، برنجی خۆماڵیش لە جۆری ئیندیكای خڕی كورتە.
لە هیندستانیش بە پێی هەڵکۆڵینەکان ٥٥٠٠ ساڵە برنج لەوێ هەیە و ڕووباری (گانگ) یارمەتیدەری چاندن و بڵاوبوونەوەی بووە.

جۆرەکانی برنج لە جیهاندا زۆر جۆری برنج هەیە کە جیاوازییەکەیان پەیوەستە بە سروشتی خاک و ئاو و کاتی چاندن و دروێنەوە. و جگە لە ڕەنگەکانی سپی و زەردی کاڵ و ئاڵتوونیی تا گەنم ڕەنگ و ڕەش و سووری هەیە بە تایبەت لە ئاسیا ، وە برنج بە درێژیی دەنکەکەشی جیا ئەکرێتەوە ، وەک برنجی درێژ و برنجی کورت و ناوەنجی ، و ئەمەریکا و هەندێک وڵاتی ئاسیا بە برنجی درێژ بەناوبانگن.

بە پێی ژمارەکانی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان تایلاند گەورەترین نێرەری برنجە لە جیهان دا و دوای ئەو هیندستان و ڤێتنام و ئەمەریکا و پاکستان دێن..

خواردنی برنج لە كوردستاندا لەدوای گەنم پلەی دووەمی هەیە.
لە کوردستان بەرهەمهێنانی بەشی پێویستی ناوخۆ ناکات.
لەکوردستان بەزۆری دوو جۆر مەرەزە دەكرێت، گوڵ سپی، لەگەڵ مەولەوی، بەڵام جۆری گوڵ سپیەكەیان بەڕێژەیەكی زیاتر دەكرێت، چونكە ڕێژەی بەرهەمەكەی زۆر باشە، هەروەها برنجەكەشی زۆر جوانە تامی خۆشەک مەولەویش كەجۆری گەرمەشی پێدەوترێت كەمتر دەكرێت، چونكە بڕشتی كەمەو برنجەكەشی جوان نیە.
بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو,هەرێمی کودستان ساڵانە ٦ هەزار تۆن برنج بەرهم دێنێت کە دەکاتە ٪۳ پێویستی ناوخۆ بەمەش ٪۹۷ لە دەرەوە هاوردە دەکرێت,ساڵانە بەهای زیاتر لە ٢٣٠ ملیۆن دۆلار برنج هاوردە دەكرێت.

بەپێی توێژینەوەكان كەشوهەوا و خاكی كوردستان زۆر گونجاوە بۆ چاندنی برنج، بەڵام ئەم بەرهەمە وەكو پێویست گرنگی پێنەدراوە، ئەمە لەكاتێكدایە برنج خۆراكی سەرەكی زۆربەی دانیشتوانی کوردستانە.
بەرهەمهێنانی هەر کیلۆیێک برنج پێویستی بە هەشت هەزار لیتر ئاو هەیە، بۆ ئەوەی بەرهەمێکی باش دەست بکەوێت.
دەركەوتووە خاك و ئاو و هەوای كوردستان زیاتر بۆ برنجی جۆری خڕی دەنك كورت گونجاوە.

مەرەزە تا ئاوەكەی ساردبێت ئاوی پایزیش بخوات بەرهەم و بڕشتی باشتر و زیاترە، دواتر برنجەكەی زۆر چاك دەردەچێت.

وەرزی مەرزەکردن و چاندنی چەڵتوک بۆ بەرهەمهێنانی برنج لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران دەستپێدەكات و لەمانگی ١٠ دروێنە دەكرێت،

چەڵتوك لەهەموو خاك و زەویەكدا دەكرێت، بەمەرجێك ئەو زەوییە ساڵی پێشتر مەرەزەی تێدا نەكرابێت، چونكە بژار و گرژ و گیای زۆر دەبێت بڕشت یان بەرهەمیشی باش نابێت.

برنج یەک لەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەیە کە پێویستی بە ئاوی ئێجگار زۆرە دەبیت بەردەوام ئاو لەژێر گۆلە مەرزەکاندا بێت




مەرەزە بەدەرنیە لەنەخۆشییە كشتوكاڵیەكان، نەخۆشی (شەرا) كەهەوایەكی گەرمی وەرزی هاوینە لێی دەدات مەرەزەكە وشك دەكات و دەیكات بەپوش
ئەو هۆكارەی وایكردووە بەرهەمی وڵاتان لە یەكەی رووبەر زۆر لە هی كوردستان زیاتر بێت ئەوەیە ئەوان بۆ زیادبوونی بەرهەم دەستكاری جیناتی برنجەكانیان كردووە و بەشێوازی شەتڵ برنج دەچێنن. ئامێری پێشكەوتوو بۆ چاندن و دروێنە و پاككردنی بەكاردەهێنن، بەڵام لە كوردستان تا ئێستاش ئامێری كلاسیك بۆ چاندن و دروێنە و پاككردن بەكاردێت. ئەو برنجانەی جووتیارانی كوردستان دەیچێنن دەستكاری جیناتی نەكراوە و بە تۆو دەیچێنن. بەرهەمی یەك دۆنم برنج لە وڵاتانی پێشكەوتوو دەگاتە 6 تاوەكو 10 تۆن، بەڵام لە كوردستان تائێستاش بە شێوازی كلاسیكی برنج بەرهەم دێت، بۆیە لە باشترین حاڵەتدا بەرهەمی دۆنمێك لە 1.5 تۆن تێناپەڕێ‌.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *