رێککەوتنی لایەنەکان لە پێناو ڕازیکردنی پارتی بوو یان خزمەتکردنی پارێزگای ھەڵەبجە .

وەک لای ھەمووان ڕوونە پارێزگای ھەڵەبجە و خەڵکی ھەڵەبجە سیمبولی قوربانیدانی گەلی کوردە لە ڕابردوودا  بەئەنجامدانی تاوانی جینۆساید و کیمیاباران تابلۆی چەوساندنەوەی گەلەکمان بە رۆحی منداڵە پەپولە ئاساکانی تا بە تەمەنترین ژن و پیاوی ھەڵەبجە نەخشێندرا و پیشانی ھەموو جیھانیان درا.
لەدوای ئازادکردنی کوردستان و ڕوخانی ڕژێمی سەدامی گۆڕ بەگۆڕەوە، یەکێکە لە ناوچە مەنکوب بێ خزمەتگوزاری لە ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان ھەڵەبجەیە.
ئەم پارێزگایە کەمترین ئاوڕی لێدراوەتەوە لە لایەن ھەرێم  و بەغدا، بەڵام لەپاڵ ئەم ھەموو نەھامەتی و بێ خزمەتگوزارییەوە ئەوەی جێگای دڵخۆشی بوو پەڕلەمانی کوردستان لە دانیشتنی نا ئاسایی ژمارە (٢) ی ڕۆژی ٢/٥/٢٠١٥ بڕیاری دەرکردنی یاسای ژمارە (١) ساڵی ٢٠١٥ یاسایی ئیدارەی پارێزگای ھەڵەبجەی لە ھەرێمی کوردستان – عێراق دەرکرد، مەبەستی دەرچوواندن  و جێبەجێکردنی یاساکە بریتی بوو لە پێکھێنانی ئیدارەی بەتایبەتمەندی خۆی و لابردنی ڕێگری یاسایی بۆ پێکھێنانی پارێزگاکە  کە ببێتە ھاندەر بۆ خزمەتکردنی زیاتری دانیشتوانی پارێزگاکەو کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی تاوانی جینۆساید بوو، بەڵام دوای زیاتر لە (١٣٦٥)ھەزار وسێ سەد و شەست و پێنج ڕۆژ واتە دوای سێ سال و ٧مانگ و (٥٥ ) کۆبنەوە لایەنەکان و بەتایبەت پارتی و ھاوپەیمانەکانی نەیانھێشت ئەنجومەنی پارێزگایی ھەڵەبجە دروستبێت تا بەرژەوەندیە حزبیەکانی خۆیان چەسپێنرا. 
ئەویش لە سەر مافی خەڵکی ھەڵەبجە و گوێنەگرتن لە بۆچوونی دەنگدەرانی ئێستای داینشتووانی ھەڵەبجە، بۆیە بە مافی خۆمی دەزانم لە پێشەکیدا ڕەخنەکانی خۆم ئاراستەی حزبەکەی خۆم بکەم لە پارێزگاکە کە چۆن لە ئێستادا رازی بوون بەم ڕێککەوتنە کە پێشتر تەنھا لایەنێک کە پارتی بو توانی رێگری بکات لە دروستکردنی ئەنجومەنەکە تا بەشێوەیەک بێت داخوازی خۆی و ھاوئاوازەکانی جێگابکاتەوە بچەسپێنێت لەسەر ماف و بەرکەوەتەی یەکێتی، لە کاتێکدا ئێمە لە سەرتای رێککەوتنمان لە گەڵ پارتی کابینەی نۆیەمی حکومەتمان گرێدا بە پارێزگای کەرکوکەوە ،بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان تائێستا بە کردەیی نەھاتووەتە پێشەوە بۆ دانانی پارێزگایەکی کورد لەو شارە کە لای ھەمووان ڕوونە  کە قودس و دڵی کوردستان لەژێر ھەڕشەی تەعریب و وێرانکردندایە، لەبەرمبەریشدا یەکێتی ھاتووە پارێزگایەک کە لە ژێر حوکمرانی خۆیدایە پێشکەشی کردوە و لە گەڵی رێبکەویت کە ئەو پارێزگایە ھیچ مەترسییەکی لە سەر نیە بگرە پارێزگاکە بە باشی کارە کارگێڕی و دارایی خۆی ئەنجامدەدات.
ئایا بەڕێزان لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی ئاگادارن لەم بەدەستدانەوەی پارێزگایەک بە پارتی کە  تا ئێستا دەسەڵاتەکانی وەزارتی ھەرێم دیاری نەکراوە لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە و فەرمانی دەستبەکاربوونی چەند دەستەیەک کە بەرکەوتەی یەکێتیە نەداوە لە حکومەت، بەڵام پارتی پۆست باران کراوە رێککەوتن لە سەر بەڕێوبەری ناحیەش کراوە لە گەڵ پارتی، ئایا بە چ پێوەرێک یەکێتی لە کۆی ٢٥ ئەندام ئەنجومەن تەنھا ٦ ئەندامی ھەیە و پارتی و ھاوئاوازەکانی زۆرینەبن و زیاتر لە ١٢ ئەندامی ھەیە لە ئەنجومەنەکە بێ ھەژمارکردنی ٤ ئەندامی یەکگرتوو کە ھاوبەشی پارتی دیموکراتە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی شاری دھۆکدا ! لە کاتێکدا پارتی ھێزی پێنجەمی شارەکەیە ببێت بە ھێزی یەکەمی فعلی لە شارەکە بە مەرجێک لە ھەڵبژاردنەکان لە چەندین ناوچە  ژێر دەسەڵات و ھەژمونی پارتی دیموکراتی کوردستان  یەکێتی ھێزی یەکەمە تەنانەت بەرێوبەری ناحیەش  نەدراوە پێی، ئایا ئەم سەخەواتە و بەخشینەی یەکێتی لە سەر چ بنەمایەکە بۆمان روونبکەنەوە!
چ غەدرێکە گوێ لە داینشتوانی ھەلەبجە ناگیرێ و بە بەرکەوتەی ٢٠١٤ مامەڵەدەکەن کە ئێستا ساڵی ٢٠١٩ یە وا بەرەو ساڵی٢٠٢٠ دەڕۆین کە سەنگ و قورسایی لاینەکان گۆرانکاری بەسەردا ھاتوە و لایەنی نوێ لە گۆرەپانەکە دروست بووە؟بە چ مافێک  کاکەییەکان بێبەش کراون لە دەسەڵاتی خۆجێ پارێزگاکە کە خەڵکی ڕەسەنی پارێزگای ھەڵەبجەن لەم دابەشکارییە پڕ ناداد و کارەساتەدا ھیچ بەڕێوبەرێکی گشتیان پێ ڕەوا نەبینون؟ 
لە کۆتاییدا باشترین چارەسەر بۆ رێگرتن لەم ناحەقی و نادادی و گوێنەگرتن لە خەڵکی ھەڵەبجە بریتییە لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بۆ ئەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا ھەڵبژێردراوی خەلکی شارەکە بن نەک سەپێنراوی حزبەکان بێت. 
لەم سۆنگەیەوە بە مافی خۆم دەزانم وەک نوێنەری پارێزگایی ھەڵەبجە  بێدەنگ نەبم بەرامبەر ئەم غەدر و ستەمەی بەرامبەر داینشتوانی ھەڵەبجە و کاکەیەکان و دەنگدەرانی یەکێتی کراوە بۆ ڕایگشتی ڕوونبکەمەوە ئەم رێککەوتنە جگە لە جێگرتنەوەی داخوازییەکانی پارتی و ئیش دۆزینەوە بۆ کۆمەلێک کەس ھیچی تێدا نابینن بۆ پەرۆشی خزمەتی ھەڵەبجە و ئەو ئەنجومەنە لە ئێستادا نوێنەرایەتی حەقیقی خەڵکی ھەلەبجە ناکات تا ھەلبژاردنەکان نەکرێت و ئەنجومەنێکی ھەڵبژێردراو نەیەتەکایەوە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *