دەستگیرکردنی دوو شارەزا فەرەنسیەکە لەلایەن حسکەوە

 هەردی عومەر

 بەمەبەستی دروستکردنی فشار و دەنگدانەوەی نێودەوڵەتی و بەدەستهێنانی چەند دەستکەوتێک، یەکێک لە چالاکییە دیارەکانی پێشمەرگە لە خەباتی شاخدا دەستگیرکردنی کەسانی بیانی بووە، ئەمەش وەک کارتێک بەرامبەر بە دەسەڵاتی بەعس بەکاریان هێناوە.

ئازاد کاکل ، وەک پێشمەرگەیەکی حزبی سۆسیالستی کوردستان لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٢ لە ناوچەکانی دەشتی هەولێر لە هەرێمی(٨)، دەست بە خەبات و پێشمەرگایەتی دەکات.

لە کتێبەکەیدا(ئازارەکانی شەڕی ناوخۆ لە یاداشتی پێشمەرگەیەک)دەربارەی چالاکییەکی پێشمەرگە لە دەستگیرکردنی دوو شارەزای فەرەنسی، کە خۆشی بەشداربووە، دەنووسێت: “لە ڕێکەوتی (١١/١/١٩٨٢)لە بناری شاخی قەرەچوغ هێزێکی هاوبەش، کە پێکهاتبوو لە فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانەکانی هەرێمی ١١ی باواجی و هەرێمی هەشتی دەشتی هەولێر ، دوو خەبیری فەرەنسیمان دەستگیرکرد بە ناوەکانی(مغۆ گزیک و ستانی لاس)لەگەڵ ئەفسەرێک و دوو سەربازی حکومەتی عێراقی کە پاسەوانی خەبیرەکانیان دەکرد.

“دوای دەستگیرکردنیان دەیانبەن بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە و لەوێ لەژێر چاودێریدا دەیانهێڵنەوە.

ئەم بەدیلگیرانە دەنگدانەوەیەکی گەورە دروست دەکات، “زۆربەی ڕاگەیاندنەکانی جیهان باسیان لە گیرانی ئەو دوو خەبیرە کرد کە لەلایەن بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد دەستگیرکراون.”

دوای ئەوەی هێزەکانی سوپای عێراقی بۆ ڕزگارکردنی دوو شارەزا فەرەنسیەکە هێرشێکی فراوان بۆ سەر پێشمەرگەکانی ناوچەکە دەستپێدەکەن و ژمارەیەک کوژراو و برینداریشی لێدەکەوێتەوە بەڵام ناتوانن ڕزگاریان بکەن.

هەر بۆیە حکومەت لە ڕێگەی گفتوگۆوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکە و ڕزگارکردنی دیلەکان دەدات، بۆ ئەم مەبەستە حکومەتی عێراقی دکتۆر عەبدولڕەحمانی قاسملو دەنێرێتە لای سەرکردایەتی حسک، دوای ڕێککەوتن لەنێوانیاندا بڕیار دەدەن لەبەرامبەر ڕزگارکردنی دیلەکان:ئێزگەیەکی ڕادیۆبڕی ١٠٠هەزار دیناری سویسری.

بڕێک ئازووقە  بە حزبی سۆسیالست بدەن.

ئازاد کاکل ڕەخنەی لەم کارەی حزبەکەی دەگرێت و دەنووسێت:”خەبیرەکان لە ئاستێکی زۆر بەرزدابوون، سەرکردایەتی حسک هەر داوایەکی لە ڕژێمی بەعس بکردایە لەبەرامبەر ئازادکردنی خەبیرەکان ڕژێم جێبەجێی دەکرد.

ماوەی دوو ساڵ بوو کاردۆ گەڵاڵی و عەلی هەژار لەلایەن بەعسەوە دەستگیرکرابوون، بێ سەروشوێن بوون، هەردووکیان ئەندامی سەرکردایەتی حسک بوون، داوای چارەنووسی ئەوانی بکردایە باشترنەبوو لە بڕێک پارە و ئێزگەیەکی ڕادیۆ، کە من لە هەموو ژیانی پێشمەرگایەتیم چوارجار گوێم لە دەنگی ئەو ئێزگەیە نەبوو؟

بەسەدان پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگری حسک لەبەندینخانەکانی هەولێر و کەرکوک و ئەبوغرێب هاوار هاواریان بوو لەژێر قامچی ڕەشی جەلادەکانی بەعس، سەرکردایەتی حسک داوای چارەنووسی ئەوانی بکردایە باشتر نەبوو لە بڕی ١٠٠هەزار دینار؟

(عومەر ژێرسە) کە پێشمەرگەیەکی ئازاو چاونەترسی هەرێمی ٨ بوو لە شەڕی خەبیرەکان لە گوندی نێرەگین بەدیل گیرابوو، کە خەبیرەکانیان ئازادکرد بۆ داوای چارەنووسی ئەو پێشمەرگەیان نەکرد؟؟!!!

(سەرچاوە: ئازارەکانی شەڕی ناوخۆ لە یاداشتی پێشمەرگەیەک ١٩٨٢ ـ ١٩٨٣، ئازاد کاکل، بەرگی یەکەم ، چاپی یەکەم، کوردستان، ٢٠١١، لاپەڕەکانی ٣٧ و ٤١ و ٤٢)

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *