ئاڵودەبوونی منداڵان بەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان

 زۆری نەخایاند ئەم تۆڕە جاڵجاڵۆکەیەی دوونیای ئینتەرنێت کەلەڕێگەی ئەپە جیاوازەکانەوە تاکەکانی ئاڵودەی خۆیکرد منداڵانیش قوربانی یەکەمی ئەم تۆڕە بن، لە ئێستادا تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەڕێگەی کەرەستەکانی تەکنەلۆژیای وەک موبایلی زیرەک و ئایپاد و کۆمپیوتەر..هتد، زۆر بەئاسانی دەگاتە دەستی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بەتایبەت منداڵان، هەربۆیە کاریگەریان هەبووە لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی توندووتیژی جەستەیی و دەروونی و سێکسی بەتایبەت لای منداڵان، کار بەوە گەیشتوە  بە ئاسانی نەتوانین  منداڵەکەمان لەم ئاڵودە بوونە بەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دووربخەینەوە چونکە  زۆربەی  کاتەکانیان  لەسەر سۆشیال میدیا بەسەردەبەن  یان بتوانین  کات بۆ منداڵەکەت سنورداربکەین  لە بەکارهێنانی دا ، توێژەران پێیان وایە کە  منداڵانی ڕەگەزی مێ کەتەمەنیان لەنێوان11بۆ 15 ساڵ هەست بە ئالودەبوون بە سۆشیال میدیا دەکەن و ناتوانن دەستبەرداریان بن، لەبەرئەوەی بەردەوام کاتەکانیان بە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەسەربردووە وە کاتێک ئینتەرنێت نامێنێت بۆ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵاتیەکان منداڵان و هەرزەکاران زۆر خەمبار و توڕە دەبن بەوەی کە نازانن چیبکەن بەبێ تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، کەئەمەش مەترسیدارە بۆ پاشەڕۆژی ژیان و خوێندن و پەروەردەی ئەو منداڵ و گەنجانە، بەداخەوە دایکان و باوکان بۆ دەرباز بوون لە دەنگە دەنگی مناڵ و داواکاریە زۆرەکانیان پەنا بۆ کڕینی موبایل و ئایپاد دەبەن و بەبێ هیچ بیرکردنەوەیەک دەیدەنە دەستی منداڵەکەیان .

ئەمەش  لەکاتێکدا  تۆڕەکۆمەڵایتیەکان هیچ فلتەرێک نیە بۆ ئەوەی منداڵان بابەتی نەشیاو نەبینن، منداڵان بەهۆی سەیرکردنی تۆڕەکۆمەڵاتیەکان لەوانە تیک تۆک و ڤیدۆکانی یوتوب فێری چەنەها ڕەفتاری خراپ دەبن لەوانە دوبارەکردنەوەی دیمەنی سێکسی کەلە تۆڕەکۆمەڵاتیەکان دەیبینن لەکاتێکدا ، هەمووان دەزانین ئەم لاسایکردنەوانە زۆر زیان بەخشن و توێژینەوەیەک دەریدەخات کە منداڵانی خوار تەمەن 11 ساڵ کە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەکاردەهێنن ئەگەری زیاتریان هەیە لەوەی ڕەفتاری کێشەداریان هەبێت وەک:

١- خۆبەراوردکردن: کاتێک منداڵان و هەرزەکاران زۆر سەیری تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان دەکەن و کەسی جوان دەبینن ئەمە دەبێتە هۆی ئەوە ناڕەزایی دەرببڕن لەسەر دەموچاویان و بەردەوام گلەیی بکەن لەای دایک و باوکیان

٢-نێچیرەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان: کەسانێک هەن لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کە منداڵان و هەرزەکاران دەکەنە ئامانج و سودی جەستەیی و داراییان لێ وەردەگرن یان مادی هۆشبەریان پێ دەفرۆشن و هەڵیاندەخەڵەتێنن.

٣-گۆڕانکاری لە ڕەفتاری ڕۆژانەیان: گۆڕانکاری لە ڕەفتاری منداڵان وهەرزەکاران دروست دەبێت بەهۆی توڕەکۆمەڵایەتیەکان لەوانە:

 1-زیادبوونی تووڕەیی

 2-زیادبوونی دڵەڕاوکێ

 3-زیادبوونی کێشەی خەوتن

 4-زیادبونی خۆ بەگەورەزانین و بێڕێزی کردن بەرامبەر دایک و باوک

 5-نەبونی تەرکیز.

 لەکۆتایدا تێدەگەین ، کاریگەری نەرێنی سۆشیال میدیا لەسەر منداڵان و هەرزەکاران سەرەڕای سوودە زۆرەکانی  کاتێک بە زیادەڕۆیی بەکاردەهێنرێت، زیانی ئێجگار زۆری هەیە. پزیشکێکی گشتی نەشتەرگەری ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٣ توێژینەوەیەکی سەبارەت بە سۆشیال میدیا و تەندروستی دەروونی بڵاوکردەوە، بەگوێرەی ئەنجامی توێژینەوەکە دەرکەوتوە  کە سۆشیال میدیا توانای ئەوەی هەیە زیان بە تەندروستی دەروونی منداڵان و هەرزەکاران بگەیەنێت و، ئاماژە بەوەش کردووە کە زۆر بەکارهێنانی سۆشیال میدیا دەکرێت پەیوەندی بە گۆڕانکارییەکانی بەشەکانی مێشکەوە هەبێت کە پەیوەندییان بە هەست و سۆز و فێربوونەوە هەیە، سەرەڕای ئەوەش، دەتوانێت کاریگەری لەسەر ڕەفتاری کۆمەڵایەتی، ڕێکخستنی سۆزداری و هەستیاری بەرامبەر بە سزا و پاداشتی کۆمەڵایەتی هەبێت.

ئامادەکردنی : فێنک ئیدریس

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *