لەسۆشیال میدیا،ڕیکلامی جوان زۆرجار وەک بەڵێنی درۆ دەمێنێتەوە


ڕیکلام لە سۆشیال میدیا کاریگەرییەکی بەرچاو و فرەڕەهەندی لەسەر بەکارهێنەران هەیە، بە شێوەیەک کە
گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتی تاکەکان دروستدەکات. لە ڕووی دەروونییەوە، ئەم ڕیکلامانە
کاریگەرییەکی بەهێزیان هەیە لەسەر سایکۆلۆژیای بەکارهێنەران. بۆ نموونە، بەردەوامی نمایشکردنی وەها
ناوەڕۆکێک کە پیشان دەدات خەڵک چ جۆرە ژیان و شێوازێکی تایبەت دەژین، دەتوانێت کاریگەری هەبێت لەسەر
بەها کۆمەڵایەتی و کەسایەتی تاکەکان. زۆرجار بەکارهێنەران خۆیان دەبیننەوە کە بە بێمەبەست هەوڵی گونجان
لەگەڵ ئەو وێنە گشتگیرانە دەدەن کە لە ڕیکلامەکاندا پیشان دەدرێن.
سۆشیال میدیا کتێبخانەیەکی گەورەیە، بەڵام هەموو لاپەڕەکانی پڕن لە ڕیکلامی فریودەر، هەرلەم ڕووەشەوە لە
ئاستی کۆمەڵایەتیدا، سۆشیال میدیا وەک ساحەیەکی فراوان بۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کار دەکات.
ڕیکلامەکان لەم پلاتفۆرمانەدا تەنها ناوەڕۆکی بازرگانی نین، بەڵکو بوونەتە بەشێک لە پڕۆسەی گواستنەوەی
زانیاری و کلتووری.
لە بواری بازاڕگەریدا، سۆشیال میدیا شۆڕشێکی گەورەی بەسەر ستراتیژەکانی ڕیکلامدا هێناوە. چیتر پڕۆسەی
گەیاندنی پەیام بە شێوەیەکی گشتی و ناتایبەتمەند نییە، بەڵکو ئێستا دەتوانرێت بە ووردترین شێوە ڕیکلام
ئاڕاستەی گرووپە تایبەتەکان بکرێت. ئەمە لە ڕێگەی شیکردنەوەی زانیارییە گەورەکان ) Big Data ( دەکرێت،
کە زانیاری وردی وەک تەمەن، و ڕەگەز ، شوێنی ژیان، و مێژووی کڕین دەستنیشان دەکات. بۆ نموونە،
کۆمپانیایەک دەتوانێت ڕیکلامی بەرهەمێکی تایبەت بە کچان لە تەمەنی ١٨ – ٢٥ ساڵ، کە خوڵیای مۆدا و جوانی
پێکەوە دەگونجێت، دیزاین بکات.
کاریگەرییەکی دیکەی گرنگی ڕیکلام لە سۆشیال میدیا، ڕۆڵی کەسایەتییە دیارەکانی سۆشیال میدیایە. ئەم
کەسایەتییانە کە ژمارەیەکی زۆری شوێنکەوتوویان هەیە، دەتوانن کاریگەرییەکی بەهێزیان هەبێت لەسەر بڕیاری
کڕیارەکان. کاتێک کەسایەتییەکی دیاری نێو سۆشیال میدیا بەرهەمێک پەسەند دەکات یان بانگەشەی بۆ دەکات،
ئەوا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و نا ڕاستەوخۆ کاریگەری دادەنێت لەسەر بڕیاری کۆمەڵەی شوێنکەوتووانی.
لە ڕووی یاسایی و ئیتیکییەوە، ڕیکلام لە سۆشیال میدیا دەبێت پابەندی کۆمەڵێک ستاندارد و ڕێنمایی بێت.
زۆرجار دەبینرێت کە هەندێک ڕیکلام هەن کە هەوڵی کاریگەریی دەروونی و هەستی لەسەر بەکارهێنەران دەدەن،
بەبێ ئەوەی ڕەچاوی لایەنە ئیتیکیەکان بکەن. بۆیە پێویستە چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ ڕیکلامی سۆشیال میدیا
دابنرێت کە مافی بەکارهێنەران بپارێزێت.
لە زانستی ڕاگەیاندندا تیۆری گولەی سیحری ) Magic Bullet Theory ( یان دەرزی ژێرپێست یەکێکە لە
تیۆرە کۆنەکانی بواری ڕاگەیاندن کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا سەریهەڵداوە. ئەم تیۆرە پێیوایە کە پەیامی
میدیایی کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و یەکسەری هەیە لەسەر وەرگر، هەر وەک چۆن دەرزییەک ڕاستەوخۆ مادەیەک
دەخاتە ناو لەشەوە. بەپێی ئەم تیۆرە، وەرگرەکانی میدیا ناتوانن بەرگری لە بەرانبەر کاریگەرییەکانی میدیا
بکەن. ئەم تیۆرە لە سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمدا کاریگەری ئوتۆی هەبوو لە دروستکردنی
پڕوپاگەندەدا.
هۆکاری بەهێزی و کاریگەری ئەم تیۆرییە دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی کارکردنی. وەک چۆنیەتی گەیاندنی پەیامەکان،
پەیامەکان بەشێوەیەکی یەک ئاراستەیی دەنێردرێن )لە میدیاوە بۆ وەرگر(و پەیامەکە ڕاستەوخۆ و بەبێ هیچ
بەربەستێک دەگاتە وەرگر و هەموو وەرگرەکان بەهەمان شێوە پەیامەکە وەردەگرن. بەمشێوازی کارکردنە دەتوانێت
کاریگەری بکاتەسەر )گۆڕینی بیروڕا و هەڵوێستی خەڵک بەشێوەیەکی خێرا و دروستکردنی هەستی هاوبەش لەنێو
کۆمەڵگادا و بڵاوکردنەوەی بیرۆکە و بەهای نوێ و کۆنترۆڵکردنی ڕەفتاری جەماوەر( بەگشتی کار لەسەر گۆڕینی
هاڵوێستی وەرگر و جەماوەردەکات بۆ مەسەلەیەکی دیاریکراو.
میکانیزمی کارکردنی تیۆرەکە بەوجۆرەیە کە سەرەتا ئامانجەکەیی و وەرگری پەیامەکەی دیاری دەکات، پاشان
پەیامەکەی بەشێوەیەکی کاریگەر دیزایندەکات و دەیخاتە بەر دید وگوێی وەرگرەکانی، دواتر هەڵدەستێت بە
دووبارەکردنەوەی بەردەوامی پەیامەکانی، پاشان بەکارهێنانی تەکنیکە دەرونییەکان و پشتبەستن بە میدیای
بەهێز و باوەڕپێکراو. بەمشێوەیە لە چەندبوارێکدا کاردەکات وەک)پڕوپاگەندەی سیاسی بازاڕکردن و ڕیکلام – –
هەڵمەتە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری(، بۆ نموونە : کەمپەینە ڕیکلامییەکان و هەڵمەتەکانی – –
هۆشیارکردنەوەی تەندروستی و بانگەشەی هەڵبژاردن و بڵاوکردنەوەی هەواڵی گرنگ و کتوپڕ.
لە سۆشیاڵ میدیای ئەمڕۆدا، ئەم تیۆرە لە ڕێگەی ڕێکلامی ئامانجدار ) Targeted Advertising )
کاریپێدەکرێت، کە تێیدا کۆمپانیاکان بە وردی شوێنی بەکارهێنەران دەکەون و پەیامی تایبەت ئاراستەی تاکەکان
دەکەن بەپێی خولیا و پێداویستییەکانیان. بۆ نموونە، لە ئینستاگرام سەیری جانتایەکی دەستیت کردووە، تەنها
چەند چرکەیەک لەسەر وێنەکە وەستایت. لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا دەبینیت کە: لە فەیسبووک ڕێکلامی
هەمان جانتا نیشاندەدات و لە ئینستاگرام چەندین جانتای هاوشێوەت بۆدەهێنێت و لە یوتیوب ڤیدیۆی
پێداچوونەوەی ) review ( جانتای جۆراوجۆرت بۆ دەردەکەوێت تەنانەت لە تیکتۆکیش ڤیدیۆی خەڵک دەبینیت کە
جانتای هاوشێوە بەکاردەهێنن، ئەم دۆخە وا دەکات کە بەردەوام بیرت لای جانتاکە بێت وا هەست بکەیت کە زۆر
خەڵک ئەم جانتایە بەکاردەهێنن، وردە وردە قەناعەتت بۆ دروست ببێت کە پێویستت بەم جانتایەیە، لە کۆتاییدا
بڕیاری کڕینی بدەیت.
ئەمە نموونەیەکی ڕوونە لەسەر چۆنیەتی کارکردنی تیۆری گولەی سیحری لە سۆشیاڵ میدیادا، کە چۆن بە
شێوەیەکی سیستماتیک و بەردەوام، پەیامێکی دیاریکراو دەخرێتە مێشکی بەکارهێنەرەوە تا کاریگەری لەسەر
بڕیارەکانی دروست دەکات. ، کە ئەمەش وەک “دەرزییەکی دیجیتاڵی” کار دەکات بۆ کاریگەری دانان لەسەر بڕیاری
کڕینی بەکارهێنەر. و ئەوەی لە کاریگەری ڕیکلامەکانی سۆشیال میدیادا لەم ڕۆژانە دەیبینین، وەک بابەتی
مۆدێلات و کڕینە ناپێویستییەکانی تاکە،ڕۆژانە دیبینین کە بەهۆی ئەم ڕیکلامانەوە کەسێک ماڵێکی بێکەمووکوڕی
هەیە و هەڵدەستێت بە گۆڕانکاری کردن تێدا لە بابەتی جوانکاریەکان یاخود دیاردەیەکی زۆرباوی نێو کۆمەڵگەی
کوردی کەبابەتی مۆبایلە زیرەکەکانە و کەسێک مۆباهیلێکی زیرەکی پێیە کە کارەکانی بە تەواوی بۆ ئەنجام دەدات
بەڵام دەکەوێتە شوێن مۆدێلات و ڕیکلامە کان کولفەیەکی زۆر دەخاتە سەرخۆی و دەیگۆڕێت کە لە ئەنجامدا هەمان
کاری مۆبایلی پیشوی بۆ ئەنجام دەدات .
بە کورتی، کاریگەری ڕیکلام لە سۆشیال میدیا گشتگیر و فرەڕەهەند دەبێت. ئەم کاریگەرییانە دەگەنە ئاستی
گۆڕانکاری لە ڕەفتار، هەست، بیرکردنەوە، و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، نەک تەنها وەک ئامرازێکی بازرگانی
بۆ فرۆشتن.

ئامادەکردنی : شەهێن عەدنان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *