زانایەک دەڵێت،،ئەگەر ویستت شارستانیەتی وڵاتێک بڕوخێنیت دەبێت سێ کردارئەنجام بدەیت.
۱-هەڵوەشاندنی خێران.
۲-نەهێشتنی خوێندن.
۳-نەمانی سەرکردەو پێشەوا.
١-بۆئەوەی خێزان لەبەر یەک هەڵوەشێنیت دەبێت ڕۆڵی دایک نەهێڵیت، وای لێبێت شەرم بکات پێی بوترێت ژنی ماڵەوە!
٢- بۆئەوەی خوێندن نەهێڵیت ڕۆڵی مامۆستا مەهێڵە بایەخی لەکۆمەڵگەدا مەهێڵە، لەپێگەی کەم بکەوە هەتا وەکو قوتابیەکانی ڕقیان لێی بێت.
٣- بۆئەوەی پێشەواکان نەهێڵیت ئەبێت زانا بیرمەندەکان نەهێڵیت، تانەیان لێبدە،لەپێگەیان کەم بکەرەوە،گومانیان لەسەر دروست بکە،هەتاوەکو هیچ کەسێک گوێیان لێ نەگرێت و چاویان لێ نەکات.
لێرەدا کارمان بە دوو خاڵەکەی دیکە نیە کە بە داخەوە دەبینین هەردووکیان بەدی هاتون( هەم ژنان شەرم لەوە دەکەن کە ببنە ژنی ماڵەوە، هەمیش ڕێزی زانایان و نوخبەکان نەماوە).
سەبارەت بە خاڵی دووهەم: جارو بار لە کۆڵان و شەقامەکاندا لە منداڵەکان دەپرسم ئایا حەزدەکەن بچنەوە قوتابخانەکان؟
لە وەڵامدا زۆرینەیان دەڵێن: نەخێر حەزناکەین….!
بەداخەوە جیلێک بەم جۆرە بسم اللە بکەن الفاتیحە بۆ داهاتوویان.
بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی دووژمنی ئەم گەلە بن ( زۆر بە جوانی وەسیەتی ئەو زانایە جێ بە جێ دەکەن)، ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا هەمان شت بەدیدەکرێت، سەرۆکی حکومەت سەرەتا کەوتە بڕینی مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایان، دواتر ئەم پەتایە هەموو چین و توێژەکانی دیکەی گرتەوە و تا ئێستاش بەجۆرێک لە جۆرەکان بەردەوامە، لە هەموو جیهاندا ماف لە بەرانبەر ئەرکدایە، تۆ کاتێک کارێک دەکەیت و ئەرکی خۆت جێ بەجێ دەکەیت مافی خۆتە لە بەرانبەر کارەکەدا حەقی خۆت پێ بدرێت، بەڵام وەک ئەوەی سەردەمی کۆیلایەتی بێت، سەرانی حکومەت ئەو مافە بە موچەخۆران ڕەوا نابینین، کاتێکیش مامۆستایان و فەرمانبەران داوای مافەکانیان دەکەن لەبری ئەوەی وەڵامیان بدەنەوە و مافەکانیان بۆ بگێڕنەوە، کەچی لە دەیان پەیج و کەناڵی سێبەرەوە مامۆستایان تۆمەتبار دەکەن و بە دووژمنی ناوخۆیان وێنا دەکەن!
ئەوە لای هەر تاکێکی بە ویژدان و بە ڕەوشت ڕونە کە هیچ کەس هێندەی سەرانی حکومەت دووژمنی گەلی کورد نین و نابن، ئاخر خۆ زۆر بە سادەی بڵێین: ئەو کارەساتانەی کە لەماوەی سی ساڵی ڕابردوودا سەرانی حکومەتی هەرێم بەسەر خەڵکیاندا هێنا هیچ دووژمنێک بەسەریاندا نەهێناین.
نوسینی : ئەمیر مام والی