ئەبوبەکر حسێن
شوانی بزنەکە ، شۆڕشێکی فکری و ڕۆشنبیری بەرپا کرد و ئاگری لەپەیوەندییەکانی نێوان هندستان و سعودیە بەردا .
فیلمی سینەمای هیندی ژیانی بزنەکە یان (شوانی بزنەکە )، (the goat life) باس لە چیرۆکی کرێکارێکی هیندی دەکات بەناوی نەجیب محمەد ، کە بۆکارکردن ڕوو لەوڵاتی سعودیە دەکات،لەوێ دەکرێتە شوانی بزن و کۆیلە و دەچەوسێنرێنەوە و توندوتیژی زۆری بەرامبەر دەکرێت . چەند جارێک هەوڵی هەڵهاتن دەدات ، بەڵام لەلایەن خاوەن ئاژەڵەکەوە ، ڕێگری لێ دەکرێت و بریندار دەکرێت و دواجار پاش سەختی ماندوێتی و بڕینی بیابانی بێ ڕەحم و شکی سعودیە خۆی دەرباز دەکات و پاش بەسەر بردنی سێ مانگ زیندان دەگەڕێتەوە بۆ لای خێزان و ئەو منداڵەی کەپاش دەرچونی نەجیب لەهیندستان لەدایک بووە و لەگەڵ باوکی یەکیان نەدیووە .
دوای نمایشی فیلمەکە کاردانەوەیەکی زۆری لە نێو ناوەندەکانی داکۆکیکار لەمافی مرۆڤ و کرێکاران لێکەوتەوە و ناڕەزایەتی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشی هەژاند ، تاکار گەیشتە تێک چوونی پەیوەندیەکانی نێوان وڵاتی سعودیە و هیندستان .
چیرۆکی ئەم فیلمە ، لەڕووداوێکی ڕاستەقینە وەرگیراوە و پەردەی لەسەر دەیان چیرۆکی تری ئەو کرێکارە هیندی و بیانییانە لادەدات کەبۆ کارکردن ڕوویان لەوڵاتی سعودیە کردوە و لەبیابانە دوور دەستەکان ئەو وڵاتە ،وەکو کۆیلە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە و چەوسێنراونەتەوە .
ئەم فیلمە بەدەرخستنی مامەڵەی نامرۆڤانەی خاوەن کارە سعودیەکان لەگەڵ کرێکارانی بیانی ، جارێکی تر کێشە کرێکارانی کرد بەڕۆژەڤی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و هەڵمەتێکی بەرفراوانی بیرهێنانەوە و هوشیارکردنەوەی لەنێو ئەو وڵاتانە گرتەوە ،کە گەنجەکانیان بۆ کارکردن ڕوو لەوڵاتی سعودیە دەکەن یان بەنیاز بوون ڕوو لەوڵاتە بکەن.
کاردانەوەکانی ئەم فیلمە سنوری سعودیە تێپەڕاند و ژمارەیەکی تری وڵاتی عەرەبی دژی وەستانەوە و ڕێگریان لەپەخش کردنی فیلمەکە کرد کاریگەری تەنها یەک فیلم نەک وڵاتی سعودیە ، وڵاتانی هاوسۆزی سعودیەش گرتەوە.
بەرهەم هێنانی فیلمە تراژیدییەکەی شوانی بزنەکە لەکاتێکدایە سەدان میدیا و بەپشتگیری ملیارەها دۆلار کار بۆ نیشاندانی ڕوویەکی جوانی وڵاتی سعودیە دەکەن ،لەنێو وڵاتانی عەرەبی و جیهانیدا.بەڵام تەنها فیلمێک بەشێک لەو رێسەی کردەوە بەخوری و نیشانی هەموو دونیای دا ،کەسەرمایەدرانی سعودیە لەهەوڵی بەکۆیلەکردنی کرێکارانی بیانییدان و وڵاتەکە بالەڕووی بیناو باڵەخانە و خزمەتگوزاری و وەرزش و ئاینییەوە پێشکەوتوبێت ، بەڵام لەگۆشەیەکی تردا ، ئەو مرۆڤانەی وەکو میوان ڕوو لەو وڵاتە دەکەن دەچەوسێنرێنەوە و لەمافە سەرەتایەکانی ژیان بێ بەش دەکرێن.
بەشێک لەبینەرانی فیلمەکە ، زەقکردنەوەی بابەتی کۆیلەکردنی کرێکارە بیانییەکانیان لەوڵاتی سعودیە ، پەیوەست کردەوە بە ئاینی ئیسلامەوە ، بەهۆی ئەوەی کە دانیشتوانی ئەو وڵاتە پەیڕەوی ئاینی پیرۆزی ئیسلام دەکەن . بەڵام لە بنەمادا ئەو کارە پێچەوانەی هەموو بنەما و پایەکانی ئاینی ئیسلامە و خودای گەورە خۆی ڕێز لەمرۆڤەکان ناوە و دەفەرموێت (وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي آدَمَ وَحَمَلْنَاهُمْ فِي الْبَرِّ وَالْبَحْرِ وَرَزَقْنَاهُمْ مِنَ الطَّيِّبَاتِ وَفَضَّلْنَاهُمْ عَلَى كَثِيرٍ مِمَّنْ خَلَقْنَا تَفْضِيلًا )
ئەم فیلمە دەرخەری ئەو ڕاستیە ، کەسینەما وەک ژانرێکی میدیا ، چەند کاریگەرە و دەتوانێت تەپوتۆزی زۆر ڕووداوی مێژووی لابدات و گۆمی مەنگی زۆر زوڵم و ستەم بشڵەقێنێت . کاربکاتە سەر جوڵاندنی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کرێکاران و ڕای نێودەوڵەتی لەپرس و بابەتێکی بوروژێنێت.
لەڕووی تیۆرەکانی میدیاشەوە ئەم فیلمە دەچێتە چواڕچێوەی هەریەکە لە
یەکەم : تیۆری چوارچێوە دانان ، کە فیلمەکە لەڕێگەی چیرۆکی نەجیب محمەدەوە چوارچێوەیەکی مرۆیی دروستکردوە
دووهەم: تیۆری ئەجێنداسازی ،ئەم فیلمە چیرۆکی کرێکارانی بیانی کردەوە بەڕۆژەڤی گەرمی میدیا
سێ هەم: تیۆری گوللەی سیحری
کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بیروڕای گشتی دروست کردووە
- گۆڕانی لە تێڕوانینی خەڵک بۆ سعودیە دروست کردووە
- توانیویەتی پەیامەکەی بە کاریگەری بگەیەنێت
ئێمەی کورد لەباشوری کوردستان ، خاوەنی سەدان چیرۆکی تراژیدین لە ئەنفال و کیمیاباران و ئازار و ناڵەی ناوزیندانەکانی ئەمنە سورەکە و ئەمنی عامەی کەرکوک و ئەبو غرێب و کۆڕەو کۆچی کوردان بۆ وڵاتانی دەرەوە ، گەمارۆی ئابووری و شەڕی ناوخۆین ، کەئەم چیرۆکانە دەکرا ،بکرێنە فیلم و مەزڵومییەتی میلەتەکەمانی پێ دەربخەین. هەر هیچ نەبێت وەکو مێژووی مەزڵومییەتی ئەم گەلە نیشانی جیهان بدرێت