مرۆڤی گەورە خەونی گەورەی هەیە

بە پێنووسی : ئـــۆرهـــان کـــایـــا

(ئیلیۆن مەسک ) خەونی ئەوەیە بتوانێت گەشت کردن بۆ هەسارەکان وەک نێوان وڵاتان لێبکات ، ئۆتۆمبێلی کارەبایی تێسلا زۆرترین داهاتی هەیە .

( باراک ئۆباما ) لەقۆناخی سەرەتایی لەداڕشتنێکدا بۆ مامۆستای نوسیبوو : خەونم ئەوە یە ببمە سەرۆکی ئەمریکا .

(جاکی شان) کاتێک منداڵ بوو خەونی ئەوە بوو ببێتە مامۆستای هونەری جەنگی .

( نەوشیروان مستەفا ) خەونی ئەوە بوو هەموو تاکێک  بگات بە مافی خۆی .

( عومەری کوڕی خەتاب ) خەلیفەی موسڵمانان خەونی ئەوە بوو دادپەروەری بەرپا بکات .

( ستیپ جۆبز ) خەونی ئەوە بوو ئەپڵ بکات بەهاوڕێی مرۆڤایەتی .

( صلاح الدین ئەیوبی ) خەونی ئەوە بوو قودس ڕزگار بکات .

( گاندی ، لۆتەرکینگ ، ئیبن خەلدون ، سعدی ، شجریان ، ناپلیۆن ، دیکارت ، هیگڵ ، شۆپنهاوەر ، ئەدیسۆن ، تاتشەر ، ئۆپرا ، مۆرگەن فریمەن ، دنیزل واشنتن ، جەیمس کامیرۆن ) سەدان و هەزاران بیرمەند و شۆڕشگێڕ و داهێنەر ….

ئەتوانم خەونی سەد مرۆڤی گەورەی دیکە بنووسم ، نامەوێت لەوە زیاتر نمونە بهێنمەوە .

ئەو هەموو فیلم و دراما و کتێبە باس لەخەونی جوان و گەورە ئەکات …

سەیری ( the Handmaids tale ) ( چیرۆکی کەنیزەکەکە ) بکەن ئەو زنجیرە باس لەخەون و ئازایەتی ژنێک ئەکات لەو پێناوە چۆن ئەجەنگێت .

خەونی گەنج و دەرچوانی زانکۆی ئەم نیشتیمانە چیە ..؟

گوێم لەخوێندکارێک بوو وتی : خەونم ئەوە خوێندن تەواو بکەم ئیتر چی ئەبێت با ببێت …!

کچێک وتی : خۆزگە یەک جار ئەچومە کۆنسێرتی فڵانە بەناو گۆرانی بێژ …!

کوڕێک وتی : تەنها خەونم ئەوەیە یەک یاری جامی جیهانی ببینم لەنێو وڵاتی قەتەر …!

مناڵێک وتی : خۆزگە ئەمتوانی یەک پیتزای دەبڵ بکڕم …!

گەنجێکی دیکە وتی : خەونم ئەوەیە ئەم وڵاتە جێبهێڵم بڕۆم بۆ وڵاتێک ناوی خۆشم بگۆڕم …!

دەرچویەکی زانکۆ وتی : خەونم بەوەوە ئەبینم فڵانە کچە مۆدێل کەپڵی من بێت …!

خواردن و ڕابواردن و مۆدە و لات و پوت و هتد ….

هەموو ئەمانە خەون نین گاڵتەجاڕی و ئاستی نزمی وشیاریە ، مرۆڤ ئەبێت خەونی گەورە بێت .

بیربکەرەوە خەونی نەوەکانمان بووە بەچی …؟

هەموو خەونت ببێت بەکۆنسێرتی لات و پوتێک هەموو گۆرانیەکانی دزراو بیانین ، کەسایەتی ئەو لات و پوتانە لەچ ڕوویەکەوە ئەبنە ڕابەر بۆ تۆ …؟

هەموو خەونی نەوەکانمان بو بێت بەخواردن و مۆدێل و ئۆتۆمبێل …

خەونی مرۆڤی گەورە نەبوایە ڕۆژئاوا ئەگەیشت بەو هەموو پێشکەوتن و شارستانیەتە ؟

خەونی گەورە نەبوایە خەڵکی ئۆکرانیا بەو شێوە ئەیان توانی بەرگری لەخاک بکەن ..؟

خەونی مرۆڤە گەورەکان شارستانیەتی گەیاند بەئێستا .

خەونەکانی ( ئەبراهام لینکۆڵن) ئەمریکای کردە سەرکردەی جیهان ، ئەڵمانیای کردە وڵاتی چارەسەری دەیان نەخۆشی .

بەریتانیای کردە خاوەن ئابوری خۆی .

مالیزیای کردە نمونەی ئابوری .

خەونەکانی ( شێخ زاید ) ئیماراتی لەبیابانەوە گۆڕی بۆ وڵاتێکی نمونەیی .

سەدان نمونەی دیکە ….

خەونەکانتان ناسنامەتانە ، خەونەکانتان ناونیشان و بونتانە ، خەونی گەورە ئەتکاتە مرۆڤێکی گەورە ، ئەتگەیەنێت بەهەموو خەونەکانت .

هەڤاڵ بڵند ، ئەو خوێندکارەی پۆلی دوانزەی ئامادەیی باوکی پێشمەرگە بوو تەنانەت مۆبایلی نەبوو …!

ماڵێکی هەژار و کەم دەست بووە یەکەم لەسەر ئاستی هەرێم ، خەونی گەورە ئەو گەنجەی گەیاندە ئەو قۆناغە لەژیان ، سبەی هەموو خەونەکانی ئەبنە حەقیقەت .

( گلارا ئاکۆ  ) خوێندکاری خوێندنی ئیسلامی پلەی یەکەم بوو ، خەونی ئەوە بوو هەموو هاوڕێکانی وەک خۆی سەرکەوتووبن ، هەروەها هەموو قورئان لەبەر بکات .

(سەناریا ) نابینایە بەڵام دەستبەرداری خەونە گەورەکانی نەبووە ، دواجار توانی پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت ، نابینایی ڕێگر نەبوو لەگەیشتن بەخەونەکانی سەناریا .

خەونەکانت ئاوێنەی ناختن ، لەناخەوە گەورە بوویت خەونەکانیشت گەورە ئەبن …

خەونەکانت نابێت کۆپی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بن ، خەونەکانت ئەبێت خۆڕسک و بەرهەمی بیرکردنەوەی درووست و خوێندنەوەی واقیع بێت .

خەونەکانت ڕەنگدانەوەی کاتەکانتە بەچیەوە سەرقاڵیت ، مەهێڵە لات و پوت ببنە فاکتەری ئەوەی خەونەکانت بچوک و بێمانا بن ….

کردەوەکانت ، قسەکانت ڕەنگدانەوەی ناختن ،ناخت پەروەردەی دەوێت ، مەهێڵە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وەک کاڵایەکی کەم نرخت لێبکەن ، مەهێڵە مرۆڤ بوونت ببێت بە ( مۆدێل و کۆپی پەیست و لات و پوت )

ئارەزوو نهێنی سەرکەوتنە ، ئەوەی ئەمڕۆ دەستی پێناکەیت ناتگەیەنێت بەسبەی ، خۆت ڕابهێنە لەگەڵ ئەخلاقی درووست بەرەو سەرکەوتنت دەبات ، ئەوانەی جورئەتیان هەیە سەرکەوتن بەدەست دەهێنن ، ترس بەربەستە لەبەردەم خەونەکانت ، چاولێگەری و لات و پوتی ناو سۆشیال میدیا نات گەیەنن بەهیچ کوێ .

خەونەکانی سبەی ڕاستیەکانی ئەمڕۆن ، سەرکەوتنت پەیوەستە بەخەونەکانتەوە ، خەونی گەورە مرۆڤی گەورە درووست ئەکات …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *