بە وێنە.. سێهەمین فیستیڤاڵی ڕۆژی شارەزوور بەڕێوەچوو

  شارەزوور نیوز – ناوەندی هەواڵ

ڕۆژی پێنجشەممە 2018/3/8 بە چاودێریی قایمقامی قەزای شارەزوور و بەرێوەبەرێتیی ڕۆشنبیریی و هونەریی شارەزوور و وارماوا، لە ژێر دروشمی (ڕاپەڕین، ژن، بەهار، نەورۆز نەوای گەروی شارەزوورن)، سێهەمین فیستیڤاڵی ڕۆژی شارەزوور بەڕێوە چوو.







فێستیڤاڵی شارەزوور جیاواز لە فێستیڤاڵەکانی پێشوو ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام بوو و چەندین چالاکی هەمەڕەنگ لە وارماوا (زەڕایەن) و هەڵەبجەی تازە لەخۆ گرت بەم شێوەیە :-

بەیانیی ڕۆژی یەکەم لە هۆڵی بۆنەکان دەستیپێکرد و لەوێش لە لایەن ڕێکخراوی سروشتی کوردستانەوە نمایش و ڕێنمایی پێشکەش کرا و چەند وتارێکیش لە بارەی فێستیڤاڵ و گرنگیی فێسیڤاڵەوە خوێندراوە، دواتریش نمایشێکی گۆرانی و میوزیک بەڕێوە چوو و لە درێژەی چالاکییەکاندا وتارێک دەربارەی “قەزای شارەزوور لە مێژوودا” لە لایەن م. شیروان عەزیزەوە خوێندراوەتەوە و ئەپڵیکەیشنی ڕێبەری شارەزووریش بە ئامادەبووان ناسێندراوە.

کاتژمێر 2 ـی دوانیوەرۆش پێشەنگایەکی فۆتۆگرافی بۆ خاتوونێک ئەنجام درا و نمایشی فیلم تایبەت بە ڕۆژی ژنان هەبوو، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوەی گەوهەر، لە کاتژمێر 3:30ی دوانیوەڕۆش لە ناوەندی ڕۆشنبیریی و هونەریی زەڕایەن پێشەنگایەکی شێوەکاریی بۆ هونەرمەند سەنا عەلی کرایەوە، ئەم چالاکییانەش تایبەت بوون به ڕۆژی جیهانیی خانمانەوە.

بەیانیی ڕۆژی دووەمی فێستڤاڵیش هیچ چالاکییەکی تێدا ئەنجام نەدرا بەهۆی ڕۆژی هەینی و پشووی هاوڵاتیانەوە، لە کاتژمێر 2:30 ـی دوانیوەڕۆ پەردە لابرا لە سەر پەیکەری مەولەویی شاعیر لە دەروازەی ناحیەی وارماوا.

ڕۆژی سێهەمیش تایبەت بوو بە فێستیڤاڵی شعر و چیرۆک کە کاتژمێر 10 ی بەیانی دەستپێدەکات و پەرتووکی پێنوسەکانی شارەزوور دابەشکرا و دواتریش چەند دەقێکی خوێندرایەوە، کاتژمێر 2:30 ی دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ بۆ گفتوگۆ کردن و دابەشکردنی ئەنجامی پێشبڕکێکان و خەڵاتی ڕێزلێنان بوو.

کاتژمێر 10ی سەر لە بەیانی ڕۆژی چوارەمی فیستیڤاڵی ڕۆژی شارەزوور، کردنەوەی خولێکی فوتساڵ بوو بۆ خوار تەمەنی 12 ساڵ کە لە لایەن ناوەندی وەرزش و لاوانی شارەزوورەوە کرایەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *