شرۆڤەکاری چایخانە

بەپێنوسی ( ئــۆرهــان کــایــا )

داوای چایەکی ڕەشم کرد ، تاڵ ، وەک تاڵی ژیان لەم وڵاتەی تێدا دەژیم ، تاڵ وەک ئاییندەی نەوەکانمان ، وەک ئایندەی دەرچوانی زانکۆ ، تاڵ وەک کەمی باران ، تاڵ وەک ڕوخساری سیاسیەکانی ئەم نیشتیمانە ، تاڵ وەک بڕوانامە تەزویرەکان ، وەک بن دیوار و پلەی ساختە .
تاڵ تاڵ وەک ئەو مێشکانەی بیر ناکەنەوە ، تاڵ وەک ئەو کچانەی لەنێو سۆشیال میدیا فریودراون ،

تاڵ وەک تاڵی ئەو کوڕەی چەند مانگە لەگەڵ کچێک لەسۆشیال میدیا نامە ئەگۆڕێتەوە دواتر دەر ئەکەوێت کوڕە …!

بەردەوام بووم لەخواردنەوەی چاکە و گوێم گرتبوو …

ئەو هەموو شرۆڤەکار و بیر مەندەی نێو ئەو چاخانە ، ئەو هەمووە سیاسی و پسپۆڕە چا ئەخۆنەوە ، تۆ بڵێیت
من لە شاری نیۆیۆرک نەبم …!

لەو چاخانە باسی وەرزش بکە ، هەمووان شڕۆڤەکار و پیشەگەر و وەرزشکارن ، گوێم لێبوو یەکێک ئەی وت من سەرۆکی ماشستەر بم ڕۆناڵدۆ ئەفرۆشم …!

یەکێکی دیکە وتی : ڕۆناڵدۆ جوان نەبوایە یاریان پێ نەئەکرد …!
یەکێکی دیکە وتی : تۆپی پێ واتە رۆناڵدۆ و میسی ، ئەم هەموو پسپۆڕە ، ئەی باشە بۆ تا ئێستا بەم شێوە ئەژین …؟

گەنجێک وتی : چاییەکەتان زۆر بێتامە ، ئەم قسە بێتام بوو وەک بێتامی ئەوانەی لەهەموو قاپێکدا کەوچکن .

کەسێک وتی : دوێنێ لەگەشت هەژدە شیش گۆشتم خواردووە ، ئەم قسەیە تاڵ بوو وەک تاڵی ئەو مناڵانەی باوکیان توانای کڕینی گۆشتی نیە .

گەنجێک وتی : کوردستان بدەن بەدەست منەوە وەک خواردنەوەی ئەم چا کێشەکان چارەسەر ئەکەم …!

هەبوو ( پێنج )خانوی هەبوو لەگەڵ (سێ ) ئۆتۆمبێل بەڵام ئەقڵی خاڵی بوو لە مەعریفە ، قسەکانی تاڵ بوون وەک تاڵی ئەو باوکەی ئێوارە ئەڕواتەوە بەدەستی بەتاڵ و گیرفانی بەتاڵ و سبەی سەری مانگە و کاتی کرێی خانووەکەیەتی و منداڵەکەی داوای پاسکیل ئەکات بۆ پشووی هاوین .

پیاوێکی بەساڵاچوو هاتە ژورەوە و فەرمووی ( سلام علیکم )
باوەڕم پێبکەن کەس نەیوت بەخێر بێیت تا چومە پەنایەوە و وتم : بەخێر بێیت ، موناقەشەی شرۆڤەکاران نەی هێشت کەس گوێی لەسڵاوی ئەو پیاوە بێت …!

لەو چاخانە باسی هەرچی بکەیت پڕیەتی لەپسپۆڕ و شرۆڤەکار ، پسپۆڕی خۆراک و سیاسی و رۆژنامەنووس و بیرمەند و دەیان کەسی بلیمەت …!

تەنانەت باسی تەندرووستی بکەیت کەسێکت لێ پەیا ئەبێت وەک پسپۆڕی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی ئەدوێت …!

دوو لەو کەسانە سەرقاڵی ستایل و فاشیۆن و جل و بەرگ بوون ، هیچ کام لەوانە نەیان توانیوە تەنها یەک ساڵ بەجددی کار بکەن …!

ئەم هەموو بلیمەتە هەیە ئەی بۆ ژیانمان ناگۆڕدرێت …؟
ئەم هەموو فەیلەسوف و شرۆڤەکارە بوونیان هەیە من تێناگەم ئەم نیشتیمانە بۆ بەردەوام بۆ دوا ئەگەڕێتەوە …؟

بڕوام پێبکەن شڕۆڤەکاری میلۆدی و گۆرانی لێبوو …!

ئەو هەموو قسە پڕ و پوچ و بێ مانایە ، سوکایەتی کردن بەخاوەن پێداویستی تایبەت و قسە کردن لەو شتانەی پەیوەست نین بەژیانتەوە …

گەنجان و لاوان ئاییندەی ئەم نیشتیمانەن ،
ئەم گەنج و لاوانە ئاییندە بەکوێ ئەگەیەنن …؟

خوای مەزن ئەفەرموێت : شتێک شارەزایت تێدا نیە قسەی تێدا مەکە .

وَلا تَقْفُ مَا لَيْسَ لَكَ بِهِ عِلْمٌ إِنَّ السَّمْعَ وَالْبَصَرَ وَالْفُؤَادَ كُلُّ أُوْلَئِكَ كَانَ عَنْهُ مَسْئُولًا [الإسراء:36]

بیر کردنەوە ئاییندەت ئەگۆڕێت بۆ باشتر ،
مرۆڤی ژیر کەمتر قسە ئەکات و گوێ ئەگرێت ،
بیر ئەکاتەوە پاشان قسە ئەکات …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *