ڕێکەوت عومەر مامۆستایە لە قەزای شارەزوور، ماوەی سێ ڕۆژە بەردەوام سەردانی چادرگەی مانگرتووان دەکات و لە ڕێگەی کاری هونەرییەوە پشتگیری خۆی بۆ داواکارییەکانیان دەردەبڕێت.
مانگرتنەکە ئێستا شەش ڕۆژی تێپەڕاندووە، مامۆستایان و فەرمانبەران مانیان لە خواردن و خواردنەوە گرتووە و داوای بەنیشتیمانیکردنی (توطين) موچەکانیان دەکەن، سەرەڕای ئەو مەترسییانەی کە ڕووبەڕووی تەندروستیان دەبێتەوە.
جێگەی ئاماژەیە کە خەڵکێکی زۆر لە چین و توێژە جیاوازەکانی زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستانەوە، بە شەو و ڕۆژ سەردانی مانگرتووان دەکەن و پشتگیری خۆیان بۆ داواکارییەکانیان دەردەبڕن.
ڕوونکردنەوە لەسەر وێنەکە:
کارە هونەرییەکەش بریتییە لە دوو وێنەی کاری دەستی لەسەر کانڤاس و بەبەکارهێنانی بۆیاخی ئەکریلیک وێنەکان یەکێکیان وێنەی خێمە و چادرێکە ئاماژەیە بۆ ئەو چادرەی کەوا مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو ماوەی شەش ڕۆژە لەبەردەم ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان لەشاری سلێمانی هەڵیان داوە.
دووهەم وێنەش: وێنەی دوو پیتی (UN)ئینگلیزییە بەمانای نەتەوە یەکگرتووەکان دێت.
لەبەشی خوارەوەش سێ وێنەی تری (چاو) و (دەم) و (گوێ) ئاماژەیەکی گرنگە بۆ ئەوەی کەوا تاوەکو ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ وەڵامێکیان نەبووە بۆ (مانگرتووان).
ڕێکخست و پێداچوونەوە : کاشان قادر