بەهۆی بارانبارینی زۆر و تێرئاوبوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان، بەرهەمی ئەمساڵی گەنم زۆرباش بووەو جوتیاران ڕێژەیەکی زۆریان لێ بەرهەمهێناوە، هەروەها لەمساڵدا بەنزیکەیی 30 هەزار تۆن گەنم لەقەزای شارەزوور بەرهەمهێنراوە، بەڕێوبەری کشتوکاڵی شارەزووریش دەڵێت: “بەداخەوە ئەمساڵ هیچ هاوکارییەکی جوتیاران نەکراوە لەدابینکردنی گازو سەمادو دەڕاسە، هەروەها حکومەت قەرەبوی ئەو جوتیارانەی نەکردووەتەوە کە زەویەکانیان سوتاون”.
لەسەرەتای مانگی ئایار/5ەوە جوتیارانی قەزای شارەزوور دەستیان بە دروێنەکردنی بەرهەمەکانیانکرد، ئەوان بەرهەمی ئەمساڵی گەنم بەراورد بەساڵی پار زۆر بەباشتر دادەنێن، لەوبارەیەوە یاسین حەمە عەزیز کە ناوی خوازراوی جوتیارێکی ئەو قەزایە، بەشارەزوور نیوزی وت: “لەسەرەتای مانگی ئایار/5ەوە دەستمانکردووە بە دروێنەی جۆ تا بەرواری 25ـی ئایار/5ـی 2023، وە لە10ی مانگی حوزەیران/6یشەوە دەستمانکرد بەدورینەوەی گەنم تا بەرواری 15و 25ـی حوزەیران/6ـی ئەمساڵ، بەڵام حکومەت هیچ هاوکارییەکی نەکردووین لەدابینکردنی سەمادو گازو دەڕاسە، هەمووی لەسەر ئەرکی خۆمان بووە”.
سەبارەت بە وەرگرتنی گەنمەکانیان لەلایەن سایلۆکانەوە، ئەو دەڵێت، سایلۆکان هەموو گەنمەکانیان لێ وەرناگرن، بەڵکو بۆ هەر دۆنمێک بڕی 178 کیلۆیان لێ وەرگرتوون، ئەمەش ئەوانی ناچارکردووە لەبازاڕی ڕەش گەنمەکانیان بفرۆشن.
دەشڵێت: “ئەو بڕەی خۆمان دەیفرۆشین بە 550 بۆ 650 هەزار دینارە، ئەویش بەپێی چاک و خراپی گەنمەکەیە، بڕی ئەو پارەیەش پێمان دراوە لەسایلۆ بەرامبەر هەر تۆنێک لەگەنمی پلە یەک 850 هەزار دینار بووە”.
فەرەیدون حەسەن، بەڕێوبەری کشتوکاڵی شارەزوور لەلێدوانێکی تایبەتیدا بۆ شارەزوور نیوز وتی: “جوتیاران بەچەند ڕێگایەک بەرهەمەکانیان ساغکردووەتەوە، لەوانەش ڕادەستکردنی گەنمەکانیانە بە سایلۆو پشتگیریکردنیان بووە لەلایەن بەڕێوبەرایەتییمان، وە لەڕێگای بەرهەمهێنانی بنەتۆو کە بەڕێوبەرایەتییمان بنەتۆویان پێداون”.
وتیشی: “یەکێکیتر لەساغکردنەوەی بەرهەمەکانی جوتیارانی ئەو قەزایە بەداخەوە بازاڕی ڕەشە، نرخەکانیان کەمتربووە لەنرخەکانی حکومەت”.
“بەداخەوە ئەمساڵ هیچ هاوکارییەکی جوتیاران نەکراوە لەدابینکردنی گازو سەمادو، دەڕاسە،… هتد، بەڵام بەرهەمی ئەمساڵ لەچاو ساڵی پاردا زۆر باشبووە، وە حوکمەتی هەرێمیش هەردوو کۆمپانیای قەیوان و خۆشناوی ڕاسپاردووە کە هەر تۆنێک بە700 هەزار دینار وەربگرن، وە نرخەکەش بۆ جوتیاران زۆر گونجاوە، بەتایبەت نرخی سایلۆکانی حوکمەتی عێراقی”، فەرەیدون حەسەن وا دەڵێت
سەبارەت بەڕێژەی سوتانی دۆنمی جوتیارانی قەزای شارەزوور، ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، ئەمساڵ بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بەتێکڕا نزیکەی 505 دۆنم زەوی چێنراو بەگەنم سوتاوەو بۆ ئەو مەبەستە جوتیاران قەرەبوو نەکراونەتەوە.
بەپێی ئامارێکی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی شارەزوور کە دەست ماڵپەڕی شارەزوور نیوز کەوتووە، لە مساڵدا بەنزیکەیی 30 هەزار تۆن گەنم لەو قەزایە بەرهەمهاتووە. هەروەها2253 جوتیاریش خۆیان ناونوسکردبوو بۆ ڕادەستکردنی گەنمەکانیان بەسایلۆ، لەو ژمارەیەش زیاتر لە70 کەسیان خانم بوون.
لەبارەی ئەوەی سایلۆی سەیدسادق چەند گەنمی وەرگرتووە لەو قەزایە، کارمەندێکی ئەو سایلۆیە کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بۆ شارەزوور نیوزی ئاشکرایکرد: “حکومەتی هەرێم گەنم وەرناگرێت، بەڵکو حکومەتی عێراقی گەنم وەردەگرێت، ئەو بڕەی حکومەتی عێراقی دیاریکردووە بۆ پارێزگای سلێمانی 230 هەزار تۆنە، ئەم ڕێژەیە دابەشدەکرێت بەسەر جوتیارەکاندا، ئەو بڕەی بۆ جوتیارانی شارەزوور دیاریکراوە بریتیە لە 178 کیلۆگرام بۆ هەر دۆنمێک”.
ڕاشیگەیاند: “بڕی وەرگرتنی گەنم لەسایلۆکان دەگۆڕێت، بەپێی ئەو بڕەیەیە کە ساڵانە حکومەتی عێراقی دیاریدەکات، ئەوەش گەورەترین کێشەیە، چونکە جوتیاران ناتوانن هەموو بڕەکە ڕادەست بکەن و ڕێژەیەکیان لێ وەردەگیرێت”.
ناوبراو باسی لەوەشکرد، هەندێکجار جوتیاران خۆیان کێشە دروستکردبوو و دەیانویست هەموو گەنمەکە لەیەک ڕۆژدا ڕادەست بکەن.
ڕونیشیکردەوە: “یەک تۆن گەنم لەجوتیارانی شارەزوور بە 850 هەزار دینار وەرگیراوە لەسایلۆی سەیدسادق بەپێی بڕیاری عێراقی، لەبەرامبەردا حکومەتی عێراقی لەسەدا %3ـی لێدەبڕێت کە %2ـی بۆ هاوکاری بنەتۆوەو لە%1یشی بۆ خەرجی سایلۆکانە”.
کارمەندەکەی سالۆی سەیدسادق ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی ئەوەی سایلۆکان نەیانتوانی بڕی دیاریکراوی زیاتری گەنم وەربگرن لەجوتیاران، ئەمەش جوتیارانی ناچارکرد گەنمەکانیان لەڕێگای بازرگانە عەرەبەکان یان سایلۆکانی موسڵ و سەڵاحەدین و کەرکوک دابنێن و ساغبکەنەوە.
ئەمساڵ بەرواری 27ی ئایار/5ـی 2023 سایلۆکانی هەرێمی کوردستان کرانەوەو دەستیان بەوەرگرتنی گەنم کرد، پاشان لەبەرواری 15ی تەموز/7ـی هەمان ساڵ پرۆسەی وەرگرتنی گەنم کۆتاییهات، بەمەش سایلۆی سەیدسادق 40000 هەزار تۆن گەنمی وەرگرتووە.
هاوکات بەرواری 25ی تەموز/7ـی ئەمساڵ، لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیاردرا بەتەرخانکردنی تریلیۆنێک و 790 ملیارو 837 ملیۆن دینار بۆ پێدانی شایستەی دارایی جوتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان، کە گەنم و برنجیان ڕادەستکردووە. پێشتریش بەچەند جارێک حکومەتی عێراق پارەی گەنمی هەرێمی ناردبوو، کۆی گشتی پارەی نێردراو تاوەکو مانگی ئەیلول/9 بۆ پارێزگای سلێمانی نزیکەی 100 ملیار دینار بووە.
ئامادەکردنی : ڕێناس محمد