گێچەڵی سێکسیی: توندوتیژییه‌ باوه‌ نادیاره‌كه‌

گێچەڵی سێکسیی: توندوتیژییه‌ باوه‌ نادیاره‌كه‌
سەمەر سەعید
بانو زەند  (ناوێكی خوازراوه‌) دەیگێڕێتەوە کە ئەو دەیان
جار گێچەڵی سێکسیی پێکراوە و دەڵێت: “زۆر بێزار کراوم، هەندێکجار ویستوویانە
بە زۆر ژمارەم پێبدەن، یاخود ڕێکبکەوم لەگەڵیان، جار هەبووە لەناو تەکسییدا
دەرگایان لەسەر داخستووم، ناچار وامنیشانداوە لەگەڵ باوکم یان برایەکم بەتەلەفۆن
قسەدەکەم، تاکو ڕێگەیانداوم دابەزم”.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، بانو تا ئێستا
هیچ سکاڵایەکی دژ بەو کەسانە تۆمار نەکردووە کە گێچەڵیان پێكردووه‌، ئەویش له‌به‌ر
هەستیاریی بابەتەکە و نه‌بوونی پشتگیری بۆ ژنانی گێچێڵپێكراو. وه‌ك‌ بانو ده‌ڵێت “زۆر
جار كه‌ لە ماڵەوە باسم کردووە، براکەم پێیوتووم ‘نابێت بەتەنیا بڕۆیتە دەرەوە'”.
بانو، یه‌كێكه‌ له‌ هه‌زاران ژنی هەرێمی كوردستان، كه‌ به‌رده‌وام
رووبه‌ڕووی گێچه‌ڵی سێكسیی ده‌بێته‌وه‌ و  بێزار دەکرێت. هەرچەندە گێچەڵپێکردن له‌
یاساكانی هه‌ره‌می كوردستاندا بە یەکێک لە جۆرەکانی توندوتیژیی هەژمار دەکرێت،
بەڵام کەمترین کات باس ده‌كرێت و ده‌بیندرێت. له‌به‌ر هۆکاری شه‌رم و ترس لە
کۆمەڵگا و کەسوکار، بەشێکی کەمی ژنان ئامادەن لەوبارەیەوە سکاڵا تۆمار بکەن؛ زۆرجاریش
كه‌ سکاڵا تۆمار دەکەن، پۆلیس لەجیاتی دادگا، دەیاندادەتە دەست “سوڵحی
عەشایەریی”.
دەیان جۆر گێچەڵی سێکسیی هەیە، جۆرێك
لە گێچەڵە سێكسییەكان لەڕێگای بەكارهێنانی وشە و كۆمێنت و مەتەڵی سێكسیەوەیە؛
جۆرێكی تریان بە دەربڕینی سیمای دەموچاو و جوڵاندنی برۆ و چاو و جوڵاندنی دەستەكانه‌؛
تا دەگاتە دەستدرێژیییکردن لەڕێگای خۆخشاندن لە جەستە و ماچكردن و لاقەكردن.
گێچەڵی میدیایی جۆرێکی دیکەی
گێچەڵی سێکسییه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ بڵاوکردنەوەی وێنە یان ڤیدیۆی تایبه‌تی ژنان لە
میدیا یان تۆڕه‌ کۆمەڵاتیه‌كاندا. ئەم جۆرە گێچەڵە بەپێی ماددەی دوو-ی یاسای
ڕێگرییکردن لە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندییکردن، مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و
سزای تووندی هه‌یه‌.
توێژەری
کۆمەڵایەتیی، هاوڕێ ئەکبەر، ئاماژە بە کاریگەرییەکانی گێچەڵپێکردن لەسەر دەروون و
جه‌سته‌ی ژنان ده‌دات و دەڵێت: ”نائارامیی لای ژن دروست دەکات، لەکاتی چوونە
دەرەوەدا تووشی دڵەڕاوکێ دەبێت و ناتوانێت بە ئازادانە جلوبەرگ بپۆشێت و خۆی
بڕازێنێتەوە.”
بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی
توندوتیژیی دژی ئافرەتان ئاماری شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی بڵاوکردووەتەوە و بەپێی
ئامارەکە، ٤٧ حاڵەتی توندوتیژیی سێکسیی هەبووە. ئامارەکە دەستنیشانی نەکردووە، کە
ئاخۆ ئەو ٤٧ حاڵەتەی تۆمارکراون گێچەڵپێکردن بوون یان دەستدرێژیی؟ بەڵام هەر ژنێکی
کۆمەڵگای کوردیی دەدوێنیت، بەجۆرێک لە جۆرەکان ڕووبەڕووی گێچەڵی سێکسیی بۆته‌وه‌ و
هەندێکیشیان دەستدرێژیی سێکسییان کراوەتە سەر.
بەپێی داتاکانی بانکی جیهانیی،٥٠٪ی
ژنان ڕووبەڕووی گێچەڵی سێکسیی بوونەتەوە، بە وتەی توێژەرانیش لە هەرێمی کوردستانیش
ڕێژەی گێچڵپێکردن ئەگەر لە ڕێژە جیهانییەکە زیاتر نەبێت، ئەوا کەمتر نییە.
بانو زەند،
لە شارۆچکەی شارەزووری سەر بە پارێزگای سلێمانی دەژی، بۆیە ویستم ئاماری هەشت
مانگی ڕابردووی توندوتیژیی سێکسیی تایبەت بەو ناوچەیە وەربگرم و بۆ ئەو مەبەستە
پەیوەندییم بە بەڕێوبەری بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان/شارەزوور-ەوە
کرد، بەڵام ئامادەنەبوون هیچ ئامارێک ئاشکرابکەن، بەڵام لەو ٤٧ حاڵەتەی لە شەش
مانگی یەکەمی ئەمساڵدا تۆمارکراوە، ١٦ حاڵەتیان لە پارێزگای سلێمانی بووە.
لە یاسادا چۆن باسی گێچەڵی سێکسیی
کراوە؟
لە یاسای ١١١ی سزادانی عێراقیی ساڵی
١٩٦٩-دا، کە لە هەرێمی کوردستان-یش کاری پێدەکرێت، لە ماددەکانی (٤٠٠،٤٠١،٤٠٢)دا
باسی گێچەڵی سێکسیی کراوە و سزا بۆ ئەنجامدەرانی دیارییکراوە، بەپێی یاساکەش
“دەستبردن بۆ ژنێک یاخود قسەکردن یان ئیشارەتکردن بۆی، کە کار لە ئابڕووی
بکات و لەسەری بکەوێت، بە گێچەڵی سێکسیی هەژمار دەکرێت”.
بەپێی یاساکە، ئەگەر کردەوەیەک
بەرامبەر کەسێک ئەنجامدرا، کە کار لە ئابڕووی بکات، ئەوا ئەنجامدەری کردەوەکە بۆ
ماوەی سێ مانگ سزادەدرێت، غەرامەکەشی لە ٢٠٠هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تا ملیۆنێک
دینار. ئەگەر هاتوو تاوانبار لەماوەی ساڵێکدا ئەم کارە دووبارە بکاتەوە، ئەوا
سزاکەی دەبێت بە دوو هێندە.
پارێزەر بڕیار ئیبراهیم ئاماژە بۆ
ئەوە دەکات کە لە یاسای ژمارە ٣٧ی ساڵی ٢٠١٥ی کاری عێراقی لە ماددەی ١١١-دا بە
ڕوونی باس لەوە کراوە ئەگەر دەست ببرێت بۆ ژنێک یان منداڵێک، کە لەسەری بکەوێت، ژنەکە
یان منداڵەکە ڕەزامەند بێت یاخود نا، دەبێت ئەنجامدەری کردەوەکە سزا بدرێت. سزاکەشی
نابێت شەش مانگ زیاتر زیندانیی تێبپه‌ڕێنێت و زیاتر لە ملیۆنێک دینار غه‌رامه‌ بکرێت،
بەڵام ئەو یاسایە لە هەرێمی کوردستان کاری پێناکرێت.
زیا پترۆس، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی
مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، هۆکاری کارنەکردن بەو یاسایە ڕوون دەکاتەوە و دەڵێت: ”هەرێمی
کوردستان بەپێی دەستور ڕێگەپێدراوە بە سێ جۆر مامەڵە لەگەڵ یاساکانی عێراق-دا
بکات، یەکەمیان ئەوەیە هەمان یاسا بەرهەم بێنێت و لێرە کاری لەسەر بکات، یان هەمان
یاسا وەردەگرێت و بەپێوستی دەزانێت بەشێک لە بڕگە و ماددەکانی هەموار بکات،
بەشێوەیەک، کە لەگەڵ تایبەتمەندیی هەرێمی کوردستان-دا بگونجێت، یانیش یاسایەکی
هاوشێوە لە پەرلەمانی کوردستان دەربچێت بەپێی پێویستییەکانی هەرێم.”
زیا پترۆس،
توندکردنەوەی سزاکانی بە هەنگاوێکی باش ناوبرد بۆ ڕێگەگرتن لە گێچەڵی سێکسیی،
لەگەڵ ئەوەشدا پێیوایە چارەسەر تەنیا یاسا نییە، بەڵکو دەبێت لەڕێگای توێژینەوەوە
هۆکارەکانی ئەنجامدانی ئەم تاوانە دەستنیشان بکرێن و بەپێی دەرئەنجامی توێژینەوەکە
چارەسەریی بۆ دابڕێژرێت.
قوربانییەکان
پەنا نابەنە بەر دادگا
ژنان تەنیا لەناو خێزانەکانیاندا
ڕێگرییان لێناکرێت بۆئه‌وه‌ی بەرامبەر به‌ گێچەڵە سێکسییەکان بێنەدەنگ و سکاڵا
تۆمار بکەن، بەڵکو هەندێکجار کاتێک دەچنە بنکەکانی پۆلیس بۆ تۆمارکردنی سکاڵا،
لەوێش بێدەنگ دەکرێن و هانیان دەدەن بۆ کشانەوەی سکاڵاکانیان.
مینا (ناوێكی خوازراوە) نمونەی یەکێک
لەو ژنانەیە.
ئەو لەناو بازاڕی شاری هەولێر
پیاوێک دەستی بۆ درێژکردووە و میناش ڕاستەوخۆ وەڵامی دەستدرێژییکارەکەی داوەتەوە و
بۆ به‌رگریكردن له‌خۆی له‌ پیاوه‌كه‌ی داوه‌. لەوکاتەدا پۆلیس-یش ئاگاداری
ڕووداوەکە دەبێت، بۆیە پیاوەکە دەستگیردەکات و میناش سکاڵای لەدژ تۆمار دەکات،
بەڵام سکاڵاکەی مینا نابرێتە دادگا، هەر لە بنکەی پۆلیس بەڵێننامەیەک بە
تۆمەتبارەکە پڕدەکرێتەوە، کە چیتر کاری لەو شێوەیە دووبارە نەکاتەوە و ئازاد
دەکرێت.
ئەو مامەڵەیەی پۆلیس مینای لە پۆلیس و
دادگا نائومێدکردووە، بۆیە ئێستا لەجیاتی هانابردن بۆ بنککەکانی پۆلیس، نینۆکەکانی
وەک چەکێک بۆ بەرگرییکردن لەخۆی بەکاردەهێنێت “جارێک لەناو پاسدا پیاوێک
دەستی بۆ هێنام، منیش بە نینۆکەکانم دەستیم بریندار کرد”.
سەرچاوەیەک لە یەکێک لە
بنکەکانی پۆلیس وتی: “زۆربەی ئەو کێشانە بە سوڵحی عەشایەریی چارەسەر دەکرێن،
بۆئەوەی کێشەی کۆمەڵایەتیی زیاتری لێنەکەوێتەوە، بۆیه‌ قایلیان دەکەین کە کێشەکە
نەبرێتە دادگا”.
سەرچاوەکە، وتیشی: “هەندێکجار
دادوەر پێمان دەڵێت خۆتان لەناو بنکەکان چارەسەری بکەن، با نەیەتە ناو دادگا،
بەڵام هەندێکجاریش ناتوانین باوەڕ بە کەسەکە بێنین و دەچێتە بەردەم دادوەر و لەوێ
کێشەکە یەکلایی دەبێتەوە”.
نەریت و عەقڵیەتی نێرسالاریی
توێژەری کۆمەڵایەتیی، هاوڕێ ئەکبەر، هۆکاری
باسنەکردن و زەقنەکردنەوەی گێچەڵە سکێکسییەکانی گەڕاندەوە بۆ دابونەریت، کە بەسەر
ژناندا دەشکێتەوە و نیشانەی پرسیاریان لەسەر دروست دەبێت و وتی: “ئەگەر باسی
بکات کۆمەڵگا بەشێوەیەکی تر سەیری دەکات، بۆیه‌ ناچار شتەکە لە خودی خۆیدا کپ
دەکاتەوە”.
هاوڕێ ئەکبەر، وتیشی: ”کەسی
گێچڵپێکراو هەست دەکات تەنهایە، کاتێک ڕووبەڕووی حاڵەتێکی وا دەبێتەوە نە خێزان
پشتیوانیی دەکات، نە ڕێکخراوەکانی ژنانیش وەک پێویست بەدەنگییەوە دەچن، بەمەش لە
بۆشاییەکی خێزانیی وکۆمەڵایەتیی و یاساییدا دێت و دەچێت، بۆیه‌ ناچار پەردەپۆشی
دەکات.”
ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە، باسی لەوە
کرد، کە هەندێک گەنج هەن شانازیی بەوەوە دەکەن، کە گێچەڵیان بە ژن کردووە و لای
هاوڕێکانیان باسی دەکەن، ئەویش بەهۆی پەروەردەی خێزانەوە.
هاوڕێ نەبوونی پەروەردەی گونجاوی
خێزان بە هۆکارێکی دیکە ده‌زانێت، بەتایبەت لە تەمەنی هەرزەکارییدا. ئه‌و ده‌ڵێت
نابێت دایک و باوک بێ پەردە هەموو شت لەبەرچاوی منداڵەکانیان باس بکەن، پێویستییشە
بەجۆرێک مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن، کە بوونی ئەوان لە خێزاندا گرنگە و
گوێیان بۆ بگرن، چونکە کاتێک گەنج هەست دەکات لەناو خێزاندا گرنگیی پێنادرێت
بۆشایی دەروونیی بۆ دروست دەبێت و بەو کارانە پڕی دەکاتەوە و دەیەوێت خۆی
بسەلمێنێت و بڵێت ‘منیش هەم’.
ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە نەبوونی
ئازادیی سکێسییش بە هۆکارێکی دیکە دەزانێت و دەڵێت: “لێرە حەزە سێکسییەکانی
گەنج کپ کراوە، ئەمەش وادەکات بۆ خاڵییکردنەوەی حەزەکانی، دەست لە ژنێک بدات، یان
قسەی پێ بڵێت یانیش ماچی بکات”.
بە وتەی توێژەرانی کۆمەڵایەتیی، بۆ
ڕووبەڕووبوونەوەی گێچه‌ڵی سێكسی وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕووبه‌رووی ژنانی وه‌ك بانو و مینا
بۆته‌وه‌‌، دەبێت لە باخچەکانی ساوایان و خوێندنگاکانەوە دەستپێبکرێت، ئەویش
لەڕێگای پەروەردەی دروست و دەستکارییکردنی پرۆگرامەکانی خوێندنەوە. هەروەها
لەڕێگای وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە ڕۆشنبیریی لەناو کۆمەڵگادا بڵاوبکرێتەوە، هەلی کار
بۆ گەنجان بڕەخسێندرێت و ڕێژەی هەژاریی کەم بکرێتەوە.
به‌ڵام تاوه‌كو ئه‌و ئه‌م هه‌وڵانه‌
ده‌درێن، چه‌ندین ژن ده‌بێت رێگه‌چاره‌ی تر بدۆزنه‌وه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ده‌ستدرێژیكردنه‌
سه‌ر ساده‌ترین مافیان كه‌ ئه‌ویش مافی پاراستنی جه‌سته‌ و كه‌رامه‌تیانه‌.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *