ئامادەکردنی: سیڤان تۆفیق
ڕێژەی توشبوانی ئۆتیزم لەکوردستان ڕوی لە هەڵکشانە، بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو دیاریدەیەش سەنتەرەکانی ڕاهێنانی تایبەت بەو توشبوانە ژمارەیەکیان لەو حاڵەتانە کەمکردووەتەوە، لەوبارەیەوە ڕاهێنەرێکی پەروەردەیی لەسەنتەری ئۆتیزمی شارەزوور ڕایگەیاند، خێزانەکان بێ ئۆقرەن و دەیانەوێت بەزوترین کات منداڵەکانیان بگەڕێنەوە باری ئاسایی، چونکە نەخۆشی منداڵەکانیان قبوڵ نییە و دەیشارنەوە، سەرپەریشتیاری ئەو سەنتەرەیەش دەڵێت: “لەشارەزوور یەک سەنتەری ڕاهێنان هەیە ئەویش ڕیکخراوێک بۆی دابینکردوین، هیچ لایەنێکی دیکە هاوکاریمان ناکەن”.
سەنتەری ئۆتیزمی شارەزوور لە 1ی ئابی ساڵی 2021ەوە دامەزراوە، سەنتەرەکە ڕێکخراوێکی قازانج نەویستە و هیچ لایەنێک هاوکاریان ناکات، بەڵام ڕێکخراوی تەژنە شوێنی بۆ دابینکردوون بۆ ڕایکردنی کارەکانیان.
ڕۆشنا خالید، سەرپەرشتیاری سەنتەری ئۆتیزمی شارەزوورە و لەلێدوانێکیدا بۆ شارەزوور نیوز وتی: “پێشتر لەشوێنی دیکە کارمانکردووە لەشارەزوور، نزیکەی نۆ مانگ بەڵام داخرا، ئێمە نەوەستاین تاوەکو ئێستا بەردەوامین لەسەنتەرێکی دیکە هەر لەشارەزوور”.
ڕۆشنا ئاماژەی بەوەکرد کە هەندێک لەخێزانەکان پارە دەدەن و هەندێکیش نایدەن، ئەو پارەی کە وەردەگیرێت لەخێزانەکان وەکو هاوکاریەکە بۆ مامۆستاکان.
“منداڵەکان لەتەمەنی دوای دوو ساڵی دەتوانن ڕاهێنان وەربگرن، هەربۆیە لەتەمەنی دوو ساڵییەوە لامانە تاوەکو تەمەنی 12 ساڵی، وە لەسەنتەرەکەمان چاودێری منداڵەکانی (ئۆتیزم، دواکەوتنی قسە، ئیفلیج، شەلەل، بیرکۆل، ADHD، شڵەژانی زمانەوانی و ڕەفتاری) دەکەین”. ئەو سەرپەریشتیارە وای وت
وتیشی: “هیچ پێوەرێکمان نییە بۆ وەرگرتن، بەڵکو دەبێت خێزانەکان ڕاپۆرتی پزیشکیان پێبێت و لیژنە بینیبێتن، چونکە لیژنەکان هەموو پزیشکەکانی تێدایە، هەموو مانگێک ڕاپۆرت و هەڵسەنگاندن دەنێرین بۆ پزیشکەکانیان، ئەوانیش بەپێی ئەوە دوبارە ڕاپۆرت دەنێرنەوە لەوەی چەندێک بەرەو پێشەوە چوون، چونکە لەشارەزوور هیچ لیژنەیەک نییە”.
بەپێی ئامارێکی فەرمی کە شارەزوور نیوز لەسەنتەری ئۆتیزمی شارەزوور دەستی کەوتووە، لەمساڵدا 54 حاڵەتی جۆراوجۆری نەخۆشی منداڵانیان هەبووە، لەو ژمارەیەش 14 منداڵیان ڕەگەزی مێیەو 40ـیشیان نێر، بەجۆرێک 17 حاڵەتیان ئۆتیزمەو 16ـیان دواکەوتنی قسە و پێنجیان دواکەوتنی ژیری و چواریشیان ئیفلیجی، هەروەها سێ حاڵەتی ADHD و سێ داونی سیدرۆم، هەروەها ئەو منداڵانەی توشبوی دوو حاڵەتین ژمارەیان شەش منداڵە.
ڕۆشنا خالید دەڵێت، ئەو حاڵەتانە لەمنداڵە كوڕەکان زیاتر دەرکەوتوون، چونکە منداڵە کچەکان لەلایەنی زمانەوانییەوە خێراترن.
لەسەنتەری ئۆتیزمی شارەزوور سێ ئاستی ڕاهێنان بۆ توشبوانی ئۆتیزم هەیە، ئەوانیش سەرەتایی و ناوەندی و قورسە، لەو نێوەندەشدا بە پڕۆگرام چارەسەری ئاستەکان دەکرێت و پێیدەوترێت پڕۆگرامی ستاندار بۆ توشبوانی ئۆتیزم.
سەبارەت بە پڕۆگرامەکە ژوان محەمەد، ڕاهێنەری پەروەردەیی لەو سەنتەرە بۆ شارەزوور نیوزی ئاشکراکرد: “بەپێی ئاستەکان ڕاهێنانەکان دەگۆڕێت، پرۆگرامی (ABA)یمان هەیە بنچینەی ئەم پرۆگرامە ئەوەیە ڕەفتار چۆن دروستدەبێت، چۆن فێربوون جێگەی بگرێتەوە، هەروەها کار لەسەر ئەوە دەکات زمانەوانی منداڵەکە گەشە بکات، واتە ڕەفتاری توندوتیژی و شەڕانگیزیەکەی کەمتر دەکاتەوە”.
لەبارەی پڕۆگرامەکانی دیکەوە، ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، سیستەمی لۆڤاسیان هەیە کە ڕەگێکی لە پرۆگرامی ABAەوە وەرگرتووە و بەشێوەیەکی پلەبەندی منداڵەکە ڕادەهێنرێت تاوەکو کارێکی ئاسان دەستپێبکات بۆ کارێکی قورس.
ژوان محەمەد باسی لەوەشکرد، بەو جۆرەیە کار لەگەڵ توشبویەکی ئۆتیزمدا دەکەن، سەرەتا دانیشتن و ئارامگرتن و گونجاندنی منداڵەکە، پاشان پەیوەندی چاو، دواتر ئاوڕدانەوەو بانگکردن بەناوی خۆیەوە، بەمەش ڕاهێنەر نزیکدەبێتەوە لەبونیەتێکی سروشتی، بەڵام منداڵەکە تاوەکو گەورەبوون ماکی نەخۆشیەکەی لەسەر بەجێدەمێنێت.
وتیشی: “بەپێی کەیسەکان توانستی منداڵەکە دەگۆڕێت، چونکە بەهۆی فاکتەرەکانی کۆمەڵگاو خێزانی بەردەوام کاری تێدەکرێت، هەربۆیە ناتوانین لەچوارچێوەیەکی دیاریکراو باشبونەوەی منداڵەکە دابڕێژین”.
ئەو سەنتەرە ئەو پێداویستی و کەرەستانەی بەکاردێنن بریتین لە، یاری (تەرکیزی، ماسوڵکەی بچوک، ڕەنگەکان، شێوە ئەندازەیەکان)، ئەو یاریانە تەنیا سودێکی نییە، بەڵکو تا چوار سودی دەبێت.
ڕاهێنەرە پەروەردەییەکە لەسەر ڕەنگەکان دەڵێت، زیاتر ڕەنگە ئارامەکان بەکاردێنن ئەویش ڕەنگەکانی “سەوز و شین و سور و زەردە، کێشەمان لەگەڵ بێ ئۆقرەیی خێزانەکانە دەیانەوێت بەزوترین کات منداڵەکانیان بگەڕێنەوە باری ئاسایی، چونکە نەخۆشی منداڵەکانیان قبوڵ نییەو دەیشارنەوەو بەوبۆنەیەوە ڕاپۆرتی لیژنەکان یارمەتی دەرمانن، بەداخەوە ئۆتیزم لەزیادبوندایە”.
سەنتەری ئۆتیزمی شارەزوور ستافەکەیان لەهەشت کچ پێکهاتوون، پێشتر کوڕێکییان لەگەڵدابووە، بەڵام وەکو خۆیان ئاماژەی پێدەدەن ئافرەت زیاتر میهرەبانترەو بەخێوکەرێکی باشن، ستافەکەشیان دابەشبوون بۆ بابەتەکانی پەروەردەی تایبەت و دەروونییەکان و کۆمەڵایەتیەکان لەگەڵ چارەسەری سروشتی، هەر مامۆستایەکیش منداڵێک و ژورێکی تایبەتی هەیە.
ستافی ئەو سەنتەرە دەڵێن، هیچ کاتێک دەزگا حوکمییەکان نە سەردانیان کردوون نە خۆشیان هیچ هەوڵێکیان داوە بۆ دەستکەوتنی بینای باشترو جێگەی گونجاوتر بۆ نەخۆشەکانیان.
لەبارەی ئەوەی نەخۆش لەکوێوە سەردانیان دەکەن؟ ڕۆشنا خالید دەڵێت، سەردانی نەخۆشەکان بۆ سەنتەرەکەیان تەنیا لەهەڵەبجەی تازەوە نییە، بەڵکو لە(هەڵەبجەی شەهید، قەرگۆل، سەیدسادق، دەربەندیخان، نەسر، شێخان و لادێکانی دەوروبەر)ن، کەیسی دەرەوەی وڵاتیشیان هەبووە.
وتیشی: “پێداویستییەکانی سەنتەرەکە لەئێران و ناخۆی کوردستان دەستمان دەکەوێت جگە ئامێرەکانی چارەسەری سروشتی، چونکە تێچوی زۆرە”.
ئەو توشبوانەی لەو سەنتەرەدان دەفتەری ڕۆژانەی وەرگرتنی چارەسەریان هەیە بەشێوەی فۆڕم، تیایدا ڕۆژی لەدایکبوون و پێش لەدایکبون و دوای لەدایکبوون و هۆکاری توشبونیان خراوەتەڕو، تاوەکو هەست بەگۆڕانکاریەکانیان بکەن، هەروەها ڕۆژانە کورتە ڤیدیۆی کارەکانیان تۆماردەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا منداڵەکان هاندەدرێن حەز بەخواردنی جیاواز بکەن.
لەسەنتەری ئۆتیزمی شارەزوور بەشێکی دیکە بونی هەیە، ئەویش چارەسەرکاری سروشتیە بۆ ئەو منداڵە کەمئەندامانەی لەوێدا چارەسەر وەردەگرن، بەجۆرێک بەهۆی ئەوەی کە ئامێرەکانی چارەسەری سروشتی گرانن، ڕاهێنەری چارەسەرکارە سروشتییەکە خۆی دروستیدەکات.
ئاڤان عومەر، ڕاهێنەری چارەسەرکاری سروشتی سەبارەت بە چاودێریکردنی منداڵانی ئەو سەنتەرە ئاماژەی بەوەکرد، زیاتر چارەسەری ئەو منداڵانە دەکەن کە شەلەل دەماخن و حاڵەتی گەشە و بیرکۆڵیان هەیە.
ئاڤان عومەر دەڵێت، فیسیۆسێراپی ئەو چارەسەرە فیزیاییە کە ئەدرێت بەو نەخۆشانەی کێشەی جەستەییان هەیە، بەتایبەت ئەو نەخۆشانەی برینداربون یان توانای جوڵەیان کەمەو بەپێدانی ڕاهێنان چارەسەریان دەکەن، ئەو نەخۆشانەش بە دووجۆر چارەسەر وەردەگرن، ئەوانیش بە ئامێرو ئیشکردن بەدەستە.
لەسەر ئەوەی چ ڕێنمایەک دەدرێت بەدایکوباوکان لەسەنتەرەکەدا، ژوان محەمەد ڕایگەیاند: “بەگشتی داوایان لێدەکەین لەجێبەجێکردنی ڕاهێنانەکان هاوکارمان بن، وە ژینگەیەکی تەندروست بۆ منداڵەکەیان فەرهام بکەن، تاوەکو بەرەوپێش چونەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاوتر ببینرێت”.