ئالودەبوون
زۆرجار وشەی ئالودەبوون بۆ جگەرە یان قاوە بەكاردێت، لەم دواییانەدا ئەم وشەیە بەكاردەهێنرێت بۆ ماڵپەڕەكانی سۆشیال میدیا كە فەیسبووك یەكێكە لەوانە، ئالوودەبوون بە فەیسبووك بووە بە دیاردەیەكی باو كە سەرنجی زۆربەی ڕۆژنامە و میدیاكانی ڕاكێشاوە، كە تەنانەت گەشتووە بەو ڕادەیەی كە ڕێكاری تایبەت بگیرێتەبەر بۆ دووركەوتنەوە لە فەیسبووك. هەروەها لە توێژینەوەیەكدا كە تێیدا یرسیار لە كۆمەڵێك كەس كراوە كە حەز بە كردنی چی دەكەن، زۆربەی وەڵامەكان گەڕان بووە بە ناو فەیسبووكدا.
كەمبوونەوەی ڕازیبوونمان بە ژیانمان
بەكارهێنانی فەیسبووك لای هەندێك كەس دەبێتە هۆی هەستكردن بەوەی كە ژیانیان خۆش نییە وەك ئەو كەسانەی لە فەیسبووكدا هەن، چونكە سروشتی كەسەكان وایە كە ژیانی خۆیان بەراورد دەكەن بە ژیانی كەسانی تر و بە پێی ژیانی ئەوان باشی و خراپی ژیانیان دیاری دەكەن، هەروەها زۆر گەڕان لە فەیسبووكدا دەبێتە هۆی بینینی بڵاوكراوەكانی كەسانی تر، وەك بینینی كەسێك كە خواردنێكی شاهانە دەخوات یان بڵاوكراوەیەك كە كەسێك دیارییەكی وەرگرتووە لە كۆمپانیایەكی بەناوبانگ، كە بینینی ئەم جۆرە بڵاوكراوانە دەبێتە هۆی دروستكردنی هەستێك لە لای كەسەكان كە ژیانێكی بێمانا و نادادپەروەریان هەیە.
هەروەها زۆر بەكارهێنانی فەیسبووك دەبێتە هۆی ڕازی نەبوونی كەسەكان بە شێوەیان، كە زانایان هۆكارەكەی دەگێڕنەوە بۆ بەراوردكردنی لاشەو جەستەی خۆیان بە كەسانی دیكە كە ئەمەش كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر دەروونی كەسەكە و دروستبوونی كێشە و ناڕێكی لە خواردنیاندا بەبۆنەی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی لەشێكی جوان و ڕێك.
كەمخەوی
خەو لەگەڵ تەندروستی مێشك پەیوەندییەكی بەهێزیان بەیەكەوە هەیە، بۆیە كەمخەوی دەبێتە هۆی لاوازی مێشك بەتایبەتی لە منداڵ و گەنجەكاندا، چونكە كاتی خەو ئەو كاتەیە كە مێشك تێیدا گەشەدەكات، گەشەكردنی مێشك تا تەمەنی بیست بۆ سی ساڵی بەردەوام دەبێت، لە چەندین لێكۆڵینەوەدا دەركەوتووە كە بەكارهێنانی سۆشیال میدیاكان بەتایبەتی فەیسبووك دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی خەو و كوالیتییەكەی، بەتایبەتی گەر پێش خەو بەكاربهێنرێت، هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕووناكیانەی (light LED) كە ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان دەریدەدەن كە كار لەمێشك دەكەن و دەبنە هۆی كەمكردنەوەی هەستكردن بە خەو.
دوودڵی و خەمۆكی
لە توێژینەوەكاندا دەركەوتووە كە ڕێژەی دوودڵی و خەمۆكی لە ساڵەكانی دواییدا لە گەنجاندا بە ڕێژەی %70 زیادی كردووە، كە هۆكارێكی سەرەكی بەكارهێنانی سۆشیال میدیاكانە، هەروەها سۆشیال میدیاكان دەبنە هۆی كەمكردنەوەی باوەڕبەخۆبوون و زیادكردنی دوودڵیمان كە زیانێكی زۆر دەگەیەنێت بە ژیانمان بە تایبەتی ژیانی ڕۆژانەمان كە زۆر جار وا لە تاكەكان دەكات نەتوانن بڕۆنەدەرەوە یاخود بڕۆنە سەر كارەكانیان.