ئامادەکردنی: شارەزوور نیوز
سەرۆكی كۆمەڵەی ئۆتیزمی كوردستان ڕایگەیاند، ئۆتیزم لەحاڵەتەوە بووە بە دیاریدەو ڕێژەکە مەترسیدارە، لەمانگێکدا ١٥ بۆ ٢٠ حاڵەت تۆمار دەکەن، بەهۆیەوە زیاتر لەسێ هەزارو ٣٠٠ حاڵەتی ئۆتیزم تۆمارکراوە، چونکە کەیسی ئۆتیزم فەرامۆشکراوە.
كەمال جەباری سەرۆكی كۆمەڵەی ئۆتیزمی كوردستان لە لێدوانێکی تایبەتیدا بە شارەزوور نیوزی وت: “ئۆتیزم لەحاڵەتەوە بووە بەدیاردە و ڕێژەكە مەترسیدارە و لەهەڵكشانێكی بەرچاودایە، لەساڵانی نەوەدەكان تا ساڵی ٢٠٠٠ لە ١٥٠ منداڵ یەك منداڵی ئۆتیزم هەبوو، بۆ ساڵی ٢٠١٠ ڕێژەكە هەڵكشا بۆ ١١٠ منداڵ و لەساڵی ٢٠٢٢ ئێستا لە ٨٠ منداڵ منداڵێك ئۆتیزمیەتی”.
وتیشی: “لەمانگێكدا ١٥ بۆ ٢٠ حاڵەت تۆمار دەكەین، ئەمە لەكاتێكدا هەندێك خێزان نازانن كە كۆمەڵەی ئۆتیزم هەیەو هەندێكی تریان بارو گوزەرانیان باشەو نایانەوێت نەخۆشی منداڵەكەیان ئاشكرا بكەن و هەندێك لەوانەی دۆخی داراییان باشە منداڵەكانیان دەبەنە دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەر”.
سەبارەت بە کەمتەرخەمی حکومەت بەرامبەر بە توشبوانی ئۆتیزم، کەمال جەباری ئاشکرایکرد: “كەیسی ئۆتیزم زۆر فەرامۆشكراوەو بێنازن ئەویش بەهۆی كەمی سەنتەری ڕاهێنانی حكومی و خێرخوازی، سەنتەرە ئەهلیەكانیان ئەو پارەیەی وەریدەگرن پارەیان خەیاڵیە”.
ئەوەشی خستە ڕو: “خێزانی ئۆتیزم لەوپەڕی شپرزەیی و داڕوخاندان، خێزان هەیە سێ منداڵی ئۆتیزمە كە هەریەكەیان و سیفەتێكی خەیاڵی جیاوازیان هەیە، ناچارن منداڵەكانیان ببەستنەوە كە ئایندەیان ناڕوونە، یان دایك هەیە منداڵە ئۆتیزمەكەی بردووە بۆ ئەوروپاو مێردەكەی جیهێشتوە”.
سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان باسی لە ئەوەشکرد، ئەوان بەردەوامن لەكردنەوەی لق لەشارەكانی كوردستان، چونکە لەسەدا ٨٠ی ئۆتیزم فەرامۆشكراوەو حكومەت بەجدی ناهاتووەتە سەر خەت.
لەبارەی موچەی توشبوانی ئۆتیزم ناوبراو ئاماژەی بە ئەوە کرد، لەدوای ساڵی ٢٠١٢ەوە ١٥٠ هەزار دەدرا بە توشبوانی ئۆتیزم بەڵام ڕاگیراوە، بەڵێنیش درابوو سەنتەری ئۆتیزم بكرێتەوە لەهەرێم، بەڵام نەچووە بواری جێبەجێكردن.
بەپێی ئامارێكی نافەرمی كە شارەزوور نیوز دەستیكەوتووە لەسەرۆكی كۆمەڵەی ئۆتیزمی كوردستان زیاتر لەسێ هەزارو ٣٠٠ حاڵەتی ئۆتیزم لەكوردستان هەیە، لەگەڵ ٣٠ سەنتەری حكومی و ناحكومی، هەروەها لە ٩٠٠ حاڵەتی ئۆتیزم ٣٥٠ی لەسەنتەرەكانن.