فیستیڤاڵی ڕۆژی شارەزوور جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو دەبێت

شارەزوور نیوز- کاروان کەریم
سەرەڕای قەیرانی سیاسی و دارای حوکمەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام ڕێگر نەبووە لە ئەنجامدانی چالاکیە ڕۆشنبیری و هونەری و ئەدەبیەکاندا و ئەمساڵیش ڕۆژی شارەزوور تایبەت بە قەزای شارزوور بەڕێوەدەچێت.
 مەریوان تۆفیق، بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و هونەری شارەزوور لە لێدوانێکیدا بۆ ( شارەزوور نیوز ) وتی، “ئەمساڵ بەڕێوەبەرێتی ڕۆشنبیری و هونەری شارەزوور و فەرمانگەی ڕۆشنبیری وارماوا و بە چاودێری قائیمقامێتی قەزاکە و لەگەڵ ئەوەشدا بە هاوکاری کۆمەڵێک گەنجی خۆبەخش لەسنوری قەزاکەمان ئەمساڵ بڕیارە سێیەمین فیستیڤاڵی ڕۆژی شارەزوور ئەنجام بدرێت “.
وتیشی، “جیاواز لە ساڵانی تر ئەم ساڵ فیستیڤاڵی ڕۆژی شارەزوور زیاد لە چەند ڕۆژێک دەخایەنێت وەک هه میشە دەسپێکی فیستیڤاڵەکە بە چەند چالاکییەکی گشتی سەر لە بەیانی ڕۆژی 3/8 لە هۆڵی بۆنەکانی قەزای شارەزوور ئەبێت و و دوای نیوەڕۆکەی بەهۆی ئەوەی هەمان کات ڕۆژی جیهانی ژنانە کۆمەڵێک چالاکی دەبێت کە تایبەت بەخانمانی گروپی کچانی گەوهەرە و ئەو گروپە بە چەند چالاکییەک هەڵدەسن “.
ئاماژەی بەوەشدا، “ڕۆژی دووەمی چالاکییەکان تایبەتە بە پەردەلا دان لەسەر پەیکەری شاعیری گەورەی گەلەکەمان (خەزرەتی مەولەوی) شاعیر “.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ڕۆژی سێیەمیش فیستفاڵێکی ئەدەبی شعر و چیرۆکە و فیستیفاڵەکە تایبەتە بە شاعیر و چیرۆک نوسانی سنوری قەزای شارەزوور هاوکاتیش بڵاوکردنەوەی کتێبی (پێنوسەکانی شارەزوور) کە بەرهەمی ئەو شاعیر و چیرۆک نوسانە لە خۆ دەگرێت کە لە سنوری قەزای شارەزوورن “.
بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و هونەری شارەزوور ئاماژە بەوەدەکات، ئەمە بۆ یەکەمین جارە بەرهەمێکی لەو جۆرە بە چاپ دەگەیەنرێت “.
ئاشکراشیکرد، “هەر لەو یادەدا گۆڤاری گەوهەر کە تایبەتە بە ڕۆژی جیهانی ژنان وە پێشانگای شێوەکاری و فۆتۆ لە هەردوو بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری هونەری شارەزوور و فەرمانگەی ڕۆشنبیری و هونەری وارماوا، ئەو پێشانگایانە دەکرێتەوە سەرەڕای ئەو ڕێنمایە ژینگانەی کە لە لایەن ڕێخراوی سروشتی کوردستان ، گۆرانی و موزیک لەگەڵ، چەمکێک هەیە لەسەر قسەکردن لەسەر شارەزوور لە مێژوودا، وە ئەپلیکەیشنی ڕێبەری شارەزوور ئەپلیکەیشنێکی تایبەتە لە لایەن (سەربەست شێخ بورهان)ەوە ئامادەکراوە “.
هێمای بۆ ئەوەشکرد، “لەگەڵ ئەمانەشدا شانۆ و چالاکی تری هونەری و چالاکیەکی وەرزشی، کردنەوەی خولێکی فوستاڵە بۆ خوار تەمەن 12 ساڵ لە لایەن ناوەندی وەرزشی لاوانی   شارەزوورەوە پێی هەڵدەسن “.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *