شارەزوور نیوز :- گەرمیان عوسمان
کۆمپانیا [ خاڵخاڵان ] لە قەزای شارەزوور (۱۰) باڵاخانە کەپێکهاتووە لە (۱۲۰) یەکەی نیشتەجێبوون درووست دەکات بۆ هاوڵاتیانی کەمدەرامەت ، بەڵام بەهۆی وەستانی کارکردن لە پڕۆژەکەدا (۳) باڵاخانەی بە تەواو نەکراوی بەجێدەهێڵێت و (۷) باڵاخەنەی تەواو کراوی تاکوو ئێستا بەچۆڵی ماوەتەوە و بەو هۆیەشەوە زەرەر و زیانێکی ئێجگار زۆر بەر پڕۆژەکە کەوتووە .
یاسین حەمۆمین کە نیشتەجێی نزیک پڕۆژەکەیە گوتی : ماوەی چەند ساڵێکە بەشێکی پڕۆژەکە تەواو بووە و تاکو ئێستا هیچ هاوڵاتییەک سودمەند نەبووە لە پڕۆژەکە و ئەم پڕۆژەیە هیچی بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیان دروست نەکراوە و تەنها چەند بەرپرسێکی حیزبی و حوکمی لێی سودمەند بوون .
وتیشی : پڕۆژەکە پێکهاتووە لە دوو بەش کە بەشی سەرەوە لە (۷) باڵاخانە پێکهاتووە و بەهۆی دابەش نەکردنی بەسەر هاوڵاتیاندا و نەبوونی پاسەوان پڕۆژەکە ڕوبەڕووی زەرەر و زیان و تاڵان کردنێکی زۆر بووەتەوە لەلایەن هاوڵاتیانەوە و بووە بە جێگای مەی خواردنەوە ،و بەشی خوارەوە کە پێکهاتووە لە (۳) باڵاخانە بە تەواو نەکراوی بەجێهێڵدراوە و بووە بە جێگای بەخێو کردنی ئاژەڵ لەلایەن هاوڵاتیانی نیشتەجێی نزیک پرۆژەکە .
ئەم پرۆژەیە لە بەرواری 21/10/ 2013 دەستی پیکردوە دەبوایە تا بەرواری 1/4/2014 تەواو بکرایە بەلام تا ئیستە بەشێکی پرۆژەکە بە تەواو نەکروی ماوەتەوە.