ئەمڕۆ ( ٤ / ٩ / ٢٠١٩)، بەئامادەبوونی بەڕێزان سەرۆکی زانکۆی ھەڵەبجە و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ. نوێنەری حیزب و ڕێکخراو و کەسایەتیی و دامودەستگاکان، میوانان لە دەرەوەی قەزای شارەزوور، مەڕاسیمی کردنەوەی کۆلێژی پەروەردەی شارەزوور بەڕێوەچوو.
کاژێر ١٠ی سەرلەبەیانیی پڕۆسەی پەردەلادان لەسەر کۆلێژ ئەنجامدراو و دواتر میوانان لەھۆڵی شێرکۆ بێکەس پێشوازییان لێکرا.
سەرەتا بەڕێز (د.ئەحمەد میرە) ڕاگری کۆلێژ وتەیەکی پێشکەشکرد و ئاماژەیدا بە ھەوڵ و ماندوبوونی ئەو کەس و لایەنانەی، کە ڕۆڵی بەرچاویان ھەبووە لە کردنەوەی کۆلێژی پەروەردەدا لە قەزای شارەزوور، ھاوکات سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی ھەموو لایەک کرد، لەپای ئامادەبوونیان لە مەڕاسیمی کردنەوەی کۆلێژدا.
دواتر بەڕێز (د.دانا عەبدوڵا) سەرۆکی زانکۆ وتەی سەرۆکایەتیی زانکۆی ھەڵەبجەی پێشکەشکرد، پاشان بەڕێز(حاکم ڕزگار) قائیمقامی قەزای شارەزوور لە وتەیەکدا پیرۆزبایی خۆیانی گەیاندە ستافی کۆلێژ و خەڵکی شارەزوور، ھەر لەوێشدا (٩٠) کتێبی بەخشییە کتێبخانەی کۆلێژ، کە جێگای پێزانین و دەستخۆشییە.
دواتر (کاک سەرتیپ) سکرتێری کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان وتارێکی پێشکەشکرد.