داوای‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ ئه‌و پێگه‌و ماڵپه‌ڕانه‌ ده‌كرێت كه‌ هۆكارن بۆ گرفتی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌

داواكاری گشتی داوای قه‌ده‌غه‌كردنی سه‌رجه‌م ئه‌و پێگه‌ و ماڵپه‌ڕانه‌ ده‌كات كه‌ گرفتی كۆمه‌ڵایه‌تی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌.

سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتیی هه‌رێمی كوردستان داوای قه‌ده‌غه‌كردنی سه‌رجه‌م ئه‌و پێگه‌ و ماڵپه‌ڕه‌ ئه‌لیكترۆنییانه‌ ده‌كات كه‌ به‌كارهێنانیان گرفتی كۆمه‌ڵایه‌تی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌ و شیرازه‌ی خێزان ده‌شێوێنن.

سه‌رۆكی داواكاری گشتیی هه‌رێمی كوردستان داوای له‌ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن كرد كه‌ تۆڕه‌كانی گه‌یاندن و په‌یوه‌ندیكردن پابه‌ندبكات به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی سه‌رجه‌م ئه‌و پێگه‌ و ماڵپه‌ڕه‌ ئه‌لیكترۆنی و سایتانه‌ی كه‌ بابه‌ت و ڤیدیۆ و وێنه‌ی نه‌شیاو بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ و هانی قوماركردن و ئه‌و یارییه‌ ئه‌لیكترۆنییانه‌ ده‌ده‌ن كه‌ ده‌كه‌وێته‌ چوارچێوه‌ی قوماركردنه‌وه‌ و بوونه‌ته‌ هۆكاری تێكدانی شیرازه‌ی خێزان و چه‌ندین گرفتی كۆمه‌ڵایه‌تی لێ كه‌وتۆته‌وه‌.

به‌پێی‌ راگه‌یه‌نراوی سه‌رۆكایه‌تی‌ داواكاری‌ گشتی‌ هه‌رێم، سه‌رۆكی داواكاری گشتیی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن كۆكن له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگی زیاتر بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و پرسه‌ چونكه‌ به‌گوێره‌ی یاسای داواكاری گشتی كارپێكراو له‌ هه‌رێمی كوردستان؛ پاراستنی خێزان یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ركه‌ هه‌ره‌ گرنگ و له‌پێشینه‌كانی ده‌زگای داواكاری گشتی‌ له ‌چوارچێوه‌ی پاراستنی ئادابی گشتی، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا؛ قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌موو ئه‌و ئامرازه‌ په‌یوه‌ندییانه‌ی كه‌ رێگه‌ بۆ دیارده‌ی له‌شفرۆشی خۆش ده‌كات و هه‌موو ئه‌و هۆكارانه‌ی كاریگه‌ری له‌سه‌ر توێژی گه‌نجان دروستكردووه‌.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *