دامەزراندن دەستی پێکرد .. كه‌سوكاری شه‌هیدان و كارمه‌ندانی خۆبه‌خش ئه‌وله‌یه‌تیان پێده‌درێت.

حكومه‌تی هه‌رێم ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه‌ له‌سه‌ر دامه‌زراندنی 284 فه‌رمانبه‌ر بۆ نه‌خۆشخانه‌ی چاره‌سه‌ر به‌ركه‌وتووانی چه‌كی كیمیاوی، SNNیش مه‌رجه‌كان و شێوازی دامه‌زراندنی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ ئاشكرا ده‌كات.

د.خاڵس قادر وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ SNNی راگه‌یاند: ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه‌ له‌سه‌ر دامه‌زراندنی (284) فه‌رمانبه‌ر بۆ نه‌خۆشخانه‌ی چاره‌سه‌ری به‌ركه‌وتووانی چه‌كی كیمیاوی له‌شاری هه‌ڵه‌بجه‌.

وتیشی:” پێنج كه‌س له‌وانه‌ی داده‌مه‌زرێن پزیشكن و ئه‌وانی دیكه‌ش كارمه‌ندی ته‌ندروسی (پزیشكی و كارگێڕی) ده‌بن”.

راشیگه‌یاند: له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا، فۆرمی تایبه‌ت به‌دامه‌زراندنی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ دابه‌شده‌كرێت و مه‌رجه‌كانیش بڵاوده‌كرێته‌وه‌، هه‌ر كه‌سێك ئه‌و مه‌رجانه‌ی تێدا بێت ده‌توانێت داواكاری دامه‌زراندن پێشكه‌ش بكات.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پرۆسه‌ی دامه‌زراندنه‌كه‌ به‌شێوه‌ی كێبڕكێ ده‌بێت له‌نێوان ئه‌و كه‌سانه‌ی داواكاری پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، بۆئه‌وه‌ی دامه‌زراندنه‌كه‌ دادپه‌روه‌ری تێدا بێت.

سه‌باره‌ت به‌مه‌رجه‌كانی دامه‌زراندنیش، د.خاڵس قادر وتی: “تائێستا مه‌رجه‌كان دانه‌نراوه‌، به‌ڵام مه‌رجه‌ گرنگه‌كان ئه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ داواكار، خه‌ڵكی سنووره‌كه‌ بێت”.

وتیشی: “كه‌سوكاری شه‌هیدان و كارمه‌ندانی خۆبه‌خش ئه‌وله‌یه‌تیان پێده‌درێت”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *