شارەزوور نیوز – کاروان کەریم
دوای 26 ساڵ لە حوکمڕانی هەرێمی کوردستان تائێستاش قەیرانی کارەبای هەیە و نەیتوانیوە ڕێگە چارەیەک بدۆزێتەوە بۆ پێدانی کارەبای 24 کاتژمێری بە هاونیشتیمانیان.
کامەران عەبدواللە، بەڕێوەبەری ناحیەی وارماوا بۆ (شارەزوور نیوز) وتی، “بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی بیری لەوە کردەوە کە بڕی دیاری کراو کارەبا بدات بە هاوڵاتیان بۆ ئەوەی لۆدی فیدەرەکان دابەزێت بتوانن چەند کاتژمێرێکی زیاتر کارەبا بدەن بە هاوڵاتیان واتە چەندکارەبا بگەڕێتەوە ئەوەندە کارەبای زیادە بدرێت بە هاوڵاتیان “.
بیرۆکەی دانانی جۆزەی 20 ئەمپێری.
وتیشی، “بیرۆکەی دانانی جۆزەی ٢٠ئەمێری لێرەهات ئەم بیرۆکەیە لە ساڵی ٢٠١٦ گەڵاڵە کرا و لە مانگی ٢ دا ئەوەبو بەڕێوەبەرایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پرۆژەکەیان هەڵوەشاندەوە لە بەر چەند هۆکارێک “.
لە ئێستادا جۆزەی 20 ئەمپێری دەست بەدانانی کراوە لە بەشێک لە شار و شارۆچەکەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، “بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبا بە ڕاوێژ لەگەڵ چەند یاسا ناسێک لەئەنجامدا گەیشتنە ئەو بڕوایەی دابەش کردنی کارەبا لە کاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبا بێت پێویستی بە بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ناکات ئەمەکارێکی هونەری و ئیداریە و خۆیان ئەتوانن بڕیاربدەن چۆن کارەبابدەن بە هاوڵاتیان چەندی بدەنێ بۆیە پڕۆژە کە دوای ئەوە لەچەند شوێنێک کەوتە بواری جێ بەجێکردنەوە “.
ئاماژەی بەوەشدا، “لە سنوری ئێمە فیدەرێک لیدەرەکان کە ١٣ گوندی لەسەرە لەگەڵ کۆمەڵگای نەسر، جۆزەی ٢٠ ئەمێریمان بۆ بەستن لە مانگی ٥ دا کەوتەبواری جێبەجیکردنەوە “.
دانانی جۆزەی 20 سەرکەوتوە.
وتیشی، “ئەتوانم بڵێم تاڕادەیەک سەرکەوتنی بەدەست هێنا چونکە لۆدی فیدەرەکە دابەزی هاوڵاتیش زیاتر سودمەندبوو لە کارەبا و ماوەی پێدانی کارەبای نیشتیمانی کە جۆزەی ٢٠ ئەمپێریمان بۆ داناون زیاترە لە شوێنەکانی تر، هەر چەند ئەویش کارەبای ٢٤ کاتژمێریان نییە، بەڵام ئێمەدواتر ڕەزامەندی لە بەڕێوەبەراتی گشتی بۆ هەموو ناحییەکە و هەموو گوندەکانی تریش وەرگرت بەهۆی ئەوەی ئەو جۆزەی پێشتردامان نابوو جۆزەیەکە خەلەلی تیایە کارەبا لە ٢٠ ئەمپێری زیاتر رادەکێشێت لە بەرئەوە بەرێوەبەرایەتی گشتی کارەبا وتی من جارێکی تر مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە جۆزەیە ناکەین بۆیە پێویستە جۆزەیەکی باشتر بەکوالێتییەکی باشتربێت بۆ ئەوەی مامەڵەی لەگەڵ بکەین، بەهۆی ڕیفراندۆمەکەی ٩/٢٥ فرۆکەخانەکان داخران هەروەهاڕوداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر ئێمە لە لێواری ڕووخان نزیک بوینەوە، ئەمانە کارەکەی دواخست، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبا وتی گرێبەست دەکەین لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک لە جۆزەیەکی کوالێتی باشبێت “.
هێمای بۆ ئەوەشکرد، “ئێستا ئێمە چاوەڕێی ئەوەین ئەوان جوابمان بدەنەوە ڕەزامەندی دەوێت ئەتوانین دەست پێبکەین بە بەستنی جۆزەی ٢٠ ئەمێری لە سنورەکە دەست پێبکەین، لەولاتی ئێمەدا سوتەمەنی وەک پێویست دابین نەکراوە، ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی جیهانی سێیەم بەپێی هه موو پێوەرە نێودەوڵەتییەکان یەکێکە لەوڵاتە دواکەوتووەکان بەڵام گوندێک نەماوە ماڵێک نەماوە لەسنوریاندا لولەی خازی بۆدابین نەکرابێت بەبۆری غاز بە ناو ماڵەکان دابەش بووە بە نرخێکی هەرزانیش ئەم داهاتە نەوتییەی لەم وڵاتەدایە لە هەر وڵاتێکی تربوایە بەشی هاوڵاتی داخراو نەدەبو بەڵکو کراوە دەبوو ئێمە ساڵی بەرمیلێک شیان نادەینێ کە دابەشیشی دەکەن بە بە نرخێکی زۆر بەرز کە لە سعری ڕاستی زۆر نزیکە ئەمە وای کردووە هاوڵاتی ناچاربێت کارەبا بەوشێوەبەکاربهێنێت “.
سالار حسامەدین، بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی بە خەندان-ی راگەیاندبوو، “پڕۆژەی 20 ئەمپێر لە ناوچەكانی بازیان و دوكان جێبەجێكراوە، هەنگاوی دواتر لە سەیدسادق و شارەزوور و قەرەداغ دەبێت، لەو گەڕەكانەی سەر بە بەكرەجۆ-ن دەستپێدەكەین و جۆزەیەیان بۆ دادەنێین”.
رونیشیكردەوە، داوایان لە كۆمپانیاكان كردووە جۆزەی پێویست بۆ قەزاو ناحیەكانی (سەیدسادق، هەڵەبجەی تازە، زەڕایەن، قەرەداغ، تەكیەی كاكەمەند) دابینبكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، “لە رۆژانی داهاتوودا لە شارەزوور پڕۆژەكە دەستپێدەكەین، لە هەر شوێنێك ئەو پڕۆژەیە جێبەجێبكرێت كارەبای نیشتیمانی زیاتر دەبێت، سەرەتا لە شارنشینەكانەوە دەستپێدەكەین پێش گوندنشینەكان چونكە، شارنشینەكان كارەبا زیاتر بەكاردەهێنن”.
بەڕێوەبەری كارەبای سلێمانی وتیشی، “لەئایندەیەكی نزیكیشدا پڕۆژەكە لە گەڕەكەكانی بەشی خوارەوەی سلێمانی جێبەجێدەكرێت”.