بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر ٩ کارمەندانی تەندروستی و پزیشکانی سنوری قەزای شارەزوور لە نەخۆشخانەی گشتی شەهید ڕەووف بەگ گردبوونەوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەیانامەیەکیان ئاڕاستەی حکومەت و پەرلەمانکرد دەقی بەیانامەکە
” ئێمە وەکو کارمەندان و پزیشکانی سنوری قەزاکانی ( سەیدسادق، پێنجوێن، شارەزوور، قەرەداغ، دوکان) ئەمڕۆ 13/11/2019 بۆ دوو مەبەستی سەرەکی گردبووینەتەوە کە بریتین لە:
١- لە بەرواری( 1/1/2019 ) ەوە دەرماڵەی جوگرافیا لە کارمەندان و پزیشکانی سنوری ئەو شوێنانەی لە سەرەوە باسکراون، بڕدراون. ئەم لێبڕینەش پاڵپشت نیە بە هیچ دەقێکی یاسایی، لە کاتێکدا خودی دەرماڵەکە با پێی مادەی (12) لە یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت، ژمارە(22) ی ساڵی 2008 دراوە بە کارمەندانی تەندروستی، بۆیە داواکارین هەرچی زووە بڕیار بدرێت بە سەرفکردنەوەی دەرماڵەی جوگرافیا لەگەڵ قەرەبوو کردنەوەو گێڕانەوەی ئەو بڕەی کە لەو چەند مانگەی پێشوودا بە نایاسایی لێمان بڕدراوە.
٢- ماوەی چەند ساڵێکە کارمەندانی تەندروستی دانەمەزراون و دەرچووان بەشێوەی خۆبەخش لە نەخۆشخانەکاندا دەوام دەکەن و کەم و کوڕیەکانی ناوەندە تەندروستیەکانیان پڕکردۆتەوە، بۆیە داواکارین دامەزراندن بۆ کارمەندانی تەندروستی بکرێتەوەو کارمەندانی خۆبەخشی نەخۆشخانەکان بکرێنە کارمەندی فەرمی.
لەم بارەیەوە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین وەڵامی داواکاریەکانمان بدەنەوەو مافەکانمان بۆ بگێڕنەوە، بە پێچەوانەوە لە سەرجەم بنکەو ناوەندە تەندروستیەکاندا مانگرتنی تەواوەتی ڕادەگەیەنین”.
13/11/2019
لەگەڵ ڕێزماندا
کارمەندانی تەندروستی
لەگەڵ ڕێزماندا
کارمەندانی تەندروستی