داواکاری خۆپیشاندەرانی ئەمڕۆی قەزای شارەزوور .


داواکارییە گشتییەکان، کە ئاڕاستەیان ڕووبەڕووی دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمە و پەیوەندییان بە دۆخی گشتیی هەرێمەوە هەیە/


١- شکۆ بگەڕێنرێتەوە بۆ پەڕلەمان، دەسەڵاتە خۆجێییەکان و لەسەروو هەمووشیانەوە مرۆڤی ئەم هەرێمە. گەر پەڕلەمانێکی چالاک و چاودێری ڕاستەقینە هەبێت، دۆخی تاکەکانی ئەم گۆمەڵگایە بەم جۆرەی ئێستا نەدەبوو.


٢- دۆخی دژوارکراوی ئابوری لەسەر خەڵک ئاسایی بکرێتەوە و چیدی دەس لە دزینی قووتی گەل هەڵبگیرێت.

٤- موچەی موچەخۆران، کە سەرچاوەی ڕاستەوخۆی ژیانی بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیانی هەرێمە و بە ناڕاستەوخۆش سەرچاوەی جووڵەی ئابوریی بازاڕیشە فەراهەم بکرێت لەپێناو ئاسایی بوونەوەی ژیانی تاک و گشت.

٣- گێڕانەوەی داهاتی گشتی بۆ خزمەتی گشتی و کۆتایهێنان بە مۆنۆپۆڵکردنی ئابوریی هەرێم لە خزمەتی حیزب و خێزاندا.

٦- بڕینی مووچەی بندیوارە حیزبی و حکومییەکان، دوو مووچە و سێ مووچە و خانەنشینە نایاساییەکان و گێڕانەوەی بۆ ئەو سەدان دەرچووەی زانکۆ و پەیمانگاکان، کە هێشتا بەهۆی سیاسەتی هەڵەی سیاسییەکانمانەوە ئاسۆی داهاتوویان تاریکە.

٥- دامەزراندنی گەنجان لەو داهاتەی چەند کەسێکی دیاریکراو نەبێت کەس نازانێت ئەچێتە گیرفانی کێ، یان پێشخستنی کەرتی تایبەت و دەستەبەرکردنی هەلی کار بۆیان.

٧- گێڕانەوەی مووچەی بەناحەق خوراوی موچەخۆران و نەهێشتنی ئەو جیاوازییە زۆرەی نێوان مووچە جۆراوجۆرەکان.

١- داواکارین داواکاری گشتی قەزاکە چالاکانە لە خەمی گشتیی سنورەکەدا بێت و بوێرانە بتوانێت دەست بۆ تەجاوزاتە هەمەچەشنەکان بەرێت، کە دەکرێنە سەر موڵکی گشتی، چونکە ئەرکی بەڕێزیان ئەمانەتێکی گەورەی دینی و دونیاییە.

٨- دادگاکان شکۆی خۆیان بۆ بگەڕێتەوە بۆ دادگاییکردنی مشەخۆرانی سەر خانەخوێی گەل و بەسزا گەیاندنیان.

داواکارییە تایبەتییەکان، کە ئاڕاستەیان بەرەوڕووی یەکە کارگێڕییەکانی ستورەکەمانە و بریتن لە/

٢- لەبەرئەوەی بڕی ئەمپێری کارەبای سنوورەکمان سنوردارە، داوا دەکەین لە هەر بیست و چوار کاتژمێرێکدا لە بیست کاتژمێر کەمتر کارەبا نەدرێت بە هاوڵاتییان.

٣- ساڵانە سنوری قەزاکەمان لەکاتی وەرگرتنی بەشە سوتەمەنیدا شپرزەییەکی زۆری پێوە دەبینرێت، ڕەنگە ئاسایی بێت بڵێین تا ئاستی بەرەڵایی دەچێت، بۆیە ڕووی دەممان لە یەکەی ئیدارییە و دەبێت ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ ڕێکخستن و کۆتایهێنان بەو مەهزەلە و ئابڕووبەرییە، ڕەنگە بیانوو کەمیی بڕی سوتەمەنی و پچڕپچڕی بێت لە هاتنیدا، بەڵام دەکرێ بۆ ئەو بڕە کەمەش ئالیەتی پێویست وەبەربگیرێ.

٤- هەندێک لە سنوری ناحیە و قەزاکەشمان تا ئێستا بێ خزمەتگوزاری ئاو و ڕێگەوبانن، داواکارین لایەنی بەرپرسیار لەو دۆخە، هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردن ڕونکاتەوە و هۆکاری ئەو کەموکورتییە دیاری بکرێت.

٥- پڕۆژەی تۆڕی ئاوی ناو سەنتەری قەزای شارەزوور، کە بڕی زیاتر لە دوو ملیار دیناری بۆ خەرجکراوە، پڕۆژەیەکی بێکەڵک و لاوازە، داواکارین لایەنی بەرپرس بە هاوکاری داواکاری گشتی هۆکارەکان و لایەنی کەمتەرخەم دیاری بکەن تا سزای پێویست وەرگرێت.
٦- سنورەکەمان یاریگایەکی وەرزشیی حکومی نییە. پێش چوار ساڵ دەرخستەکرا بۆ دروستکردنی یاریگایەکی تۆپی پێ و زەویشی بۆ دابینکرا و تەنانەت نزیکبوو لەوەی بدرێتە کۆمپانیای جێبەجێکار، بەڵام تا ئێستا چارەنووسی نادیارە. داوا دەکەین هۆکارەکەیمان بۆ ڕوون بکەنەوە.

دەستەی ناڕازیی شارەزوور و زەڕایەن

باشترە داخوازییەکانمان بەهەند وەرگرن و مۆڵەتتان دەدەین بۆ جێبەجێکردنیان، کە بریتی دەبێت لە سی (٣٠) ڕۆژ. بەپێچەوانەوە دوای کۆتاییهاتنی مۆڵەتەکە و نەبوونی وەڵام لەلایەن بەرپرسانی سنوورەکەوە، هەڵوێستی زۆر جددیمان دەبێت.

دنیایەک ڕێز و پێزانینمان هەیە بۆ بەدەمەوە هاتنتان.




وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *