شارەزوورنیوز – کاروان کەریم
کتێبخانەی گەڕۆکی ئەندێشە گەیشتە قەزای شارەزوور و بە داشکاندنی نرخ و دیارییەکانی، خوێنەرانی قەزاکەی ئاشنای چەندین کتێبی جۆراجۆر کرد.
لەسەرەتای مانگی ١١ ی ساڵی ڕابردووەوە کتێبخانەی ئەندێشە بۆ فرۆشتنی کتیبەکانی بە ناوچەکانی باشوری کوردستان-دا دەگەڕێندرێت و ئەمڕۆش بەدروشمی “بێ کتێب ژیان وەک چۆڵەوانییەکی گەورەیە” گەیشتە قەزای شارەزوور-ی سەر بە پارێزگای سلێمانی.
لەبارەی بیرۆکەی ئەو کتێبخانە گەڕۆکەوە، وشیارعەلی، کارمەندی ئەندێشە بە شارەزوورنیوزی ڕاگەیاند: بیرۆکەی ناوەندی کتیبخانەی ئەندێشە بوو، ئەم ڕێگایە وا دەکات کتێب بگاتە هەموو شار و شارۆچکە و ماڵەکان بێ جیاوازیی.
وشیار عەلی، ئاماژەی بەو ئاسانکارییانە کرد، کە بۆ خوێنەرانیان کردووە و وتی: ٣٠% داشکانمان بۆ کتێبەکانمان کردووە، لەگەڵ کڕینی هەر کتێبێکیشدا، کتێبێک وەک دیاریی دەدەینە کڕیارەکە، هەوەها بەردەوام سەرچاوەی نوێ دەخەینە ناو کتێبخانەکەمان، بۆیە هەرکەسێک سەردانی ئێمە بکات ئەگەرخوێنەر بێت ناتوانێت بێ کتێب بچێتە دەرە.
وشیار عەلی، وتیشی: ئامانجی سەرەکی ئێمە ئەوەیە، کە خوێندنەوە بکەینە کلتور، بۆیە بەردەوام سەردانی ئەو شوێنانەش دەکەینەوە، کە پێشتر سەردانمان کردوون.
بەرزان تاهیر، خوینەرێکی دانیشتووی قەزای شارەزوورە، کە بۆ کڕینی کتیب سەردانی کتیبخانەکەی کردبوو، بە شارەزوورنیوزی ڕاگەیاند: زۆر پێویستە ئەم جۆرە کتێبخانانە لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستاندا هەبێت، چونکە ئەوکتێبانەی دەگمەنن، لیرە بە ئاسانیی و بە نرخێکی کەم دەستمان دەکەوێت.
جێگای ئاماژەیە، کتێبخانەی گەڕۆکی ئەندێشە، کە ٨٠٠ ناونیشانی کتیبی هەڵگرتووە، تەنیا ئەمڕۆ لە قەزای شارەزوور مایەوە و بڕیارە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی باشوری کوردستان بەسەر بکاتەوە.
سەباح لەتیف، خوێنەرێکی دیکەیە و پیشەی مامۆستایە، ئاماژەی بە گرنگیی کتێبخانەی گەڕۆک کرد و بە شارەزوورنیوزی وت: قەزا و ناحیەکان کتێبخانەی گونجاوی تێدا نییە و هەموو کتێبێک دەستناکەوێت، بەڵام لەم کتێبخانەدا خوێنەر دەتونێت بەدەستی بخات.
گوتیشی، لە بەردەوامییدا وتی: لێرە داشکاندن بۆ کتێبەکان کراوە، ئەمەش ئەو بەربەستە لەبەردەم خوێنەر لادەبات، کە کێشەی ئابووریی بۆی دروستکردووە.